کورد لە دەوری ئەتابەکاندا

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 9 خولەک  665 بینین

بەشێکی ئەم ئەتابەکانە لە کوردستان {fn|ئەتابەکانی کوردستان وەکوو لە خوارەوە نیشان دراوە، پێنج حکوومەتە:

١. ئەرتقیە (ئەرتکیە): موئەسیسەکەی «ئەرتق» غوڵامی مەلەکشاهە و لەساڵی ٤٩٥ی هیجریدا لە «حەسەنکێف»دا دامەزرا. لە دواییدا (ساڵی ٥٠٢) بوو بە دوو قۆڵ: حەسەنکێف و ماردین؛ بەشی ئەووەڵ لە ٦٢٠دا و دووەم لە ٨١١دا لە تەڕەف حکوومەتی قەرەقۆیۆنلووەوە مەحو کرایەوە.

٢. شاهی ئەرمەن: ئەم حکوومەتە لە ٥٨٣ی هیجری لە تەڕەف «سوکمان قوتبی» غوڵامی قوتبەددین ئیسماعیلی سەلجووقی حاکمی تەورێزەوە لە ئەخلاتدا دامەزرا و لە ٦٠٤دا لە تەڕەف حکوومەتی ئەیووبییەوە مەحو کرایەوە.

٣. زەنگەنە: لە مووسڵدا لە تەڕەف عیماددەدین زەنگی ئیبنی ئەقسەنقری، غوڵامی مەلەکشاهەوە لە ٥٢١ی هیجریدا دامەزرا و زۆر تەوەسوعی کرد و چەند قۆڵێکی لێ پەیا بوو:

ـ قۆڵی مووسڵ تا ٦٦٠ی هیجری دەوامی کرد و مەغۆل مەحوی کردەوە.

ـ قۆڵی سووریە لە ٥٧٧ی هیجری لە تەڕەف حکوومەتی ئەیووبییەوە مەحو کرایەوە.

ـ قۆڵی سنجار لە ٥٦٦دا دامەزرا و لە ٦١٧ لە تەڕەف ئەیووبییەکانەوە لە ناو برا.

ـ قۆڵی جزیرە لە ٥٧٦دا دەسی پێکرد و لە ٦٤٥ی هیجریدا ئەیووبییەکان لە ناویان برد.

ـ قۆڵی هەولێر لە ٥٣٩دا دامەزرا و لە ٦٣٠دا ئەیووبییەکان لە ناویان برد.

٤. ئەتابەکی ئەرزنجان: لە ٥٣٦دا لە تەڕەف ئەمیر «ئیلدکز»ەوە دامەزرا و تا ٦٢٢ دەوامی کرد و لە تەڕەف خوارەزمییەکانەوە مەحو کرایەوە.

٥. ئەتابەکی لوڕستان: لە ٥٤٣دا لە تەڕەف کورد «ئەبو تاهیر»ی قۆماندانی ئەتابەکی فارسەوە تەئسیس کرا و تا ٨٢٧ی هیجری دەوامی کرد و لە تەڕەف تەیمووری لەنگەوە مەحو کرایەوە. (تاریخ الامم الاسلامیة، جڵدی ٢)} و ئەتڕافیا حکوومەتیان دامەزراندووە و گەلێ ئیشیان تیا کردووە، لە بەر ئەمە لەگەڵ تاریخی کورد و کوردستانا زۆر مناسەبەتیان هەیە. لە حوکمدارانی ئەم خانەدانە، «عیمادەدین زەنگی»، گەلێ جار وڵاتانی کوردی زەوت کردووە و لەگەڵ کوردا شەڕ و هەرای بووە. لە ساڵی ٥٢٨ی هیجریدا (١١٣٤ی میلادی)، شاری «تانزا»ی کە لە قەراغی چەپی ئاوی «بۆهتان» بوو، زەوت کرد و خۆی بیلزات لەگەڵ «تەیموور تاش»ی حاکمی ماردین چوونە سەر دیاربەکر و موددەتێک موحاسەرەیان کرد، بەڵام نەیانتوانی زەوتی کەن و بەجێیان هێشت. هەر لەم وەقتەدا قووەتێکی تریشی ناردە سەر عەشیرەتی حەمیدییە و بەعزێ قەڵای وەکوو عەقر، شووش ... الخی لێ زەوت کردن، سەبەبی ئەم حەرەکەتەی عیمادەدین ئەمە بوو کە ئەم عەشیرەتە لە ژێر ئیدارەی ڕەئیسەکەیان ئەمیر عیسادا و لە موحاسەرەی مووسڵدا یارییەی خەلیفەی عەباسی، «ئەلموستەرشەد»یان دابوو.

