کورد لە دەوری فتووحاتی تورکدا تا دەوری ئیلخانی

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 7 خولەک  563 بینین

ئوغوزەکان، کە لە پێشڕەوی سەلجووقییەکان بوون کە لە ڕەی هەڵسان و ڕوویان کردە وڵاتانی غەرب (٤٢٠ی هیجری/ ١٠٢٩ی میلادی)، یەکێ لە قۆماندانەکانی غەزنەوی کە ناوی «تاش فراش» بوو، لەگەڵ سێ‌هەزار سوارێک کە بەشێکی کورد بوو، ڕێگەی پێ گرتن و شەڕیان بوو و تەسادوف گەورەی کوردەکان کەوتە دەس ئوغوز و بە زۆر کاغەزێکیان بۆ کوردەکان پێ نووسی تا دەس لە شەڕ هەڵگرن و بەم تەرحە غەلبەیان سەند و پێش کەوتن.

لە ساڵی ٤٢٩دا ئوغوزەکان گەیشتنە دەوری مەراغە، شاری مەراغەیان وێران و تاڵان کرد و زۆریان لە خەڵکەکەی کوشت و لە دواییدا هەڵیانکوتایە سەر عەشیرەتی هەزبەنی و کوشتارێکی زۆریان لێ کردن. لە دواییدا عێلەکانی کوردی ئەو ناوە لەگەڵ حاکمی ئازەربایجاندا ئیتفاقیان کرد و موقابەلەیەکی بەشیددەتیان نواند و بە هەر حاڵێک بوو ئوغوزەکانیان گەڕانەوە. تاقمێکی تریان کە تا ئەرمینییە چووبوون لەوێدا قەتڵ و تاڵانێکی زۆریان کرد و گەڕانەوە دواوە و هاتنە دەوری ئۆرمیە (= ورمێ) و سەر خێڵاتی عێلی ئەبو ئەلهەیجای هەزبەنی. ئەم کوردانە بە تەبیعەت شەڕێکی قورسیان لەگەڵ کردن، بەڵام زۆریی ئوغوزەکان لە نەتیجەدا شپرزەی کردن و بڵاو بوونەوە.

لە ساڵی ٤٢٠ی هیجریدا حکوومەتی ڕەوادی کوردی، لە تەورێز (تەبرێز)دا تەشکیلی کرد. موئەسیسی ئەم حکوومەتە «واهـ سوزانی کوڕی مامەلان»ە. تا ساڵی ٤٢٦ دەوامی کرد. حکوومەتی «دەیسیم» پێشڕەوی ئەم حکوومەتەیە.

لە ساڵی ٤٢١ی هیجریدا حکوومەتی «شوانکارە» (= شەبانکارە)ی کورد لە وڵاتی فارسدا دامەزرا و بە هەر نەوعێ بوو، تا ٧٥٦ی هیجری دەوامی کرد.

لە ٤٣٢ی هیجریدا مزەفەری واهـ سوزانی کوڕی مامەلان، لە دوای ئەمە کە هەموو ڕوئەسای ئوغوزی بە فێڵ گرد کردەوە، هەموویانی قۆڵبەست کرد و هجوومی کردە سەر لەشکرەکەیان و زۆری لێ کوشتن. بەڵام قۆڵی «ورمێ»یان لەمە ڕزگاری بوو و ڕووی کردە وڵاتی حەکاری کە لە تەوابعی مووسڵ بوو و تاڵانێکی زۆریان کرد و لە وەقتێکدا کە لە بەینی چیاکاندا گیرۆدە مابوون، کوردی ئەو ناوە لە هەموو لایەکەوە دەوریان دان و هەزار و پێنجسەد کەسێکیان لێ کوشتن و دیلێکی زۆریشیان لێ گرتن و تاڵانێکی باشیان دەس کەوت، لە ناو دیلەکانا حەوت ئەمیری ئوغوزیش هەبوو.

