کورد تا دەوری فتووحاتی تورک

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 13 خولەک  782 بینین

لە پێش میلادی حەزرەتی عیسا بە شەش عەسرێک، دینی زەردەشتی لە ئێران و میدیادا پەیا بووبوو و لە دوای ئەمە کە لە تەڕەف یەکێ لە حوکمدارانی شەرقی ئێران، گشتاسبەوە قەبووڵ کرا، عادەتەن بوو بە دینێکی ڕەسمی. قەومی کوردیش لە پاش بەینێک ئەم دینەیان قەبووڵ کرد. دینی عیسەوی لە ساڵی ٣٣ی میلادیدا گەیشتە ئەرمەنستان، بەڵام ئەوەندە ڕەغبەتی نەدی و تا ئیبتیدای عەسری چوارەم زۆر کەم تەئسیری بوو، بەڵام لە دوای ئەم تاریخە بە کۆمەکی حکوومەتی ڕۆما سەرلەنوێ لە سووریەوە ڕووی کردە ئەرمینییە و کوردستان و قڕاڵی ئەرمەنی، تیرداد و قەومەکەی ئەم دینە تازەیان قەبووڵ کرد، بەڵام خەڵکی دەرەوە و چیانشینان گوێیان نەدایە و لە سەر دینی زەردەشتی مانەوە و سەعی و تەشویقی قەشە (ڕاهیب)ەکان تەئسیرێکی لێ نەکردن، بە ڕیوایەتێک بەشێکی زۆر کەم داخڵی ئەو دینە بووە.

لە زهووری ئیسلامەتیدا و هەر لە ئەووەڵ تەماسیان لەگەڵ ئیسلامەکانا تێفکرین و دییان کە ئەم دینە تازەیە بە تەواوی موافقی تەبع و دینیانە، لە بەر ئەمە، وەکوو سێر مارک سایکس ئەڵێ بە ئاسانی و بەرەبەرە قەبووڵیان کرد، بە دەرەجەیەکی وا کە ئینجا بەربەرییەکانی ئەفریقا و تورکەکانی تورکستان بەو نەوعە بە دڵ و بە شەوق قەبووڵیان کردووە (دوایی واریسانی خولەفا، لاپەڕە ٢٥٢)

قەومی کورد، هەر وەکوو موئەرریخینی موعتەبەری عەرەب ئەڵێن، لە شانزەمین ساڵی هیجرەتدا و لە دوای فەتحی حەلوان و تکریتدا لەگەڵ ئۆردووی ئیسلام تەماسیان کرد، بەڵام پێویستە بزانین کە لە پێش ئەم تاریخەشدا بەعزێ تەماس و ئیهتدای کورد واقیع بووە. مەسەلەن مەڕحووم سالووسی مەحموود ئەفەندی لە تەفسیری «روح المعانی»دا و لە ناو ئەسحابی کیرامدا باسی جابان (گابان) ئەلکوردی و «مەیموون»ی کوڕی ئەکا، کونیەی «مەیموون» «ئەبی بەسیر» بووە؛ ئەم مەعلووماتەش عەتف ئەکاتە سەر کتێبە نایابەکەی حافزی (ئیبنی حەجەر) کە بە «الاصابة فی تمییز الصحابة» مەشهوورە و ئەم ئەسەرە دەرحەق بە مارەیی و بەعزێ خسووسیاتی تر و چەند حەدیسێک لە «گابان الکوردی»یەوە نەقڵ ئەکا. موحتەمەلە کە بەعزێ سەحابەی تری کوردیش ببێ.

