مەد

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 18 خولەک  745 بینین

لە فەسڵی دووەمدا باسی ئەم قەومەمان کرد و گوتمان ڕەنگە لە عەسری دەهەم وەیا نۆهەمدا هاتبێتنە وڵاتانی «میدیا»، لە ئەوەڵدا بە تەواوی حەیاتی خێڵاتییان ڕائەبوارد و هەر عێلێک بۆخۆی حکوومەتێکی پچووکی سەربەخۆ بوو.

ئۆردووی ئاسووری، لە زەمانی «شەلمانەسەر»ی دووەمدا و لە تاریخی ٨٣٥ پ.م.دا لە حدوودی شەرقیانەوە تووشی عەشائیری «مەد» هاتوون و ئەم عەشائیرە بەعزێ دیارییان بۆ بردوون. قڕاڵی ئاسووری ئەم موسافیرپەروەرێتیەی بە سەرانە فەڕز کردووە و بەینێک قوماندانێکی ئاسووری لەوێ داناوە. لە حەقیقەتدا ئاسووری قەت لە میدیادا نفووزی نەبووە و ئەوانیش تەعەڕوزیان لێ نەکردوون.

«ئاداد-نیراری»ی سێیەمش (٨١٢- ٧٨٣ پ.م) چوار پێنج دەفعە لەگەڵ عەشائیری مەددا شەڕی کردووە. بەڵام لە زەمانی «تیغلات پلایسەر»ی چوارەمدا (٧٤٥- ٧٢٧ پ.م) بە سەبەبی یارمەتییان بە حکوومەتی «ئورارتۆ» دراوسێی، ئەم قڕاڵە لەشکری کردۆتە سەریان و بە ڕیوایەتی خۆی تا داوێنی شاخی دەماوەند چووە. (تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب، لاپەڕە ٤٤٦)

لە زەمانی «ئەسارهادەن»دا (٦٨١- ٦٩٩ پ.م)، لەگەڵ موتتەفیقەکانیدا (مانی، سیت، کاسکاشی و عەشائیری کوردستان) ویستوویەتی زەربەیەکی باش لە ئاسوورییە بدا، بەڵام قڕاڵی ئاسووری بە سیاسەت قەومی «سیت»ی لێ جوێ کردنەوە و کردنی بە موتتەفیقی خۆی و بەم تەرحە خۆی نەجات دا. لە دوای ئەمە «مەد» دائیمەن لە فورسەت ئەگەڕا، حەتا لە زەمانی دووەم حوکمداریدا کە «فرائورتسن» بوو هەڵیکوتایە سەر ئاسووریە، بەڵام موەفەق نەبوو (٦٤٣ پ.م)، نیهایەت «کی ئەقسار» ئارەزووی کاکی هێنایە جێ و ئاسووری لە ناو برد. ئەساسی حکوومەتی «مەدیا» وەکوو لە جڵدی دووەمدا بە تەفسیل ئەیبینین، لە ٧٠١ پ.م.دا دامەزراوە و لە زەمانی «کی ئەقسار»دا شەوکەتێکی بڵندی پەیا کرد. حدوودەکەی لە باختەریانەوە تا «قزیل ئیرمق»ی بەحری خەزەرەوە تا خەلیجی فارس ئەچوو. لە زەمانی «ئیستاغ»دا و لە تاریخی ٥٥٠ پ.م لە تەڕەف «سیرۆس = کەیخسرەوی گەورە»ی ئەخمەنەوە لە ناو برا.

