کاسای (Kassites)

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 6 خولەک  559 بینین

قەومی کاسای وەیا «کاششو»ی ئاکاد وەیا «کوش»ی ئینجیل و بابلی، لە مەنزوومەی زاغرۆس بووە. بەرەبەرە شەرقی بابلستانی تا قەراغ دیجلە داگیر کردبوو. زۆر جار وڵاتی بابلستانی ناڕەحەت و تاڵان ئەکرد. حەتا «ئامی-زادوغا»ی قڕاڵی بابل، کە چوارەم خەلەفی حەموورابی بوو (١٩٧٧- ١٩٥٦ پ.م)، بۆ بەربەستکردنی هجووم و خراپەی قەومی «کاسای»، لەگەڵ عیلامییەکانا ئیتفاقێکی تەدافوعی کردووە (تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب، لاپەڕە ١٩٨). عەشائیری کاسای لە زەمانی «سامسو-ئیللونا»دا هەڵیانکوتایە سەر بابلستان بەڵام پێیان زەوت نەکرا.

لە زەمانی یانزەمین و ئاخر قڕاڵی بابل، «سامسو-دیتانا»ی عامووریدا قەومی «خاتی»ی ئەناتۆلی، لافاوی تاڵان و تەخریبیان گەیاندە بابلستان و وڵاتەکەیان وێران کرد و لە ناو خوێن و فرمێسکدا بەجێیان هێشت و گەڕانەوە وڵاتی خۆیان. ئەم حادیسەیە بووە سەبەبی لەناوچوونی حکوومەتی عامووری. بەڵام لە لایەکی تریشەوە خدمەتی غایەی سیاسییەی قەومی کاسای کرد، لە دوای ئەم ئیستیلایە ڕەنگە موددەی دوو عەسرێک دیسانەوە وڵاتی بابلستان بە دەس حکوومەتێکی خۆماڵییەوە مابێ. بەڵام دەرحەقی، هیچ مەعلووماتێک نییە. لە نیهایەتی ئەم دەورەیەدایە کە قەومی کاسای، بە موعاوەنەتی عەشائیری خزم (گۆتی، لۆللۆ) و لە ژێر ئیدارەی «غاندیش»ی ڕەئیسیدا هەڵیکوتاوەتە سەر بابلستان و زەوتی کردووە (١٧٦٠ پ.م، و بە گوێرەی سپایزەر ١٧٤٦ پ.م)

فاتحی تازەی بابل، تا موددەتێک داخڵی ئیش و کاری سیاسیی حکوومەتی جنووبی نەکرد. ئەم حکوومەتە نزیک سێ عەسر مەوجوودییەتی سیاسییەی خۆی موحافەزە کردبوو (٢٠٦٨- ١٧١٠ پ.م). ئەم حکوومەتی جنووبە ئاخر تیمسالی «عیرقی سۆممەر»ی قەدیم بوو. لە دوای لەناوچوونی ئەم حکوومەتە، قەومی سۆممەریش ون بوو و زمانەکەشی بوو بە زمانێکی مردوو و هەر لە تەڕەف قەشەکان (ڕەهبان)ەوە موحافەزە کرا.

لە زەمانی حکوومەتی «ئی. گامیل» دا دوایی حکوومەتی سۆممەری هات (غالبەن لە ١٧١٠ پ.م). ئەم قڕاڵە ویستی وڵاتی عیلام زەوت بکا، فەقەت بۆی نەچووە سەر و شکا و گێڕایەوە دواوە. لەو وەقتەدا دایکی لە ڕوئەسای کاسای، کە ناوی «ئولام-بوریاش» بوو، هەڵیکوتایە سەر «ئی-گامیل» و حکوومەتەکەی لە دەس سەند وەکوو تابعێکی قڕاڵی بابل، کە باوکی بوو، ناوی «بورنابوراریش» بوو، وڵاتی سۆممەری ئیدارە کرد. لە دوای چەند ساڵێک، دوایی حادیسە ڕووی دا و قڕاڵی کاسای بابلستان (ئاگۆم)ی سێیەم کە برازای «ئۆلام بوریاش» بوو، ئاخر قەڵای خەڵکی وڵاتی ساحلی کە «دوور-ئی» بوو گرت.

