کورد لە دەوری خوارەزمی و ئیلخانی (مەغۆل)دا

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 12 خولەک  1073 بینین

ئەلف) کوردانی کەژ و کێوی زاغرۆس لە ٦١٤ی هیجریدا (١٢١٧ی میلادی)، تووشی ئیستیلا و تەخریبی خوارەزمییەکان بوون. سوڵتان محەمەدی خوارەزمی ئۆردوویەکی ناردبووە سەر خەلیفەی عەباسی کە «ناسرودینەڵڵا» بووە. ئەم ئۆردووە بە تەبیعەت، ئەووەڵەن لەگەڵ کورددا تێک ئاڵا. لە بەینی هەمەدان و کرمانشاهدا تووشی سەرما و سۆڵەیەکی بەشیددەت بوو و لە وەقتی شپرزەییدا کوردانی بەنی‌حەکار و تورکمانی ئەو ناوە هەڵیانکوتایە سەریان و زۆریان لێ کوشتن و بێجگە لە سوڵتان محەمەد و جوزئێ قووەتی، ئۆردووەکەی مەحو بووەوە (الکامل، جڵدی ١٢). کوڕی سوڵتان محەمەد کە جەلالەدین بوو، لە دوای مەغلووبەتێکی زۆر لەگەڵ پاشماوەی ئۆردووەکەی لە هەمەدانەوە ڕووی کردە تەڕەفی عێراق و لە دوای تاڵان و وێرانکردنی ئەتڕافی «بەدرە» و «بەعقووبە» و تەخریبکردنی قەڵای «داقوقا» و کوشتارێکی زۆر لە خەڵکی ئەم وڵاتانە، ڕووی کردە هەولێر. بەڵام حاکمی هەولێر، مزەفەرەدین کۆکبری، بە حوسنی تەدبیری خۆی گێڕانیەوە دواوە. لە دواییدا جەلالەدین ڕووی کردە ئازەربایجان، ئەووەڵەن مەراغەی گرت و لە ساڵی ٦٢١ی هیجریدا تەبرێزیشی زەوت کرد و لە دوای سەفەری گورجستانی لە ٦٢٥دا هاتە سەر شاری خێلات (ئەخلات) و چەند دەفعە تەزییقی کرد، بەڵام ئەهالییەکەی بە هیممەتی حاکمی ئەیووبی، حاجب حیسامەددین مقاوەمەتێکی بێ‌ئەمسالیان نواند و جەلالەددین بە مەئیووسی گەڕایەوە. لەم شەڕ و دەعوایەدا وڵاتی خێلات و لە هەرای بەینی عیماددەدین و نوورەددیندا ئەترافی عیمادییە و زۆزان (؟)، خولاسە کوردستانی شیمالی و جنووبی زەرەرێکی زۆری دی و ئەم حاڵە بوو بە سەبەبی ئەنواعی موسیبەتی تر، مەسەلەن گرانییەک پەیا بوو زۆر خەڵق لە برسانا مرد (الکامل، جڵدی ١٢).

لە ساڵی ٦٢٦ی هیجریدا جەلالەددینی خوارەزمشاه دیسان هاتە سەر خێلات و موحاسەرەی کرد و لە پاشدا بە سەر «مووش»دا تا چیای جوودی چوو و ئەم گوزەرگاهەی سەرلەنوێ وێران کرد و ئەنواعی زوڵم و شەناعەتی کرد. ئەهالی بە نەوعێ چاوی ترسا کە بەشێکی مناسبی وڵاتەکەی بەجێ هێشت و چوو بۆ ئەتڕافی حەلەب. حاکمی خێلات، حاجب حیسامەددین کە لە تەڕەف مەلیک عادڵی ئەیووبییەوە تەعیین کرابوو و لە موحاسەرەی جەلالەددیندا بوو، حەقیقەتەن جەسارەت و مەتانەتێکی بێ‌ئەمسالی نواند، خیلافی مەئموول لە تەڕەف مەلیک ئەشرەفەوە عەزل کرا و عیززەددین ئیبیک بە ناحەق کوشتی. جەلالەددین لە دوای وەفاتی حیسامەددین دیسانەوە هاتە سەر خێلات و لە پاش نۆ مانگ موحاسەرە زەوتی کرد و هەموو ئەهالی و مودافیعینی کوشت و زۆر موعامەلەی ڕەزیلانەی دەرحەق ژن و منداڵ کرد. لە ساڵی ٦٣٧ی هیجریدا جەلالەددین بەرامبەر بە عەلائەددین کەیقوباد، سوڵتانی ڕۆم و مەلیک ئەشرەفی ئەیووبی، مەلیکی شام مەغلووب بوو. لەم شەڕەدا قۆماندانی ئۆردووی شام یەعنی ئۆردووی مەلیک ئەشرەف، عیززەدین عومەر کوڕی عەلی لە عەشیرەتی حەکاری بوو. لەم شەڕەدا ئۆردووی جەلالەددین خراپ شکا و پەرێشان بوو و تا «خۆی» ڕەجعەتی کرد و لە پاشدا بە ناعیلاجی سوڵحی کرد.