لە دوای سقووتی حکوومەتی ماد، هەموو وڵاتانی کوردستان لە ناو میرایەتیی حکوومەتی ماددا بەر حکوومەتی ئاخمەن یاخود کیانی کەوت و تا ئیستیلای ئەسکەندەر تەقریبەن دوو عەسر بە دەس حکوومەتی ئێرانەوە بوو، لە وەقتێکدا کە «داریۆس»ی ئەووەڵ، لە بابلستاندا مەشغووڵ بووە، وڵاتی میدیا لە ئیدارەی «فەرەوەرتیش»دا عوسیانی کرد. «داریۆس» لەشکرێکی ناردە سەر میدیا، بەڵام بێفائیدە بوو، نیهایەت لە پاش ئیستردادی بابل بیلزات خۆی چوو بۆ میدیا و عوسیانەکەی تەسکین کرد (٥٢١ پ.م)

«ڕەجعەتی دەهەزارە»ی ئاکسەنوفۆن کە لە کتێبی «ئەنابازیس»دا باسی کردووە، لە تەڕەف قەومی «کاردۆشوی»یەوە زۆر تووشی ئەزیەت و تەعەڕوز بووە. ناوی ئەم قەومە تا ئەو وەقتە کەسێ نەیبیستبوو و ئەووەڵ دەفعە ئەکسەنوفۆن باسی کردوون و ئەم قەومە لە دەربەندی زاخۆدا ئۆردووی ئەکسەنوفۆنیان تەنگەتاو کردووە و شەڕێکی موناسبیان بووە و تا نزیک «تەرابزۆن» لە کۆڵیان نەبۆتەوە. ئەکسەنوفۆن لە کتێبەکەیدا بەعزێ ئیزاحاتی دەرحەق بەم قەومە داوە و ئەڵێ: ئەم قەومی کاردوشۆییە قەت ئیتاعەتی ئێرانیان نەکردووە، حەتا دەفعەیەک یەکێ لە ملووکی ئێران بە ئۆردوویەکی ١٢٠هەزار کەسییەوە چۆتە سەریان، بەڵام ئۆردووەکەی بە تەواوی مەحو بۆتەوە.

عەشائیری کورد لە زەمانی حکوومەتی میدیا و ئاخمەندا ئیستقلالی داخڵی خۆی موحافەزە کردووە و نیوە موستەقیل بووە و ئەم حەقەی خۆی لە زەمانی حکوومەتانی ماکدۆنیا، پارت و ساسانی و عەرەب و تورکیشدا دیسان موحافەزە کردووە (مەسئەلەی کورد بەرامبەر بە تورک، لاپەڕە ٢٣)

«دارا»ی سێیەم کە دوانزەمین حوکمداری «ئەخمەنی» (هاخامنشی)ی ئێران بوو، لە پێش حوکمداریدا والیی ئەرمینییە و وڵاتی «کوردوئەن» بوو و تا ساڵی ٣٣٨ پ.م یەعنی تا بوو بە حوکمدار، لەم وەزیفەیەدا بوو، لەم دەورەدا «کوردوئەن» (= کاردۆیکای)، لە سەرچاوەی «زێی بادینان»ەوە تا سەرچاوەی دیجلە ئەچوو.

لە فەوتانی حکوومەتی «ئەخمەنی» (= کیانی)دا ئێران دەس ئەسکەندەری ماقدۆنی کەوت و بە تەبیعەت وڵاتی کوردیش (ماد، کوردوئەن) لە ناو ئەم میراتەدا بوو.لە دوای مردنی ئەسکەندەر لە بابل، ئەم وڵاتانە کەوتە ناو بەشی «سەلەئۆقوس»، کە یەکێ بوو لە قۆماندان و واریسەکانی ئەسکەندەر (٣٢٣ پ.م) و سەد ساڵێک بە دەستیەوە ما، بەڵام دائیمەن شەڕ و شۆری تیا بوو. نیهایەت بە یارمەتیی «میهرداد»ی ئەووەڵ، حوکمداری ئەشکانی، بەشی لای ژوورووی کوردستان لە ڕوبعی ئەووەڵی قەڕنی دووەمی پێش میلاددا کەوتە دەس حکوومەتی ئەرمەنی و بەشی خوارووشی بەرەبەرە و تا ئەوائیلی قەڕنی ئەووەڵی پێش میلاد دەستی ئەم حکوومەتە کەوت و مەرکەزیشی، «ئامەد» (دیاربەکر) بوو.