تاریخ ئەڵێ حەزرەتی «سەعد ئیبنی وەقاس» لە دوای فەتحی مەداین، لە ژێر قۆماندای هاشم ئیبنی عەتەبەدا و لە تاریخی ١٦ی مارتی ٦٣٧ی میلادیدا ئۆردوویەکی ناردە سەر جەلەولا و چونکە بەقایای ئۆردووی فورس لەوێ گرد بووبوونەوە و یەزدجریش لە حەلوان بوو، ئۆردووی ئیسلام لە پاش شەڕێکی مناسب فرسەتیان دەرپەڕاند و حەزرەتی قەعقاع، شوێنیان کەوت و حەلوانی زەوت کرد و بەم نەوعە ئەووەڵ تەماسی کورد و وەتەنی کورد لەگەڵ ئۆردووی ئیسلاما واقیع بوو. لە پاش فەتحی ئەم قەڵا موهیممە کە سەرحەدی «سیواد» و «جیبال» بوو، بەعزێک ئەڵێن کە حەزرەتی عومەر ئەوەندە مەیلی پێشکەوتنی بۆ وڵاتی عەجەم نەبوو. لە دوای فەتحی تکریت و لە ساڵی ١٨ی هیجریدا حەزرەتی سەعد ئیبنی وەقاس لە قۆماندای عەیاز ئیبنی غەنەمدا و بە ئەمری حەزرەتی عومەر (رضی اللە عنە) بۆ فەتحی جەزیرە سێ قۆڵی ڕێک خست:

قۆڵی ئەووەڵ لە ژێر قۆماندای سوهەیل ئیبنی عودەیدا، ڕووی کردە ڕەققە،

قۆڵی دووەم لە ئیدارەی عەبدوڵڵا ئیبنی عەتباندا بوو و ڕووی کردە نەسیبین،

قۆڵی سێیەم لە قۆماندای عەقەبە ئیبنی ئەلوەلیددا ڕووی کردە جەزیرە.

مەقسەدی حەزرەتی عومەر لەم حەرەکەتە هەم فەتحی جەزیرە و هەم مەنعی کۆمەکی ڕۆم لە جەزیرەوە بۆ سووریە بوو. حەزرەتی عەیاز، لەگەڵ قۆڵی دووەما چووە سەر ئۆرفە و لە دوای فەتحی، هات نەسیبینی گرت و ڕووی کردە شیمال بۆ تەڕەفی ماردین و دیاربەکر و ئەرمینییە. (الامم الاسلامیة، جڵدی ١)

حەزرەتی عەیاز، حەبیب ئیبنی موسلیمە ئەلفەهریی لەگەڵ قووەتێکدا لە کوردستانەوە ناردە سەر مەڵاتیە و زەوتی کرد. بەڵام ئەم شارە لە پاش بەینێک دیسان لە دەسی ئیسلام چووە دەرەوە و لە وەقتی والیەتیی مەعاویە ئیبنی ئەبی‌سوفیان لە شامدا (لە عەینی وەقتا جەزیرە و ئەرمەنیش حەواڵەی ئەو کرابوو) لە ساڵی ٣٦ی هیجریدا دیسان حەبیب ئیبنی موسلیمەی ناردە سەر مەڵاتیە و دووبارە زەوتی کردەوە (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام، جڵدی ٣).

لە ساڵی ٢١ی هیجریدا ئەووەڵەن «عومەر عەزرە ئیبنی قەیس» لە حەلوانەوە ڕووی کردە شارەزوور، ویستی فەتحی بکا بەڵام بۆی نەهات؛ لە دواییدا عەتەبە ئیبنی فەرقەد لەگەڵ قووەتێکی مناسبدا دیسان ڕووی کردە شارەزوور و لە دوای شەڕێکی قورس زەوتی کرد و لەم شەڕەدا کورد گەلێ زایەعاتی بوو و ئۆردووی ئیسلامیش چ لە شەڕدا چ بە تەئسیری دووپشکی شارەزوور، زۆری لێ شەهید بوو، (الکامل).

