نایری (Nairi)

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 7 خولەک  776 بینین

ئەو قەومە دڕ و گەورەیە، وەکوو لە فەسڵی دووەم (مادەی ٣)دا باسمان کرد، هەموو ئەقوامی کوردستانی تەمسیل کردووە و جێگەی «سوباری»ی بە تەواوی گرتۆتەوە. زۆر جێگەی ئەسەفە کە دەرحەق بە تاریخی ئەم «نایری»یەش مەعلووماتێکی دروستمان نییە. قڕاڵی ئاسووری، «تیغلات پلایسەر»ی ئەووەڵ، لەگەڵ بیست و سێ قڕاڵی نایری و چەند موتتەفیقێکیانا لە دەشتی «مەلازگەرد»دا شەڕێکی گەورەی کردووە و لە مەنبەعی دیجلەدا ستوونێکی زەفەری بۆ ئەم شەڕە داناوە و تەفسیلاتی لە سەر نووسیوە (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام).

لە ٩١٠ پ.م.یشدا لەشکری ئاسووری چۆتە سەر وڵاتی «کوتموخ» و لە بەینی «جۆدی» و دیجلەدا» شەڕی لەگەڵ نایری کردووە و ئەم وڵاتەی هێناوەتە ژێر ئیتاعەتەوە. «توکولتی نینیب»ی دووەم (٨٩٠- ٨٨٤ پ.م)یش دیسانەوە زۆریان لەگەڵ خەریک بووە.

خولاسە، کەم قڕاڵی ئاسووری بووە کە لەگەڵ ئەم عەشائیرە دڕەی نایرییەدا کەم یا زۆر خەریک نەبووبێ و ئەمەش وە نییە کە دائیمەن لە شکڵی تەعەڕوزدا بووبێ، گەلێ جار عەشائیری کێویی نایری، ئاسوورییەیان تەهدید کردووە و ئۆردووی ئاسووری تەنیا بۆ موحافەزەی مەملەکەتەکەی خۆیان لەگەڵیانا کەوتۆتە شەڕەوە. مەسەلەن ئەبینین کە عەشائیری نایری لە ٧٤٣ پ.م.دا لە شیمالی شەرقییەوە ڕوویان کردۆتە وڵاتی ئاسووری و تا ناوەڕاستی هاتوون و «تیغلات پلایسەر»ی چوارەم بە هەزار حاڵ ئەم عەشائیرەی لە ئاسوورییە کردۆتە دەرەوە و تا پشت شاخی جۆدی بردوونی (تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب، لاپەڕە ٤٦٢).

مەشهوور «سناخریب»ی قڕاڵی ئاسووری (٧٠٥- ٦٨٢ پ.م)ش لە ٦٩٩پ.م.دا لە دەوری شاخی جۆدیدا شەڕێکی بە توولی لەگەڵ کردوون و ئەم سەفەرەی بە «سەفەری پێنجەم» قەید کراوە.

موستەشریقی مەشهوور میجەرسۆن لە بەحسی نایریدا ئەڵێ:

«وڵاتی نایری هەر بەشی لای ژووری زێی گەورە (زابی گەورە) نەبوو. واقیعەن «تیغلات پلایسەر» و ئەحفادی، بەو قەومەی کە لە مەنبەعی دیجلە و فوراتدا و لە شیمالی «نیفاتس»دا یەعنی لە وڵاتانی «دیاربەکر»، «خەربوت»، «دێرسیم»ی ئێستادا و لە شاخانی بتلیس و توروسدا ساکن بوون، «نایری»یان ئەگوت و ئەم وڵاتانەش ئەو مەملەکەتەیە کە لە دوای لەناوچوونی حکوومەتی میدیا و لە ئەواسیتی دەوری حکوومەتی «ئەخمەن»ی فارسدا (٤٠١ پ.م) قەومی «کوردوئەن»ی قەهاری تیا بینراوە و ئەم قەومە لە ئەجدادی کوردی ئیمڕۆ و ئەحفادی «مەد»ی مەشهوورەی دوێنێ بوون.

لەو تاریخەوە کوردستان وەتەنی بەعزێ ئەقوام بووە کە زمانێکی قەدیم و نەتێکەڵاویان هەبووە، دەلیلی ئەم ئیدیعایەش ئەوەیە کە لەو وەقتەدا کە کۆمەڵە گەورەکانی ئەقوامی ئاری لە جێگەی قەدیمیانەوە ڕوویان کردۆتە وڵاتانی «فارس» و «میدیا» و بەشێکی ئەورووپا، قەومی کوردیش هاتە شاخ و کێوانی کوردستان و تیا دانیشت و بیلزات ئێمەش (ئینگلیز) بە موناسەبەتی قەومی قاقسۆنەوە نەتەوەی ئەوانە و خزمی کوردین. قەومی کورد، خوێنی لەگەڵ خوێنی ئەقوامی تر تێکەڵ بووە و دائیمەن وەکوو زمانەکەیان، خوێنەکەشیان لە تێکەڵبوون لەگەڵ خوێنی عەناسری غەیرەدا پاراستووە.