موئەرریخ ئەسترابۆن لە بەحسی حکوومەتی ئەرمەنیدا ئەڵێ قەومی کورد سەنعەتکار و لە هەموو ئومووری هیندەسەدا ماهیر بوون. قڕاڵی ئەرمەنی، تیگران، لەم نەوعە وەزیفانەدا دائیمەن لە کوردەکان ئیستیفادەی ئەکرد، «پلوترخس»یش ئەم جیهەتە تەئیید ئەکا.

سەرداری ڕۆما، «لۆکۆللۆس»، لە ڕوبعی دووەمی ئەوەڵی قەڕنی میلادیدا هاتە سەر ئەرمەنستان و لە نزیک دیاربەکر، قڕاڵی ئەرمەنی «دیگران»ی شکاند و هەموو وڵاتەکەی زەوت کرد. لە بەینی ساڵانی ٦٩-٦٠ پ.م.دا حوکمداری ئەشکانی، فەرهادی سێیەم، تەعەڕوزی کردووەتە وڵاتانی کوردوئەن و ئەدیابەن، بەڵام ئەم تەعەڕوزە بێنەتیجە بوو.

لە زەمانی سیانزەمین حوکمداری ئەشکانی، «ئۆرۆد»ی ئەووەڵدا، لە بەینی ئۆردووی ئەشکانی و ڕۆکادا لە نزیک «حەرران» شەڕێکی قورس بووە و سەرداری ڕۆما، «کراسۆس»، کوژرا و ئۆردووی ڕۆما پەرێشان بوو (٥٣ پ.م). لە ساڵی ٣٦ پ.م.دا کوردستان کەوتە ژێر ئیستیلای «ئەنتوان»، سەرداری ڕۆما کە لەگەڵ ئۆردووی «پارت» (ئەشکانی)دا لە شەڕدا بوو. لە نەتیجەدا ئۆردووی ڕۆما شکا و تاڵانێکی زۆر دەس پارتەکان کەوت، حکوومەتی مادی پچووک کە لە ئازەربایجانی ئیمڕۆدا بوو، لەم شەڕەدا لەگەڵ ئۆردووی ئەشکانی بوو و چونکە لە مەسئەلەی دابەشکردنی تاڵاندا عاجز بوو، بە دزیەوە لەگەڵ سەرداری ڕۆما «مارک ئەنتوان» موخابەرەی کرد و بۆ شەڕی ئەشکانی تەشویقی کرد و واقیعەن ئەم سەردارە بە فکری ئینتقام لە ٣٤ پێش میلاددا بە ئۆردوویەکەوە هات و ئەرمەنستانی کە تابعی پارت بوو زەوت کرد. لە دوای بەینێک، حوکمداری ئەشکانی، «فەرهاد»ی چوارەم بە لەشکرەوە چووە سەر حکوومەتی مادی پچووک و لە دوای شەڕێک حوکمدارەکەی ئەسیر کرد و ئەرمەنستانیشی سەندەوە و لە مەنسووبانی خۆی، قڕاڵێکی بۆ تەعیین کرد.

ساڵێک لە پێش میلاددا حکوومەتی ئەشکانی، معاهەدەیەکی لەگەڵ حکوومەتی ڕۆما کرد و ئەرمەنستان و کوردستانی دا بە حکوومەتی ڕۆما. لە دەوری «ئەردەوان»ی سێیەمدا دیسانەوە لە بەینی پارت و ڕۆمادا لە ئەرمەنستان و کوردستاندا شەڕ و هەرایەکی زۆر بوو.