لە بەینی ساڵی ١٨ و ٢٣ی هیجریدا و لە مودافەعەی «ئەهواز» و «فەسا» و «دارابجێرد»دا کورد لەگەڵ ئێرانییەکانا موتتەفیق بوو و بە تەبیعەت یارمەتییان دان، لە بەر ئەمە لە تەڕەف ئۆردووی ئیسلامەوە تەئدیب و تەجزیە کران و لە ماڵ و جاندا زایەعاتێکی زۆریان بوو. دەفعەیەکی تریش هەر لە زەمانی حەزرەتی عومەر (رضی اللە عنە)دا بەعزێکیان وڵاتی «کرخا»ی مەرکەزی (بەشی سایمارا و مسابازان)یان داگیر کرد، لە سەر ئەمە حەزرەتی عومەر، قەیس ئیبنی سەلمە ئەلئەشجەعیی ناردە سەریان و تەئدیبی کردن (تاریخ الامم الاسلامیة، لاپەڕە ٣٢٩).

ئیبنی ئەلفەقیهـ ئەڵێ قەومی عەرەب لە پێش زهووری ئیسلاما داخڵی شارەزوور بوون، بەڵام شارانی «بازابدا و سامقان» ئینجا لە ساڵی ٢٢ی هیجریدا و لە پاش شەڕێکی زۆر بە شیددەت دەس ئیسلام کەوتووە. لە ساڵی ٢٥ی هیجریدا و لە زەمانی حاکمییەتی (عامل) ئەبو مووسا ئەلئەشعەری لە بەسرەدا دوو دەفعە کورد لە ئەهواز و فارسدا عوسیانی کردووە.

لە دەوری خەلافەتی عەبدولمەلیکدا کورد یارمەتیی عەبدوڕڕەحمان ئیبنی ئەلئەشعەسیان داوە و لە سەر ئەمە تووشی زوڵم و قەهری حەججاج ئیبنی یۆسف ئەلسەقەفی بوون و کوشتارێکی زۆریان لێ کرا.

لە ساڵی ١٠٨ی هیجریدا و لە دەوری والییەتی موسلیمەدا وڵاتی ئازەربایجان و لە ١١٢ی هیجریشدا متباقی کوردستان تووشی ئیستیلا و تەخریباتی تورکانی خەزەر بوو. والیی کوردستان، جەڕاح، لە شاری ئەردەوێڵدا موحاسەرە و شەهید کرا و لافاوی ئیستیلا تا مووسڵ هات. لێرەدا سەعید ئەلجەرشی قووەتێکی زۆری لە ئەهلی ئەو ناوە کۆ کردەوە و شکاندنی و لە کوردستانی کردنە دەرەوە و تاڵانیشی لێ سەندەوە (مصور تاریخ الاسلام)، بەڵام لە جێگەی موکافەئەت، خەلیفە هیشام، سەعیدی عەزل کرد. ئەووەڵەن موسلیمە و لە پاش ساڵێک محەمەد ئیبنی مەروانی کرد بە والیی کوردستان.

لە ساڵی ١٢٩ی هیجریدا کوردەکان بەرامبەر بە سلێمانی خارجی کە لە کوردستانا عوسیانی کردبوو، یارمەتیی ئۆردووی خەلیفە مەروانی دووەمیان دا، زاتەن ئەم خەلیفەیە لە تەڕەف دایکیەوە کورد بوو و لە وەقتی والییەتیی باوکیا لە کوردستاندا هاتبووە دنیاوە و لە پاش باوکی خۆشی، والیی جەزیرە و ئەرمینییە بوو. مەروان کە بەرامبەر بە خەلیفە ئیبراهیم عوسیانی کرد، بە ئۆردووی کوردستانەوە چووە سەر شام و لە بەینی بەعلەبەک و شامدا ئۆردووی خەلیفەی شکاند و داخڵی دیمەشق بوو و خیلافەتی ئیعلان کرد، (١٣٢ی هیجری).