لە نزیکبوونەوەی ئۆردووی «توغرول بەگ»دا ئوغوزەکان لە ترسا بە تاڵووکە پێش کەوتن و قۆڵێکی کە لە ژێر قۆماندەی مەنسوور ناو ئەمیرێکدا بوو، بە سەر «زۆزان»دا ڕووی کردە جەزیرەی ئیبنو عومەر و هێشتا لە شەرقی ئەم وڵاتە بوون کە قۆڵێکی تریان لە قۆماندەی «بوقا» (= بوغا)دا ڕووی کردبووە دیاربەکر و دەسی کردبوو بە تاڵانی ناوچەی «کاردۆ» (= کاردی) و «بازابدا» و «حوسەینییە» و «پیشخاپوور» (= فیشخابوور).

حاکمی جەزیرە، سلێمان کوڕی ناسرودەولەی مەروانی، کە لێکی دایەوە، زانی کە ئەم ئوغوزانە لە پێش بەهارا لە وڵاتی جەزیرە ناتوانن تێپەڕن، لە بەر ئەوە فکری لێ کردەوە و بە فێڵێک مەنسووری قۆماندانی ئوغوزەکانی گرت و بە یارمەتیی کوردەکانی باشناوی (فینک) هەڵیکوتایە سەریان و تا دەوری نەسیبین بردنی و زۆری لێ کوشتن، بەڵام ئەم حەرەکەتەش دیسان نەبووە مانعی زەرەریان و نیهایەت خۆیان گەیاندە دیاربەکر و هەموو لایەکیان وێران و تاڵان کرد. حاکمی مەروانیی دیاربەکر، ماڵێکی زۆری بە ئوغوزەکان دا و لە دیاربەکر دووری خستنەوە و لە دواییدا ڕوویان کردە تەڕەفی مووسڵ و نەفسی شارەکەیان دوو جار زەوت کرد و قەتڵ و تاڵانێکی بێ‌غایەتیان کرد. «قرواش» ئەمیری مووسڵ بۆ مودافەعەی مووسڵ تەڵەبی معاوەنەتی لە ئومەرای عەرەب و کورد کرد.

لە ساڵی ٤٦٣ی هیجریدا (١٠٧١ی میلادی)، کە ئیمبراتۆری ڕۆم، ڕۆمانووس (ئارمانووس)ی چوارەم لە دەشتی مەلازگرددا مەغلووب و ئەسیر بوو، هەموو ئەرمینییە و کوردستان بەرەبەرە کەوتە دەس حکوومەتی سەلجووقیی «ئەلپ ئەرسەلان» و ئەو حکوومەت و ئیمارەتانەی کورد هەبوو، یەک لە دوای یەک لە ناو چوو و وڵاتەکەیان کەوتە دەس سەلجووقییەکان. {fn|حکووماتی سەلاجەقە عیبارەتە لە بری پێنج سەلالە:

١. حکوومەتی خۆراسان و ڕەی و جیبال و جزیرە و فارس و ئەهواز، لە ٤٩٢دا تەئسیس کرا و ٩٣ ساڵ دەوامی بوو.

٢. سەلاجەقەی کرمان لە ٤٣٢دا تەشکیلی کرد و ١٥٠ ساڵی دەوام بوو.

٣. سەلاجەقەی عێراق و کوردستان، لە ٥١١ی هیجریدا تەشکیلی کرد و ٧٩ ساڵ دەوامی بوو.

٤. سەلاجەقەی سووریە، لە ٤٨٧دا تەسیس کرا و ٢٤ ساڵ دەوامی بوو.

٥. سەلاجەقەی ڕۆم، لە ٤٧٠ی هیجریدا دامەزرا و ٢٣٠ ساڵ دەوامی کرد.

(تاریخ الامم الاسلامیة، جڵدی ٢، لاپەڕە ٤٦٨- ٤٧١)}

لە ٤٩٣ی هیجریدا ئاخر حوکمداری مەروانی کە لە ئەخلات (= خێڵات)دا مابووەوە بە سەبەبی سووئی ئیدارەی خۆی و بەعزێ ئەهالی، ئەویش مەحو بۆوە و وڵاتەکەی کەوتە دەس «سوکمان قوتبی» غوڵامی ئەتابەکی تەورێز.