لە زەمانی قەیسەری ڕۆما مەشهوور بە «نەرۆن»دا لەشکرێکی ڕۆما هاتە سەر ئەرمەنستان و کوردستان و هەمووی زەوت کرد و لە دوای موحارەبەیەکی دوور و درێژ لە بەینی پارت و ڕۆمادا، تیرداد بە ڕەزای هەر دوو تەڕەف، بوو بە قڕاڵی ئەرمەنستان (٦٣ پ.م) ، ئەم جارە سوڵحی بەینی دوو دەوڵەت نیو قەڕنێک دەوامی کرد.

لەم بەینەدا ئەرمەنستان و کوردستان و وڵاتی مادی پچووک (ئازەربایجان)، تووشی تەعەڕوزی قەومی «ئالان» و کورجی بووە و زۆر تووشی تەخریبات و تاڵان بوو. حکوومەتی پارت موحافەزەی نەکردن، بەڵام خەڵکی مەملەکەتەکە مقاوەمەت و مدافەعەیەکی مەردانەیان کرد و زۆریان زایەعات پێ داون و داخڵی ئیتاعەتی هیچیان نەبوون (دوایی واریسانی خولەفا).

لە ساڵی ١٠٠ی میلادیدا ئیمپراتۆری ڕۆما، «تراژان» لەشکرێکی ناردە سەر ئەرمەنستان و «تیرداد»ی قڕاڵی لە ناو برد. تراژان نیهایەت لە ١١٥ی میلادیدا خۆی بە ئۆردوویەکی گەورەوە بە سەر سووریەدا ڕووی کردە ئەرمەنستان و وڵاتانی کورد و حکوومەتی ئەرمەنی بە تەواوی لە ناو برد و ئەلجەزیرە و ئادیابن (الحفر = هاترا) و بابلیشی داگیر کرد و تا خەلیجی فارس چوو.

لە ساڵی ١٢٢ی میلادیدا ئیمپراتۆری ڕۆما، «هادریەن»، فوراتی بە حدوود قەبووڵ کرد و لەگەڵ حکوومەتی پارتدا سوڵحی کرد. لە ١٦١ی میلادیدا «بەلاش»ی سێیەم، حوکمداری ئەشکانی، لەشکری کردە سەر ئەرمینییە و گرتی، بەڵام لە دواییدا بەرامبەر بە «کاسیۆس» سەرداری ڕۆما، شکا و بەشی غەربی وڵاتانی کورد و ئەرمەن دیسانەوە کەوتە دەس حکوومەتی ڕۆما.

لە زەمانی «ئەردەوان»ی پێنجەمدا کە ئاخر حوکمداری پارت (ئەشکانی) بوو، دیسانەوە لە بەینولنەهرەیندا ئێران و ڕۆما تێکچوون و لەشکری پارت بە سەر ئۆردووی ڕۆمادا غەلبەی کرد، بەڵام بێنەتیجە بوو. زهووری «ئەردەشیری بابەکان» و ئینقرازی سولالەی ئەشکانی، تەسادوفی ئەم زەمانەی کرد (٢٢٤ پا.م) . لە ئیعتباری ساڵی ٢٢٨ (پا.م)ەوە قەیسەری ڕۆم، ئەلسکاندر، لەگەڵ ئەردەشیردا لە جەزیرە و ئەرمینییەدا دەسی کرد بە شەڕکردن و لە نەتیجەدا «حەرران» و «نەسیبین» و لە پاشدا ئەرمینییە و وڵاتی «کوردوئەن»یش کەوتە دەس ئەردەشیر.