لە هەرای دەعوەتی عەباسییە و خرووجی ئەبا موسلیم خۆراسانیدا، «قوحتوبە ئەبو ئەلعۆن» لەگەڵ ئۆردوویەکدا هاتە سەر شارەزوور و لەوێ لەگەڵ قۆماندانی خەلیفە مەروان، عوسمان ئیبنی سوفیان شەڕی کرد و لە ١٣١دا داگیری کرد. ساڵی دوایی، قوحتوبە لەگەڵ ئیبنی هەبیرەی قۆماندانی مەروان لە حەلواندا شەڕی کرد و ئەوێشی داگیر کرد (تەبەری، جڵدی ٩، لاپەڕە ١٣١)

لە دەوری خەلافەتی ئەبولعەبباس عەبدوڵڵا ئەلسەففاحدا والی جەزیرە و کوردستان و ئازەربایجان ئەبو جەعفەر ئەلمەنسووری برای بوو. لەم سرەیەدا لەشکری ڕۆم تەعەڕوزی کردە کوردستان. ئەبا موسلیم، عەبدوڵڵا ئیبنی عەلیی لە نزیک نەسیبین مەغلووب کرد (١٣٧ هیجری)

کورد لە دەوری خیلافەتی ئەبو جەعفەر ئەلـمەنسووردا تێکەڵی عوسیانی کوردستان و هەمەدان بوو. لە ١٤٧ی هیجریدا ئەستەرغانی خوارەزمی لەگەڵ ئۆردوویەکی تورک تەعەڕوزی کردە شیمالی کوردستان و ئەرمینییە و ئەو وڵاتەی تاڵان کرد و «تفلیس»یشی زەوت و تاڵان کرد، ڕەئیسی عەشیرەتی ڕەواندی، حەربی کوڕی عەبدوڵڵا گەلێ موقابەلە و مودافەعەی کرد و لە نەتیجەدا کوژرا.

خەلیفە مەهدی، لە دوای شەڕی بیزانس (١٦٣ی هیجری) هاڕوون ئەلڕەشیدی کوڕی کرد بە والیی کوردستان و ئازەربایجان و وڵاتانی غەربی. قەومی خەزەر لە زەمانی هاڕوون ئەلڕەشیدیشدا تەعەڕوزیان کردە کوردستان و زۆر جینایەت و شەناعەتیان کرد بەڵام خەلیفەش بە شیددەت تەجزیە و گەردی کردن (١٨٣ هیجری).

لە دەوری خیلافەتی «موعتەسەم بیللا»دا و لە ساڵی ٢٢٥ی هیجریدا لە ئەتڕافی مووسڵ قیامێکی کورد لە ژێر ئیدارەی «جەعفەر فهرجس»دا ڕووی دا. جەعفەر کە یەکێ لە خانەدانی کورد بوو ئەووەڵەن لە «باباکیش»دا مەغڵووب بوو، بەڵام لە دواییدا لە شاخانی «داسین»دا ئۆردووی خەلیفەی شکاند و گەلێکی لێ ئەسیر کردن. دەفعەی دووەم لە ژێر قۆماندای تورک، «ئیتاخ»دا و لە ساڵی ٢٢٦ی هیجریدا ئۆردوویەکی تری هاتە سەر و شەڕێکی قورس ڕووی دا، جەعفەر شکا و ئیتاخ کوشتارێکی زۆری کرد و شەناعەتی گەیاندە دەرەجەیەک کە حەقیقەتەن بۆ تاریخ مەوجیبی خەجاڵەتییە. جەعفەر دیسان تەسلیم نەبوو و خۆی دەرمان‌خوارد کرد و پیاوانە مرد (الکامل، جڵدی ٦، لاپەڕە ٢٠٨).

لە ساڵی ٢٣١ی هیجریدا لە ئەسفەهان و جیبال و فارسدا قیامێکی کوردیی تر ڕووی دا و لە تەڕەف ئۆردوویەکی مەخسووسەوە کە لە قۆماندای «واسف»دا بوو تەسکین کرا. کورد لە ساڵی ٢٥٢دا تێکەڵ حەرەکاتی «مەنسوور = مساور»ی خارجی بوو و لە ٢٦٢دا داخڵی هەرای دیلی ڕەش (سەرای زنجی و یەعقووب سەففار) بوو و گەلێ ئیشی کرد، باخسووس یەکێ لە سەرکردەی کورد کە ناوی محەمەد کوڕی عەبدوڵڵا هەزارمێرد بوو، تا سێ ساڵ لەم دەعوایەدا خۆی نواند و یەکە پیاو بوو.