لە ساڵی ٦٢٨ی هیجریدا ئۆردووی تاتار تەنگیان بە جەلالەددین هەڵچنی، ئازەربایجانیان لە دەس سەند و جەلالەددین بە مەئیووسی گەڕایەوە دەوری خێڵات و ئیتر مەیلی شەڕی نەبوو و عادەتەن لە ترسی تاتار خۆی هاویشتە ناو کوردان و وڵاتی کوردان، کە چەند دەفعەیەک وێران و تاڵان کردبوو و بە ئەنواعی زوڵم و ڕەزالەت و وەحشەت و شەناعەتی خۆی عالەم لەعنەتی لێ ئەکرد. خولاسە ئەم حوکمدارە لە خوا نەترسانە بە حاڵێکی سووک و تڕۆوە تا دەوری دیاربەکر هات و لەوێش تاتار فرسەتیان نەدا و دەوریان گرت و تاڵان و کوشتارێکی زۆریان لە ئۆردووەکەی کرد و بڵاوەیان پێ کردن و ئەم ئۆردووە بەدئەفعال و بەدبەختە پارچە پارچە لە تەڕەف عەشائیری زوڵم‌دیدەوە مەحو کرایەوە و بەعزێکیشی دەخالەتی کردە عەلائەددین کەیقوبادی سەلجووقی، حاکمی قۆنیە، بەڵام وڵاتی کوردستان هێشتا نەجاتی نەبووبوو لە ڕووی جەلالەددینەوە وڵاتی دیاربەکر و ئەو ڕێگەیەی کە لە بەڵای جەلالەددین نەجاتیان بووبوو بەشێکیان لە تەڕەف تاتارەوە مەحو کرانەوە، لە شاری دیابەکردا زیڕۆحیان نەهێشت و ئەگەر عەشیرەتی کریشیەی کورد ڕێگەی پێ نەگرتنایە و ڕوویان پێ وەرنەگێڕانەیەوە، کەسیان لەو وڵاتەدا نەئەهێشت. واقیعەن جێگەی ئەسەفە کە قۆڵێکی تاتار لە ڕێگەیەکی ترەوە تا ماردین و نەسیبین هات و ئەو ناوەشی وێران کرد. قۆڵێکی تریشی لە ئازەربایجانەوە ویستی بێتە سەر هەولێر؛ حاکمی هەولێر و مووسڵ لە داقوقادا ئۆردوویان حازر کرد و خەلیفەش جوزئێ معاوەنەتێکی کردن، بەڵام چاک بوو کە تاتار نەهاتە سەریان.