مەزهەبی زەردەشتی لەم سرەیەدا و لە تەڕەف «ئەردەشیر بابەکان»ەوە بوو بە مەزهەبی ڕەسمیی ئێران. لە زەمانی «شاپوور»ی ئەووەڵدا ئەرمینییە و کوردستان ئیختلالی کرد و شیمالی ئەلجەزیرەش تێکچوو. شاپوور ئیختلالەکەی تەسکین کرد و «حەرران» و «نەسیبین»یشی گرتەوە، بەڵام ئەوەندەی پێ نەچوو وڵاتی «کوردیەن» دیسان عوسیانی کرد و لەشکری «والەریان»، ئیمبراتۆری ڕۆم داخڵی جەزیرە بوو و حەتا «تیسفوون» (=مەداین)یشی موحاسەرە کرد. قیسمێ لەشکری ڕۆم لەگەڵ خەڵکی «کوردیەن» کەوتنە شەڕەوە و قڕاڵەکەیان کوشت و خەلەفی ئەو، لەگەڵ ئێران سوڵحی کرد و بەم تەرحە ئەرمەنستان و کوردیەن تابعی ئێران بوو (٢٤٤ پا.م). لە بەینی ٢٥٨ و ٢٦٠ی پاش میلاد دیسان لە بەینی شاپوور و والەریاندا شەڕ هەڵگیرسا و ئیمبراتۆر لە «ئودەسا»دا لەگەڵ لەشکرەکەی ئەسیر بوو.

ئیمبراتۆری ڕۆما، «دیوقلەتیەن» لە زەمانی «نەرسی»دا کە حەوتەم شاهی ساسانی بوو، تەعەڕوزی کرد و وڵاتی کوردوئەن و ئەرمینییەی داگیر کرد، لە پاشدا لەشکری ئێران سەندیەوە و لەگەڵ ئۆردووی ڕۆمادا لە نزیک حەرران تێک ئاڵان و لەشکری ڕۆمایان خراپ شکاند (٢٩٦ پا.م). ساڵی دوایی، سەرداری ڕۆما «کالەریوس» بە سەر ئەرمینییەدا تەعەڕوزی کرد و ئۆردووی ئێرانی شکاند و بیلزات نەرسی بریندار بوو. لە دواییدا لە سەر تەڵەبی ئێران موساڵەحە کرا و ئێران پێنج وڵاتی «ئەرزون، مووک ، زابدە، ڕەجیمە، کاردۆ»ی بۆ ڕۆما بەجێ هێشت و لەگەڵ بەعزێ شرووتی قورستر دیجلە بە حدوود قەبووڵ کرا (٢٩٧ پا.م). لە پاش ئەم موەفەقییەتە حکوومەتی ڕۆما لە دەوری گۆمی وان، ئەرمەنستانێکی تەشکیل کرد و تیردادی کرد بە قڕاڵی و بەشی لای ژوورووی کوردستانیشی عەلاوەی ئەم حکوومەتە کرد.

لە پاش ساڵێک مەزهەبی عیسەوی بە گوێرەی فەرمانی «میلان»، بوو بە مەزهەبی ڕەسمی ڕۆما (٣١٣ پا.م). لە ساڵی ٣٣٨ پا.م.دا دیسانەوە شەڕ لە بەینی شاپووری دووەم (ذو الاکتاف) و ڕۆمادا دەسی پێکرد و دوانزە ساڵێک دەوامی کرد. چەند ساڵێک لەمەو پێش دینی مەسیحی داخڵی ئەرمەنستان بووبوو و ئەرمەنییەکان بە فکرێکی سیاسی ئەم دینەیان قەبووڵ کرد. تیرداد، حوکمداری ئەرمەنیش قەبووڵی کرد. لە ئیعتباری ئەم تاریخەوە دینی مەسیح و ئایینی زەردەشتی کەوتنە مجادەلەوە. خەڵکی شاخ و کێوان (کورد) لە سەر مەزهەبی زەردەشتی مانەوە و دینی مەسیحییان قەبووڵ نەکرد (دوایی واریسانی خولەفا) و ئەم دینە تازەیە هەر لە بەینی خەڵکی شاران و توججاردا بڵاو بووەوە و تەئسیری بۆ دەرەوەی شاران و قەسەبات نەبوو. لە زەمانی «یەزدگورد»ی دووەمدا ئێران حەربێکی مەزهەبی لە ئەرمەنستاندا دەس پێکرد و گەلێ لە ڕوئەسای ڕوحانییە و گاورەکانی کوشت. ئەم شەڕ و شۆرەی مەزهەبی، لە زەمانی چەند حوکمدارێکا دەوامی کرد.