لە ساڵی ٢٨١ی هیجریدا کوردەکان بۆ تەئسیسی حکوومەتی حەمدانییە زۆر کۆمەکیان کرد. لە ساڵی ٢٩٣ی هیجریدا محەمەدی کوڕی بیلال کە گەورەی عەشیرەتی «هەزبەنی» بوو، لەگەڵ عەشیرەتەکەیدا عوسیانی کرد و تا نزیکەی مووسڵ هات. تازە والیی مووسڵ، ئەبو ئەلهەیجا عەبدوڵڵا ئیبنی حەمدان» چووە سەریان و لە «مەعرووبە» لە سەر خازەر تووشیان بوو و تێک ئاڵان، بەڵام ئەبو ئەلهەیجا زەفەری پێ نەبرد و حەتا یەکێ لە خزمانی کە ناوی «سلێمان ئەلحەمدانی» بوو، لەم هەرایەدا کوژرا و ئەبو ئەلهەیجا بە مەئیووسی گەڕایەوە مووسڵ و یارمەتیی لە خەلیفەی عەباسی، ئەلموکتەفی بیللا داوا کرد. ساڵی دوایی کۆمەکی بۆ هات و شوێن هەزبەنی کەوت. پێنج هەزار ماڵێک لەم عەشیرەتە کەوتنە کێوان و کە تەنگەتاو بوون، ڕەئیسەکەیان بە فێڵ داوای ئاشتبوونەوەی کرد و ئەبو ئەلهەیجای خڵافاند تا عەشیرەتەکەی دەرچوو و ڕوویان کردە وڵاتی ئازەربایجان. محەمەد خۆی لە شاخی «قەندیل»دا مایەوە و لە دواییدا ئەبو ئەلهەیجا موحاسەرە و تەزییقی کرد، فائیدەی نەبوو و محەمەدیش نەجاتی خۆی دا و گەیشتە ئازەربایجان. دەفعەی دوایی، کۆمەکی تر لە تەڕەف خەلیفەوە بۆ ئەبو ئەلهەیجا هات و ئەم جارە بە قووەتێکی زۆرەوە دیسان چووە سەریان و لە هەموو لایەکەوە دەوری دان و کوردەکان تەسلیم بوون. محەمەدی کوڕی هیلال لە مووسڵ دانرا و ئەم هەرایە کوژایەوە (الکامل، جڵدی ٧، لاپەڕە ٢١٣)

لە زەمانی خەلیفە «ئەلـموقتەدیر بیللا»شدا بەعزێ قیام، وەکوو عوسیانی عەبدوڵڵای کوڕی ئیبراهیم و دەهەزار کورد لە دەوری ئەسفەهان و عوسیانی دەوری مووسڵ ڕووی دا. لەم بەینەدا لە تەڕەف «دەیسیم»ی کوڕی ئیبراهیمەوە ئەساسی حکوومەتی هەزبەنی دانرا و لە دواییدا لە تەڕەف کوڕانی محەمەد ئەلڕەوادییەوە حوکمی لێ سێنرا و حکوومەتی ڕەوادی لێ پەیا بوو و تا عەسری حەوتەم دەوامی کرد (تەماشای جڵدی دووەم بکە).

عەشیرەتی هەزبەنی لە سەفەری ئازەربایجانی «حسێن حەمدانی»دا لەگەڵیدا بوون و تا سەڵماس چوون (٣٢٧ی هیجری). لە ساڵی ٣٤٠ی هیجریدا ئەووەڵ حکوومەتی کورد، حکوومەتی شەددادی، لە شیمالی ئازەربایجان و جنووبی غەربی قەفقاسیادا تەشکیلی کرد و تا ساڵی ٥٩٥ی هیجری دەوامی کرد.

لە ٣٤٨ی هیجریدا دووەم حکوومەتی کورد، حەسنەوییە (= بەرزیکانی) لە جیبالدا تەشکیلی کرد و تا ٤٠٦ دەوامی کرد.