سوباری (Subari)

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 2 خولەک  840 بینین

ئەم ناوە لە پێشا، یەعنی لە دەورەی ئاکاددا، تەعبیرێکی جوغرافی و ناوی مەملەکەتێکی زۆر گەورە بووە لە حدوودی شیمالی غەربی «عیلام»ەوە تا شاخی «ئامانۆس» چووە. لە دواییدا بۆتە عینوانی عەشائیرێکی زۆری کوردستان؛ ئەم عەشائیرە لە ئەقوامی ئەساسییەی زاغرۆس جیا بوون. بەشێکی ئەقوامی سوباری، لە مەزۆپۆتامیا، سووریە و ئەناتۆلیشدا بووە. وەکوو لە سەرەوە گوتمان، بەعزێ موستەشریقین «میتانی»ش بە قۆڵێکی «سوباری» دائەنێن و ڕەنگە قۆڵی مەزۆپۆتامیای «هۆری»ش لە ژێر ناوی «سوباری»دا ناسرابن (سپایزەر). سێر سیدنەی سمیت ئەڵێ: بەشی غەربی دیجلە [لە خەڵکی] سوباری، بە ناوی هۆرییەوە ناسراوە.

دەرحەق بە تاریخی سیاسیی ئەم قەومە مەعلوومات زۆر کەمە. تەنیا لە وەسائیقی بەعزێ شەڕی قڕاڵانی ئاسووری کە لەگەڵیانا کردوون ناویان هێنراوە. «تیغلات پلایسەر»ی ئەووەڵ (١١١٠- ١١٠٠ پ.م) یەکێ لە شارانی مەشهوورەی سوباری کە «شەریش» بووە، موحاسەرە کرد، لەم شەڕەدا عەشائیری سوباری لەگەڵ موشکی و کارتیدا موتتەفیق بوون و مودافەعەیەکی مەردانەیان کردووە (تاریخی قەدیمی ئاسوور).

لە دەوری حکوومەتی ئاسووریدا ئەم ناوی «سوباری»یە بە تەدریجی ون بووە و لە جێگەی ئەو، ناوی «نایری» هاتە مەیدانەوە و ئاسوورییەکانیان زۆر هیلاک کردووە.