شاپوور، لە ساڵی ٣٥٠ پا.م.دا «نەسیبین»ی موحاسەرە کرد و بەبێ زەوتکردن بەجێی هێشت و لە ساڵی ٣٦٠دا دیسانەوە هاتە سەر کوردستان، قەڵای «ئامەد = دیاربەکر»ی موحاسەرە کرد و زەوتی کرد. لە دوای ئەمە «بازبد = بازبدی» (کە نزیک جەزیرەی ئیبن عومەر بوو)ی گرت. قەیسەری ڕۆم، ژولیەن ، بە لەشکرێکی گەورەوە (٣٦٣ پا.م) لە فورات پەڕییەوە و «فەیرووز شاپوور» و چەند شارێکی بەینولنەهرەینی گرت و لە دواییدا لە دیجلە پەڕییەوە بە قەراغی چەپیدا ڕۆیی. دۆنمای ڕۆمیش لە فوراتەوە بە قەنالی «شاهی»دا هاتە دیجلە و لەگەڵ ئۆردووی بەڕڕیدا تەوحیدی حەرەکەتی کرد. ژولیەن تا مەداین هات و لە پاشدا گەڕایەوە بۆ سەر کوردستان و لە گەڕانەوەدا لە تەڕەف ئۆردووی ئێرانەوە شکێنرا و خۆشی کوژرا. لە دواییدا لە بەینی دوو حکوومەتدا سوڵح کرا و تەقریبەن کوردستان و ئەرمینییە بە تەواوی کەوتە دەس شاپوور. بەڵام لە پێش تەتبیقی شەرائیتی سوڵح دیسانەوە شەڕ دەسی پێکرا و لە ٣٧٦دا بە موحافەزەیی بێ‌تەڕەفی دەرحەق بە ئەرمەنستان و گورجستان ڕێک کەوتن.

لە زەمانی شاپووری سێیەم (٣٨٢- ٣٨٨ م)دا ئەرمەنستان لە بەینی حکوومەتی ڕۆما و ئێراندا تەقسیم کرا، یەعنی کرا بە دوو حکوومەت و حوکمدارەکانیان شاهزادەکانی ئەشکانی بوو. لە زەمانی بەهرامی چوارەم (سیانزەمین حوکمداری ساسانی)دا، خەسرەو، حاکمی ئەرمینییەی ئێران، عوسیانی کرد و لەشکری ئێران لە ناوی برد (٣٩٣ م).

لە زەمانی بەهرامی پێنجەم (بەهرامی گوور)یشدا وڵاتی کوردستان بووە سەحنەی حەرب و هەر لە زەمانی ئەم حوکمدارەدا حکوومەتی ئەرمەنی بوو بە وڵاتێکی ئێران (٤٢٢ م).

«قوبادی ئەووەڵ»، شاهی ساسانی، لە مەبادیی عەسری شەشەمی میلادیدا لەشکری کردە سەر ڕۆم و کوردستان کەوتە ژێر ئیستیلاوە و «ئەرزڕۆم» و «دیاربەکر»ی زەوت کرد. دیسان هەر لەم عەسری شەشەمەدایە کە عەشائیری گۆرانی کورد، لە ژێر ئیدارەی ڕەئیسەکەیانا کە ناوی «گوئاتانزا» بوو، حکوومەتێکی گەورەی دامەزراند، پایتەختەکەی کرماشان بوو و وڵاتی ئازەربایجانیشی تیا داخڵ بوو (مەسئەلەی کوردستان و تورک، لاپەڕە ٢٤). لە ساڵی ٥٠٢م.دا شەڕێکی گەورە لە بەینی سەرداری ئێران، «گوازی فیرووز» و ئۆردووی ڕۆما واقیع بوو و کوردستانی مەرکەزی کەوتە دەس ئێران و خەڵکی میافارقین نەقڵ کرایە خووزستان. ساڵی دوایی دیسانەوە لە جەزیرە و کوردستانی خواروودا شەڕ و دەعوای ئێران و قەیسەری ڕۆم دەوامی کرد.