بێینە سەر باسی جەلالەددین؛ لە دوای ئەمە کە ئۆردووەکەی بڵاوەی کرد و کەسی لە دەور نەما، ناچار خۆی هاویشتە ناو خێڵێکی کورد (٦٢٨ی هیجری) و بە گوێرەی ڕیوایەت کوردێک کە زۆر زوڵم و خراپەی لێ دیبوو و لە شەڕی ئەخلاتدا برایەکی لە تەڕەف لەشکری جەلالەددینەوە کوژرابوو، بەبێ خەبەری خانەخوێکەی کوشتی {fn|تاریخی گوزیدە ئەڵێ جەلالەددینی خوارەزمشاە لە ئاخیری ئەییامیدا زۆر موبتەلای شەرابخۆری بووبوو، حەتا لە وەقتی کوژرانیشیا مەست بوو. نوورەددینی مونشی، دەرحەقی ئەم ڕوباعیەتەی گوتووە:

شاها ز می کران چە بر خواهد خاست / وز مستی بی‌کران چە بر خواهد خاست / شه مست و جهان خراب و دشمن پس و پیش / پیداست کە زین میان چە برخواهد خاست} و بەم تەرحە ئەم حوکمدارە زاڵمە لە نیوەی شەووالی ٦٢٨ی هیجریدا لە ناو چوو (جوەینی، محەمەد ئەلقەزوینی، الکامل).

موسیبەتی ئەم جەلالەددینە بۆ کورد زۆر گەورە بوو و هاتنی تاتاریش بەتایبەتی لە ڕووی ئەم زاڵمەوە بوو. وڵاتی دیاربەکر، ئەرزن، میافارقین، سعرد، خێلات، ماردین و نەسیبین بە تەواوی وێران بووبوو و بەقییەی ئەهالییەکەی بەعزێکیان خۆیان کێشابووە ناو کەژ و کێو و بەشێکیشی ڕوویان کردبووە وڵاتانی تر و وەتەنەکەیان چۆڵ کردبوو. خولاسە زەرەری ماڵ و ڕۆحی کورد لە غایەت بەدەر بوو.

جەلالەددین خوارەزمشاە ئەگەر ئەوەندە زاڵم و خوێنخۆر و بەدخوو نەبوایە، بە جورئەت و ئازایەتیی خۆی دەیتوانی [خۆی] لە لای کوردەکان خۆشەویست بکا و بۆ حەقسەندنی خۆی لە تاتار ئیستیفادە لە قووەتی کورد بکا. بەڵام زوڵم و شەناعەتی و باخسووس ئەخلاق و ئەتواری لە لایەکەوە بووە سەبەبی مەحوبوونەوەی خۆی و لە لایەکی تریشەوە کوردستانی بە وێرانی دا و قەومی کوردیشی تووشی ماڵوێرانی و سەرگەردانی کرد.

لە ساڵی ٦٤٥دا وڵاتی شارەزوور و لە ٦٥٠شدا دەفعەی دووەم، مەنتیقەی دیاربەکر لە ژێر زوڵم و تاڵانی مەغۆلدا پەرێشان بوو. لە ساڵی ٦٤٨ی هیجریدا سوڵتان بەدرەددین لۆءلۆئی حاکمی مووسڵ بە بەهانەی حەقسەندنی کچەکەی، لەشکری کردە سەر مەلیک مەسعوودی حاکمی جەزیرە، کە ئاخر سەلالەی ئەتابەکەکان بوو و وڵاتەکەی لە دەس داگیر کرد و مەلیک مەسعوودیشی مەحو کردەوە.

حکوومەتی ڕەسوووڵی (تەغر)، لە ئیعتباری ساڵی ٩٢٦ی هیجرییەوە لە سەنعاءدا بە تەواوی جێگیر بوو، زۆری ئومەرا و مەئموورینی گەورە و حەتا بەعزێ لە ئەمیرەکانیشی کورد بوون و لە دەوری ئەیووبییەوە مابوونەوە (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام، جڵدی ٤، لاپەڕە ١٥١).

ب. لە هەرا و دەعوای دەوری ئیلخانی (مەغۆل)دا زۆر کەم باسی کورد کراوە، لەمە وا دەرئەکەوێ کە کورد کە لە موحارەبات و غەزەواتی دەوری ئەیووبیدا ئەوەندە شۆرەتی سەندبوو، لەم دەورەدا مومکین نەبووە کە لە دژی ئیدارەی ڕەئیسێکی گەورەی وەکوو سوڵتان سەلاحەددین ئیتحاد بکا و بەربەستی موسیبەتی جەلالەددین و لافاوی مەغۆل بکا و تەفرەقە و نیفاقی ناو خۆی مانعی یەکێتی و مقاوەمەتێکی تاریخی بووە و بە مەجبووری خۆی کێشاوەتە کەژ و کێوە سەختەکانی و ئینتیزاری دەفعبوونی بەڵای مەغۆلی کردووە.