حاکمی هەولێر و ئاشیب و ئەو ناوە کە ئەبو ئەلهەیجا کوڕی عەبدوڵڵا بوو، چووە مووسڵ لای عیمادەدین و لەوێدا مایەوە تا وەفاتی کرد. لە دوای ئەبو ئەلهەیجا لە بەینی واریسەکانیا شەڕ و دەعوا هەڵگیرسا و عیمادەدین ئەمەی کرد بە وەسیلەی موداخەلە و شاری ئاشیبی لێ داگیر کردن و قەڵاکەی ڕووخاند (٥٣٧ی هیجری) و لەم هەرایەدا زۆری لە ئومەرا و ئاغایانی کورد کوشت و بەرەبەرە قەڵاکانی تری خانەدانی ئەبو ئەلهەیجای زەوت کرد، موڵکی حەکاری و شاخانی زۆزان و جیبالی سوور و هەروور و شەعبان و ڕەبیە ... الخ یەکە یەکە هێنایە ژێر حوکمی خۆی (الکامل، جڵدی ١١، لاپەڕە ٦). عیمادەدین لە پاش بەینێک «قەڵای جالابیش»ی زەوت کرد و لە پاش تەعمیراتێک بە ناوی خۆیەوە ناوی نا «عیمادیە» .

عیمادەدینی زەنگی لە ساڵی ٥٣٤ی هیجریدا وڵاتی شارەزووریشی لە «ئەمیر قپچاق»ی کوڕی ئەرسەلان تاش زەوت کرد و لە ٥٣٧دا قووەتێکی ناردە سەر حەکاری و قەڵای شابانی زەوت کرد و تەعمیری کردەوە و لە ساڵی دواییشدا ئیرون و خێزان و سەعرد و حیسن ئەلدوق و حیسن زیلقەرنەین و بەعزێ قەڵای تری داگیر کرد و لە دەوری ماردینیش بەعزێ جێگەی تری گرت و دووبارە چووە سەر دیاربەکر و موحاسەرەی کرد.

حاکمی «ڕابیە» و «عەکا» (= ئەلک)، میرعەلی، بە ئارەزووی خۆی تابعییەتی عیمادەدینی قەبووڵ کرد و لە دوای بەینێکی تر لەشکرێکی ناردە سەر ئەمیر حیسامەدین، کە گەورەی عەشیرەتی باشناوی و حاکمی قەڵای فێنک بوو، بەڵام لە وەقتی موحاسەرەیدا عیمادەدین وەفاتی کرد و لەشکرەکەی گەڕایەوە (٥٤١ی هیجری).

ئەتابەکان (ئەرتقیە = ئورتوکیە)ی دیاربەکریش گەلێ جار لەگەڵ کوردانی ئەو وڵاتە شەڕ و هەرایان بووە (ئەبولفیدا). خولەفای عەباسی، بەعزێ جار بۆ شکاندنی قووەت و نفووزی تورکەکان ویستوویانە ئیستیفادە لە کورد بکەن و ئەمەشیان بیلفیعل تەجروبە کردووە. لە ٥٢٨ی هیجریدا جەلبی ئەمیر عیسای ڕەئیسی خەیلاتی حەمیدییە لە تەڕەف خەلیفە «ئەلموستەرشەد»ەوە میسالێکی ئەم سیاسەتەیە (الکامل).

ئەووەڵ دامەزرانی حکوومەتی ئەیووبییە لەم سرەیەدا دەسی پێکرد و لە ٥٦٩ی هیجریدا لە میسردا بە سەربەخۆییەکی تەواو دامەزرا و زۆر تەوەسوعی کرد و لە فتووحات و موحارەباتی سوڵتان سەحەلاددیندا گەلێ عەشائیر و ئومەرای کورد هەبوو. عەشیرەتی حەکاری (ئەلهەکارییە)، میهرانی، حەمیدی، زرزاری لە جوملەی ئەو عەشیرەتانەن کە لەگەڵ سوڵتاندا بوون (الفتح القسي في الفتح المقدسي، لاپەڕە ٣٠٢). میسر، سووریە، ئەلجەزیرە، کوردستان و ئەرمینییە هەموو داخڵی ئەم حکوومەتە بوو و دەوری شەوکەتی، زەمانی سوڵتان سەلاحەددینە. لە دواییدا بوو بە چەند بەشێکەوە و بەشی هەرە بەدەوامی، ئەیووبییەی حەسەنکێفە کە تا مەبادیی دەوری عوسمانی ژیاوە (بۆ تەفسیلات تەماشای جڵدی دووەم بکە).