خولاسە، لە ئیستیلای تورکدا وڵاتانی کورد کە لە سەر ڕێگەدا بوون، زۆر زۆر زەرەریان دی و ئەو نیفاق و تەفرەقەی کە لە بەینیانا بوو، نەیهێشت کە بە کۆمەڵی و برایەتی، بەرامبەر ئەو لافاوە بەقووەتە بوەستن، لە بەر ئەمە موقابەلەی مونفەرەدیان بێ‌فائیدە بوو و بە سەر و ماڵ زۆر زەرەریان دی و هیچ قەومێکی تر بە قەد کورد لە ژێر دەست و پێدا نەچوو. زاتەن لە ئیبتیدای تاریخەوە تا ئیمڕۆ ئەگەر بە دیققەت تێبفکرین، ئەبینین کە پەشۆکی و ماڵوێرانیی ئەم قەومە هەموو نەتیجەی نیفاق و تەفرەقەیان بووە و تا ئەم حاڵەیان دەوام بکا، دائیمەن لە ژێر دەست و پێدا ئەچن.

واقیعەن موسیبەتی ئیستیلای تورک، بۆ کورد زۆر بەشیددەت بوو، بەڵام لەم حاڵەش چاویان نەشکا و فیترەتی ئەسڵییەیان مانعی یەئس و تەسلیمیان بوو، هیچ فرسەتێکیان فەوت نەئەکرد و دائیمەن بۆ حەقسەندنی خۆیان و بۆ موحافەزەی سەربەخۆیی سەعیان کرد و کوشتیان و کوژران و تاڵان کران و تاڵانیان کرد و قەت بە تەواوی گیرۆدەی هیچ حوکم و قووەتێک نەبوون. لە عەسری پانزە و دوانزەی میلادیدا خیلافی مەعموول، لە گەلێ شەڕ و دەعوادا بەهێزی و ئازایی خۆیان نیشان دا. خولەفا و ملووکی تورک لە وەقتی تەنگانەدا موحتاجی یارمەتیی کورد بوون.

واقیعەن ئەبینین کە مەلەک شاهی سەلجووقی موقابیل بە «قاورت»ی مامی، کە حاکمی کرمان بوو و ئەیویست حکوومەتی لێ زەوت کا، لە قووەتی کورد ئیستیفادەی کردووە و حەتا بەرامبەر بەم یارمەتییەیان لە داخڵی کرمانا ئەرازییەکی زۆری پێ بەخشین (مەسعوودی، ئیبنی خەلکان).

لە ساڵی ٤٩٩ی هیجریدا، کە ئۆردووی محەمەد کوڕی مەلەکشا لە ژێر ئیدارەی «جاولی سەقا»دا هاتە سەر مووسڵ، حاکمی هەولێر، ئەبو ئەلهەیجای هەزبەنی، لەگەڵ حاکمی مووسڵ، «جکرمش»دا ڕێگەیان پێ گرت و شەڕێکی قورسیان لەگەڵ کرد.

لە ٥٠٢ی هیجریدا کە ئۆردووی سوڵتان «مەودوود» هاتە سەر جاولی سەقا، ئەبو ئەلهەیجا و نەسر کوڕی موهەلهەل (ئەبو ئەلشەوق)ی لەگەڵا بوو.

لە ٤٩٧ و ٤٩٩ و ٥٠٣ی هیجریدا و لە حەرەکاتی «دجیل» و «ماردین» و بەعزێ جێگەی ترا فەعالییەتی کورد بە خسووسی باس کراوە.

لە ٥٠٤ی هیجریدا و لە سەفەری محەمەد کوڕی مەلەکشا بۆ سەر سووریە، ڕەئیسی عەشیرەتی «ڕەوادی»ی کورد و حاکمی مەراغە، ئەحمەدیل کوڕی ئیبراهیم سالاری کوڕی واه سوزان» و ئەمیر ئەبو ئەلهەیجای حاکمی هەولێر بە خۆیان و ئۆردوویانەوە ئیشتراکیان کردووە.

حکوومەتی فەزلەوییەی لوڕستان لە نیوەی قەڕنی پێنجەمی هیجریدا تەشکیلی کرد و تا نیوەی عەسری نۆیەم دەوامی کرد (تەماشای جڵدی دووەم بکە).