لە دوای فاسیلەی چوار پێنج ساڵێک موسیبەتی هۆلاکۆ ڕووی کردە کوردستان و عێراق. مەلیک بن تودان کە باوکی مەشهوور «ئەمیر چووبان» و قۆماندانی پێشداری ئۆردووی مەغۆل بوو، لە مەبادیی ساڵی ٦٥٥ی هیجریدا ڕووی کردە هەمەدان و کوردستانی ئێرانی کە مەرکەزەکەی «بەهار» بوو زەوتی کرد و لە عەینی ساڵا، هۆلاکۆ ڕووی کردە بەغدا. بە تەبیعەت کرمانشاه لە سەر ڕێگە بوو، تووشی قەتڵ و تاڵانێکی زۆر بوو، قووەتێکی تری مەغۆل ڕووی کردە هەولێر، حاکمی ئەم قەڵایە کە تاجەددین سالابا بوو، ویستی ئیتاعەتی مەغۆل بکا، بەڵام مودافیعینی قەڵاکە کە کورد بوون ئیتاعەتیان نەکرد و مودافەعەیەکی ئازایانەیان کرد. لە دواییدا بەدرەددین لۆءلۆء حاکمی مووسڵ لەگەڵ مەغۆل ڕێک کەوت و لە موحاسەرەی قەڵاکە یاریدەی دان و بەم تەرحە هەولێر لە پاش بەینێک کەوتە دەس مەغۆل.

لە دوای سقووتی بەغدا و ئینقیرازی خەلافەتی عەبباسییە، ئەهلی شارەزوور و بەعزێ جێگەی تر وڵاتەکانیان بەجێ هێشت و هیجرەتیان کردە تەڕەفی سووریە و میسر (D. Ohssun)، زۆر موحتەمەلە کە بوونی دوو عەشیرەتی کورد وەکوو «لادین» و «بادین» لە جەزائیردا نەتیجەی ئەم موهاجەرەتە بێ (ئیبنی خەلدون، تاریخی بەربەر).

هۆلاکۆ لە ساڵی ٦٥٧ی هیجریدا لە تەورێزەوە ڕووی کردە سووریە و ئۆردووی مەغۆل لە ڕێگەیانا وڵاتی حەکارییان سەرلەنوێ وێران کرد و هەر کەسێکیان چنگ کەوت کوشتیان. لە جەزیرە، دیاربەکر، میافارقین و ماردیندا تەخریبات و قیتالی مەغۆل لە حەد و حیساب بەدەر بوو.

لە دوای وەفاتی حاکمی مووسڵ، بەدرەددین لۆءلۆء، کە تابعێکی سادقی مەغۆل بوو، کوڕەکەی کە ناوی مەلیک ساڵح بوو هاتە جێگەی، بەڵام ئەوەندەی پێ نەچوو بە قسەی براکەی، تەفرەی خوارد و مووسڵی بەجێ هێشت و چووە ژێر حیمایەی مەلیکی میسر، لە سەر ئەمە قووەتێکی مەغۆل لە جەزیرەی ئیبنی عومەرەوە هاتە سەر مووسڵ و مودافعینی مووسڵ کە عیبارەت بوون لە کورد و تورکمان و شول ، لە ژێر ئیدارەی عەلەمەددین سەنجەردا شەڕێکی باشیان لەگەڵ مەغۆلەکان کرد.

لە سووریەشدا کورد لەگەڵ ئۆردووی مەملووکدا بەرامبەر بە مەغۆل گەلێ شەڕی کرد، حەتا سوڵتانی میسر، بیبرس، لە کاغەزێکیدا کە بۆ سەرداری مەغۆل، خان‌بەرەکەی نووسیوە فەخری بە زۆری و شەڕکەری ئۆردووەکەیەوە کردووە کە عیبارەت بووە لە تورک و کورد و عەرەب.