«خەسرەوی ئەووەڵ» (ئەنووشیروانی عادڵ) لە ٥٦٢دا کە بۆ «لازیکا» چوو، بە سەر کوردستاندا ڕۆیی و لە دواییدا کە بۆ تەئدیبی تائیفەی خەزەر سەفەری کرد، دیسانەوە خەتتی حەرەکەتەکەی، کوردستان و ئەرمینییە بوو. لە ٥٧٢دا کە قەیسەری ڕۆم هاتە سەر «نەسیبین» و موحاسەرەی کرد ئەنووشیروان بە لەشکرێکەوە ڕووی کردە قەیسەر و ئۆردووی ڕۆمی شکاند و ئەم شەڕە نزیکەی پێنج ساڵ توولی کێشا و قەڵای «دارا» بۆ تەڕەفەین بوو بە غایەی شەڕ.

«خەسرەوی پەروێز»یش لە ٦٠٥دا ڕووی کردە شیمالی جەزیرە، «دارا» و «دیاربەکر» و بەعزێ وڵاتانی تری لە حکوومەتی ڕۆم زەوت کردن. ئۆردوویەکی تریشی بە سەر کوردستانی ژووروودا ڕۆیی بۆ «قەپادوقیا». لە ئیعتباری ٦٢٢ی میلادییەوە قەیسەری ڕۆم، هەرقل (هراقلیوس) کەوتە موقابل تەعەڕوزەوە، بە ئۆردوویەکەوە ڕووی کردە ئەرمینییە و کوردستان و لەوێ لەشکری «شەهربراز»ی سەرداری ئێرانی شکاند و ساڵی دوایی لە جیهەتی ئازەربایجانەوە ڕووی کردە ئێران و لەشکری ئێرانی شکاند و دەسی کرد بە یەغما و تەخریبی ئێران و ئاتەشکەدەکانی، باخسووس ئاتەشکەدەی زۆر مەشهووری «ئازەرگشتاسب»ی تەخریب و تاڵان کرد. ساڵی دواتریش لە کوردستاندا لەشکری ئێرانی پارچە پارچە شکاند. لە ساڵی ٦٢٧ی میلادیدا لە نزیک نەینەوای قەدیم شەڕێکی تر لە بەینی ئۆردووی هەرقل و خەسرەودا ڕووی دا و ڕۆمەکان موەفەق بوون. لە عەینی ساڵدا وڵاتی کوردستان، باخسووس بەشی جنووبی و شەرقی شارەزوور تووشی تەخریباتێکی زۆر بوو و تا ٦٣٩ بە دەس هراقلیوسەوە مایەوە. حەتا هەرقل بۆ تەعقیبی خەسرەوی پەروێز بە سەر شارەزووردا تێپەڕی و مانگی شوباتی ٦٢٨ی لە شارەزووردا ڕابوارد و هیچ شار و گوندی تیا نەهێشت و سووتاندی و لە پاشدا ڕووی کردە «ئەردەڵان» (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام، جڵدی ٢، لاپەڕە ١٠٣٤).

ئەم وەقائیعە تەسادوفی زهووری ئیسلامی کرد و لەم وەقتەدا بوو کە ڕۆژی هیدایەت لە ئوفوقی موبارەکی مەککەی موکەڕڕەمەوە هەڵات و بەرەبەرە دەسی کرد بە ڕووناککردنەوەی وڵاتانی ئەتڕافی.