لە دوای حکوومەتی زەنگی لە جزیرەی ئیبنی عومەردا حکوومەتی کوردیی «عەزیزان» پەیدا بوو و ڕیوایەت وایە کە ئەم خانەدانە نەتەوەی حەزرەتی «خالید ئیبنی وەلید» بوون. ئەم حکوومەتە تا دەوری حکوومەتی «بایندۆری» دەوامی کرد، لە تەڕەف ئەوانەوە موەقەتەن لە ناو برا، بەڵام لە پاش بەینێک دیسانەوە لە جەزیرەدا پەیدا بوون و نیهایەت لە وەقتی تابعییەتی کوردستان بە حکوومەتی عوسمانی، ئەوانیش ئیتاعەتیان کرد (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام، جڵدی ١)

لە ساڵی ٥٨١ی هیجریدا (١١٨٥ی میلادی) و لە دەوری خەلافەتی «ناسرودینەڵڵا»دا بەینی کورد و تورک تێکچووە و بووە شەڕێکی میللی، گەلێ تەوەسوعی کرد و لە سووریە و کوردستان و ئازەربایجاندا دوو ساڵ دەوامی کرد و بۆ هەر دوو لا زەرەرێکی زۆری بوو، لە پاشدا بە فکرێکی دینی، سوڵحیان لە بەینا کرا و بۆ موقابەلەی گاورەکانی ئەرمینییە، ئاسوورییە، ئەلجەزیرە و سووریە و قەپادوقیا ئیتحادیان کرد. بەڵام موجیبی ئەسەفە کە ئەم ئیتحادە ئەوەندە دەوامی نەکرد و بەعزێ دەعوای موڵک، کورد و تورکی دیسانەوە کرد بە گژ یەکا و لە دوای شەڕ و هەرایەکی زۆر، کوردەکان سووریە و «کلکیا» (= ئەدەنە)یان چۆڵ کرد.

ئیبنی ئەسیر، لە عەینی تاریخدا [ئەڵێ] لە بەینی کوردانی دەوری مووسڵ و جەزیرەشدا لە سەر مەسئەلەی ژن‌هێنان شەڕێک ڕووی دا و بوو بە سەبەبی قیتالێکی زۆر و لە دواییدا موجاهیدەددین قایمازی وەزیری حاکمی مووسڵ کەوتە بەینەوە و ڕێکی خستن و هەراکەی کوژاندەوە (جڵدی ١١، لاپەڕە ٢٣٤).

وقووعاتی تاریخییە وا نیشان ئەدا کە قەومی کورد عەکسی ئەمە کە لەگەڵ تورکەکانا زوو زوو تێک ئەچوو، لەگەڵ دراوسێیە گاورەکانیدا دائیمەن باش ڕایئەبوارد و گەلێ جار هەر دوو لا چاکەیان بۆ یەکتری بووە (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام، جڵدی ٢).

لە دوای وەفاتی سوڵتان سەلاحەددین (٥٨٩ی هیجری)، زەنگییەکان جێگەی خۆیان لە کوردستاندا قایم کرد. لە ٦٠٧ی هیجریدا کوڕە پچووکی ئەرسەلان شاهی نزیکی عیمادەدین بە ناوی موڵکانە لە نوورەدینی برای قەڵای عەقر و شووشی سەند و لە ٦١٥دا عیمادییەشی بێ شەڕ داگیر کرد. حاکمی مووسڵ، کە برازاکەی بوو، قووەتێکی ناردە سەری، بەڵام زەفەری پێ نەبرد. عیمادەدین لە دواییدا بەعزێ لە قەڵاکانی حەکاری و کواشی زەوت کرد، بەڵام چونکە موعامەلەی لەگەڵ خەڵق چاک نەبوو، ئەهالی ڕوویان لێ وەرگێڕا و خەبەریان نارد بۆ «بەدرەدین لوءلوء» نایبی حاکمی مووسڵ و قووەتێکیان لێ تەڵەب کرد، بە گەیشتنی ئەم قووەتە قەڵاکانی حەکاری و زۆزان کەوتە دەس حاکمی مووسڵ و لە ٦٠٩دا شووش و لە ٦١٢دا قەڵای عیمادییەشی لە دەس چوو (الکامل، جڵدی ١١).

ساڵی ٦٢٢ بۆ عێراق و جەزیرە زۆر بە موسیبەت بوو، زەلزەلە، گرانی، فەرتەنە، باران و غەرقی، دنیای شێواند و بۆ ماڵ و ڕۆح زەرەرێکی بێ‌حەدی بوو. ساڵی دوایی، عەلائەدین کەیقوبادی سەلجووقی، حوکمداری قۆنیە، بە تەحریکی جەلالەدینی خوارەزمشاه هاتە سەر وڵاتی دیاربەکر و بەعزێ لە قەڵاکانی زەوت کرد و زەرەرێکی زۆری لە وڵاتەکە دا (الکامل).