میتانی (Mitanni)

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 2 خولەک  890 بینین

موحەرریری «تاریخی بابلستان»، سێر کینغ، ئەم قەومە بە قۆڵێکی کاسای دائەنێ و ئەڵێ لە عیرقی ئارییە، بەڵام ئیزاحاتی «ئەقوامی مەزۆپۆتامیا، لاپەڕە ١٢٨ و ١٣٥» نەوعێکی ترە و ئەڵێ: شوعبەیەکی قەومی «سوبارو = سوبارتۆ»یە. لە فوراتی ئەوسەتدا (بەینی مووسڵ ـ جەرابلس) بوون، تەقریبەن لە عەسری شانزەمینی پێش میلاددا حکوومەتێکی بەقووەتیان دامەزراندووە (تەفسیلاتی لە جڵدی دووەمدایە) و یەکێ لە چوار حکوومەتە گەورەکان (میسر، هیتیت، کاردۆنیاش، میتانیش)ە. پایتەخی، شاری «واششوغانی» بوو. لە ئەوراقی «ئامارنا»دا باسی مناسەبەتی «میتانی» لەگەڵ حکوومەتی میسردا کراوە. کاغەزێکی «توشراتا»ی قڕاڵیان کەشف کراوە و بە زمانی میتانی نووسراوە و ٦٠٠ دێڕە. وەلحاڵ زمانی سیاسیی ئەو زەمانە «ئاکادی» بووە. موستەشریق بۆرک ئەڵێ: زمانی ئەو کاغەزە لە عەناسری زمانی «قۆقازی»یە.

وڵاتی میتانی بە عینوانی «سوباری»ش مەشهوور بووە. لە مەنتیقەی کەرکووکدا چەند هەزار وەسیقەیەک دەرحەق بە سوباری و میتانی کەشف کراوە. لە «بوغازکۆی»شدا گەلێ ئاساریان دۆزراوەتەوە. موستەشریق جەنس ئەڵێ تەعبیری «میتانی» بۆ خانەدانی حکوومەت بوو و ئەسڵی قەومەکە «سوباری» بوون و ناوی وڵاتەکەیان «هانی گالبات» بووە و ئەم تەفسیرە لەگەڵ ئەلواحی دۆزراوەی کەرکووک تەوافوق ئەکا.

ئەم حکوومەتی میتانییە، لە دەوری سەڵتەنەتی «ئاشوور ناسرپاڵ»ی سێیەمدا بەرەبەرە وڵاتانی لە تەڕەف ئاسوورییەوە زەوت کرا و حکوومەتەکەی لە ناو چوو (تاریخی عموومیی موئەرریخین). وەکوو لە جڵدی دووەمدا ئەیبینین ئەم حکوومەتە بەینێک زۆر بەقووەت بوو، سووریە، وڵاتی عامووری، بەشێکی کوردستان تا ئۆرفا و وڵاتی ئاسووری هەموو لە ژێر حوکمیدا بوون.

ئەهالیی قەدیمەی میسر بەم «میتانی»یەیان گوتووە «ناهاری» و لە توورانیشدا بە «ئارام-ناهارەم» ناو براون (تاریخی عموومیی موئەرریخین، جڵدی ٢، لاپەڕە ٣٨١). بە گوێرەی ئەم ناوە هیچ بەدوور نییە کە ئیسمی «نایری» لەم «ناهاری»یەوە هاتبێ.