کورد لە زەمانی «ئالی بوویە»دا
لە زەمانی «موعیززوددەولە»دا چەند جارێک شەهرەزوور بۆتە سەبەبی شەڕ و شۆر و بەعزێ حەرەکاتی تیا کراوە، حەتا ساحێب «سەبوکتەکین» لە ٣٤٤ هـ.دا بە لەشکرێکی بەقووەتەوە هاتە سەر شارەزوور و موددەتێک موحاسەرەی کرد و لە دواییدا بۆ موعاوەنەتی ڕوکنوددەولە چوو بۆ ڕەی.
لە زەمانی موعیززوددەولەدا ملووکی حەمدانیش بەعزێ حەرەکاتیان لە کوردستانی مەرکەزیدا کردووە. «سەیفەددەولەی حاکمی حەلەب لە ٣٥٤ی هیجریدا بتلیس و ئەخلاتی موحاسەرە کرد. ئەم وڵاتە بە دەست برای غوڵامەکەیەوە بووە، والی عاسی بوو». (کیتابی تجارب الامم، جڵدی ٢). لە حادیسەی «ئەبو تەغلەب»دا عەزدودەولە بۆ تەعقیب، «ئەبولوەفا»ی بە لەشکرێکەوە ناردە کوردستانی مەرکەزی و شارەکانی بەرەبەرە زەوت کرد. میافارقین لە دوای سێ مانگ موحاسەرە و بە حیلە گیرا. «ساحێب ئەبوعەلی»ش بە ئۆردوویەکەوە دیاربەکری موحاسەرە کرد و لە دوای فیراری ئەبو تەغلەب دیاربەکریش گیرا (٣٦٨ هـ).
لە ساڵی ٣٦٩ی هیجری (٩٧٩ی میلادی)دا عەزدودەولە ئۆردوویەکی ناردە سەر کوردانی شارەزوور و مەقسەدیشی ئەمە بوو کە لە عەشیرەتی «بەنوشەیبان»ی عەرەب جوێیان کاتەوە، چونکە کوردی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئەو عەشیرەتە موتتەفیق و تێکەڵ بوون. ئۆردووی عەزدودەولە شارەزووری گرت و عەرەبانی بەنوشەیبانیان بۆ تەڕەفی سەحرا دوور خستنەوە و شوێنیان کەوتن و کوشتارێکی زۆریان لێ کردن (الکامل، جڵدی ٨).
ساڵێ لە پێش ئەم هەرایەدا، «کوردی کوڕی بەدەویە»ناوێک بە یارمەتیی «حەمدانی ئەبو تەغلەب» لە «ئوردامشت»دا حکوومەتێکی سەربەخۆی دامەزراند. بەڵام ئەوەندەی پێ نەچوو کە عەزدودەولە تەفرەی دا و خستیە ژێر تابعیەتی خۆیەوە. عەزدودەولە لە ٣٧٠ی هیجریدا ئۆردوویەکی ناردە سەر کوردانی حەکاری و موحاسەرەی کردن و لە پاش ئەماندان تەسلیم بوون، بەڵام خیلافی قەول و بڕ، هەموویانی کوشت (الکامل).
لەم سرەیەدا حکوومەتی «باز ئەبو شوجاع» کە ئەساسەن ڕەئیسی عەشیرەتی حەمیدییە بوو، دامەزرا و دە ساڵێک لە کوردستانی مەرکەزیدا (دیاربەکر، ئەرجیش و میافارقین) تەوەسوعی کرد و لە دوای ئەو لە ئەتڕافی خوشکەزاکەیەوە کە «ئەبو عەلی کوڕی مەروان» بوو دەوامی پێ کرا و زۆر شەوکەتی پەیا کرد و تا ساڵی ٤٨٩ی هیجری، یەعنی نزیکەی سەد و دە ساڵێک دەوامی کرد (بۆ تەفسیلاتی، تەماشای جڵدی دووەم بکە).
لە دەوری خیلافەتی «ئەلقادر بیئەمریللا» دا موئەرریخەکان باسی یەکێ لە ڕوئەسای کورد ئەکەن کە ناوی «ئەحمەد کوڕی زوحاک» بووە. ئەم زاتە لە تاریخی ٣٨١ی هیجریدا لەگەڵ لەشکری میسر ڕووی کردبووە «قەڵای ئافامیە» کە لە قەراغ چەمی «عاسی» بوو، لەشکری میسر کە لە ئیدارەی «جەیش کوڕی محەمەد ئەلسەمسامە»دا بوو، خراپ شکا. تەنیا مەرکەزی بە پێنجسەد سوارێکەوە ڕاوەستا، لەو وەقتەدا «ئەحمەدی کوڕی زوحاک سەلیل» هەڵیکوتایە سەر قۆماندانی ڕۆم و کوشتی و بووە سەبەبی شکانی ئۆردووی ڕۆم (کتاب تجار الامم).
لە بەینی ٣٦٦ و ٣٨٨ی هیجریدا و لە شەڕ و دەعوای موڵکایەتیی «جورجان» و لە بەینی «ئالی بوویە» و «زیاری»دا ئیشتراکی کردووە و «مەحموود غازان»یش موقابیل بە تورکەکانی قەرەخانی، ئیستیفادەیەکی زۆری لە قووەتی کورد کردووە (عۆتەبی).
لەم سرەیەدا لە ٣٨٠ی هیجریدا حکوومەتێکی کورد کە بە حکوومەتی «بەنو غەناز» مەشهوور بوو، تەشکیلی کرد و گاه بە سەربەخۆیی و گاه بە تابعی، حەفتا ساڵێک دەوامی کرد. کورد لە شەڕ و دەعوای داخڵی «ئالی بوویە»دا لە حەرەکاتی عەشیرەتی «بەنو عەقیل» بۆ سەر مووسڵ و لە شەڕی ئالی بوویە لە فارس و خووزستاندا گەلێ فەعالییەتی نواندووە.
لە ساڵی ٣٩٧ی هیجریدا «بەهائوددەولە» ئۆردوویەکی ناردە سەر کوردانی «بەندینجان» و شەڕێکی قورسیان لە بەینا قەوما و ئۆردووی بەهائوددەولە شکا و تاڵانێکی زۆر دەس کوردەکان کەوت. لە ٤١١دا شەمسوددەولە ئیختلالی لەشکری تورکی تەنیا بە قووەت و یارمەتیی کوردەوە تەسکین کرد و عەسکەری تورکی لە ناو برد (الکامل، جڵدی ٩).