لە دوای ئەمە کە «مەد» و «پارسی»، حکوومەتیان لە دەس چوو، قەومی «پارسی» ئیتاعەتی قووەی حاکمە یەعنی «پارت»ی کرد، بەڵام قەومی «مەد» خۆی کێشایە قەڵا و شاخانی و لە ئیعتیباری ئەم دەورەوە تاریخیان بە ناوی «کوردوئەن» یەعنی «کورد»ەوە دەوامی کرد.

ئەکسەنوفۆن تووشی ئەم قەومی «کوردوئەن»ە بووە و «کاردۆخۆی»ی پێ گوتوون و زەرەر و زیانێکی زۆری بە دەستیانەوە کێشاوە. هەر کەسێ «ڕەجعەتی دەهەزارە»ی موتاڵا کردبێ، ئەزانێ کە ئەکسەنوفۆن چی بە سەر هاتووە. ئەم قوماندانی یۆنانییە قەومی «کوردوئەن»ی لە «ئانتی توروس»دا دیوە کە ئیمڕۆ ئێمە «حەکاری» وەیا «کوردستانی مەرکەزی» پێ ئەڵێین.

ئەگەر تەماشای بەشی لای ژووری ئاسیای غەربی بکەین، ئەبینین کە مەیدانی ئینقلاباتی گەورە و عموومی بووە، ئیستیلا و فتووحاتی قۆماندانە مەشهوورەکان، کە ناویان لە تاریخی عالەمدا بەناوبانگە، لەم وڵاتەدا جەرەیانی کردووە و ئەم فاتحانەش ئاسووری، پارسی، یۆنانی، ڕۆمانی و عەرەبی، تورک و موغول بوون و ئەبینین کە قودرەتی موقاوەمەتی کورد بەرامبەر بەمانە، لە موقاوەمەتی ئەقوامی تر زیاتر بووە و لە بەینی ئەقوامی تری ئەم وڵاتەدا هەر تەنیا قەومی کوردە کە توانیویەتی بەرامبەر بە هەموو لەشکرێک خۆی ڕابگرێ و سافییەتی زمان و خوێنەکەی موحافەزە بکا. بەڕاستی قەومی کورد، بەعزێ مەفاخری هەیە کە هیچ ئینسانێکی بەئینساف ناتوانێ تەقدیری نەکا».

مێجەرسۆن لە سەر ئەم بەحسە دەوام ئەکا و ئەڵێ:

«ئەم دەشت و کێوانە لای ژووری ڕێگەی ئۆرفە ـ مووسڵ، کە لە مەبادیی تاریخەوە ناسراوە، لە بەینی وڵاتانی شیمالی و جنووبی ئەلجەزیرە (مەزۆپۆتامیا)دا سەرحەدێکی سیاسی و تەبیعی بووە و ئەو شاخە تاریک و بەرزانە (مەقسەدی تۆر عابدینە) کە ناوی قەدیمی «نیفات» بووە، ئێستا لە بیرمان چۆتەوە، سەرچاوەی دیجلە (تیغریس)ە ، لە زەمانی «تیغلات پلایسەر»ی قڕاڵی ئاسووریدا (١١٠٠ پ.م) حدوودی لای ژووری ئاسوورییە بوو و لە پشتەوە وڵاتی نەزانراوی «نایری» هەر بووە، ئەم قڕاڵە گەورەیە دائیمەن هەوڵی بۆ داگیرکردنی ئەدا. لە دواییدا ناوی وڵاتی نایری بوو بە «کوردوئەن»، کە بە تەواوی «کوردوئەن» وەیا «کورد»ە. لەمەوە تێئەگەین کە قەومی کورد، لە مەبادیی تاریخی عیرقی ئاریدا هاتۆتە ئەم وڵاتە و جێگیر بووە.

ئۆردووی قەومە گەورەکان، وەکوو یۆنانی، پارت (ئەشکانی) و ڕۆما لە بەردەمی ئەم کێوانەدا ڕوویان وەرگێڕاوەتەوە. دەشتەکانی جنووبی ئەم شاخە بەرزانە شاهیدی شکان و گەڕانەوەی گەلێ میللەتانی شەرقن، تەنیا ئاسووری توانیویەتی کە داخڵی وڵاتی نایری (کوردوئەن) بێ کە خەڵکەکەی لە مەیلی سەربەخۆییدا لە کوردی ئیمڕۆ دوا نەکەوتوون. بەڕاستی ئەم قەومە، کە بە ژیانی بەسیتی، بە ئازایی و فکری خۆ موحافەزە کردنی مەشهوورە، بە تەواوی تێکەڵ نەبوونی لەگەڵ فاتحە گەورەکانیا جێی حیرەتە ... ئەو حیسسە کە قەومی کورد بە موستەشرقین و موئەرریخی داوە ئەمەیە: کورد تەحەککوم قەبووڵ ناکا، ناشکێنرێ و لە ناو نابرێ ، حەز لە مەدەنییەت و پێشکەوتن ئەکا، وەتەنەکەی بە کەس نادا، حەز لە چارەی ئەو قەومانە ناکا کە ئەیانەوێ حوکمی بە سەردا بکەن. ئەیەوێ لە شاخ و دۆڵانی خۆیدا میللییەت و زمانەکەی موحافەزە بکا».