لە دوای شکانی مەغۆل (٦٨٠هـ / ١٢٨١ م) یەکێ لە ئومەرای عەسکەرییەی ئیسلام، بەینی تورکمان و کوردی باش کرد و بەشێکی بردنە تەڕەفی «کیلیکیا» و لەوێ دایمەزراندن و لە جوملەی عەجائیباتە کە خیلافی دوشمنایەتی کورد و مەغۆل، بەعزێ لە کوردانی فارس لەگەڵ مەغۆلەکان موتتەفیق بوون و لە زەمانی ئۆلجایتووخانیشدا ئەو ئۆردووی مەغۆلە کە لە ٧٠٦ی هیجریدا «گێلان»ی زەوت کرد، بەشێکی کورد بووە.

لەم دەورەدا وڵاتانی کورد بە تەبیعەت لە تەڕەف ئومەرای مەغۆلەوە ئیدارە کرا و لە بەعزێ جێگا وەکوو هەولێر و مووسڵ شەڕ و شۆر زۆر دەوامی کرد. لە ئۆردووی مەغۆلدا بەعزێ گاور هەبوو، کە «کەیاجی»یان پێ ئەگوتن و بەشێ لەمانە کە لە جوملەی موحافزینی هەولێر بوون بەرامبەر بە ڕەئیسەکەیان، زەینەددین بالوو عوسیانیان کرد و لەگەڵ کورد و عەرەبی ئەو ناوەش کە موتتەفیق بوون تێکچوون. ئەم هەرایە لە ١٢٩٧ی میلادییەوە تەقریبەن سیانزە ساڵێک دەوامی کرد و مەغۆلەکان لە دواییدا بە هەزار حاڵ گاورەکانیان لە قەڵای هەولێر کردە دەرەوە و حەتا لە وەقتی موحاسەرەدا مەغۆل تەڵەبی تارییەی لە کورد کرد، بەڵام ڕەئیسی کوردەکان نەیویست کە مودافعینی هەولێر قەتڵ و عام بکرێن، لە بەر ئەوە یارییەی نەدان (تاریخی ماریا بالاجا، پاریس، ١٨٩٥).

بەینی هەولێر و مەراغە بۆ ئۆردووی مەغۆل عادەتەن بووبوو بە شەقام، هاتوچۆیان ئەکسەر بەم ڕێگەدا ئەکرد و زاتەن بەشی تەرەفی «ئۆشنۆ» و «سابڵاخ»يش لە ژێر ئیدارەیانا بوو. لە دەوری سەڵتەنەتی ئۆلجایتووخاندا مەرکەزی وڵاتی کوردستان لە «بەهار»ەوە نەقڵی «سوڵتان‌ئاباد» کرا و ویسعەتی ئەم وڵاتە لە «نزهة القلوب»دا نیشان دراوە، بەڵام هەموو لایەکی وێران و خاڵی بووە، بە دەرەجەیەکی وا کە واریداتی تەقریبەن عوشری واریداتی دەوری سەلجووقی بووە.

لە وەقتی لەناوچوونی دەوڵەتی ئیلخانیدا دوو خانەدانی مەغۆل لەگەڵ یەکدا لە ڕەققە بەرپا بوون، گەورەی یەکێکیان «سوڵدوز» و ئەوی تریان «جەلایر» بوو. لە دواییدا لە ساڵی ٧٣٨ی هیجریدا بەقییەی وڵاتانی مەغۆل، لە تەڕەف ئەو دوو خانەدانەوە لە بەینا بەش کرا. کوردستانی ئێران و خووزستان کەوتە بەر خانەدانی سوڵدوز کە کوڕانی ئەمیر ئاکرنج بوون، لە ٧٨٤- ٧٨٥دا ئەمیر بایەزیدی جەلایری مڵکێکی گەورەی بۆ خۆی پچڕی و ئەمەش لە خاریجی کوردستانی ئێرانی و عێراقی عەجەم بوو (لان پۆل دوسمان).