لە دوای ئەمە کە وڵاتی ساحل (وڵاتی سۆممەر) بە تەواوی زەوت کرا، قڕاڵی کاسای، عینوانی «کاردونیاش»ی بۆ دوو وڵاتەکە (سۆممەر و ئاکاد)، قەبووڵ کرد و بەم ناوە تازەیەوە نزیک شەش عەسر (لە ١٧٤٦ەوە تا ١١٧١ پ.م) (بە گوێرەی سپایزەر) ئەم حکوومەتە بە شان و شەوکەتە دەوامی کرد و ویسعەتی مەملەکەتەکەی لە ویسعەتی ئیقلیمی «خەموورابی»ش زیاتر بوو. قەومی «هیتیت»یان بە تەواوی شکاند و بوتەکانی بابلیان لێ سەندنەوە. واقیعەن خەموورابی و ئەسلاف و ئەخلافی نەیانتوانیوە کە حەتا وڵاتی سۆممەریش بۆ خۆیان ساغ بکەنەوە (دەرحەق بە حکوومەتی کاسای لە جڵدی دووەمدا تەفسیلات ئەدرێ).

قەومی کاسای، وەکوو عەشائیری گۆتی لە دوای لەناوچوونی حکوومەتەکەیان گەڕانەوە زاغرۆس. لە دوای حکوومەتی ڕۆما، هێندێ لە عەشائیری کاسای، لە خووزستاندا و لە دەوری سووس بینرا و لە ئاساری قەدیمە وا دەرئەکەوێ کە بەشی جنووبی شەرقی کاسای، بەینێک لە ژێر حوکم و نفووزی عیلامیدا بووە (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام) .

خولاسە وا دەرئەکەوێ کە ئەم قەومە تا میلاد و بەڵکوو تا دواییشی هەر بەو ناوەوە لە وڵاتی لوڕستاندا بوون و بەرەبەرە ئەو ناوە ون بووە و لە جێگەی ئەو، عەشائیری لوڕ پەیا بووە. واقیعەن لە بەینی لەفزی «کاسای = کاشوو = کوشی» و «لوڕ»دا موشابەهەتێکی لەفزییە نییە و تەعبیری لوڕ، هەر وەکوو نەزەرییەی پرۆفیسۆر سپایزەر [ئەڵێ]، نزیکی لەفزی لۆللۆیە؛ بەڵام هیچ بەدوور نییە کە لەفزی لوڕ، ناوی شوعبەیەکی کاسایی بێ و لە دواییدا بووبێتە عینوان بۆ هەموو عەشائیرەکە.

عیرق و دیانەت:

بەشی زۆری موستەشریقین لەو قەناعەتەدان کە ئەم قەومە لە عیرقی ئارییە. پرۆفیسۆر سپایزەر و بەعزێکیش ئەڵێن بە نەزەر زمانەکەیانەوە ڕەنگە لەگەڵ عیرقی «قۆقازی»دا ڕابیتە و مناسەبەتیان بێ. قەومی «کاسی»، وەکوو دراوسێکان، بوت‌پەرست بوون و هەرە گەورەی مەعبوودەکانیان «سریاش» یەعنی «الهة الشمس» بوو. مەعبوودەکانی تریان، «خارب، دونیاش، شاخ، شیپاک، شوکامونا ... الخ»ە. تەعبیری «ئیلاهە» بە زمانی کاسای، «بوغاش» بوو.

دەرحەق بە ئایین و عیبادەتی ئەم قەومە مەعلووماتێک نییە. (تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب)

زمان و مەدەنییەت:

بە گوێرەی میستر هۆل، زمانی کاسای، ئاری بووە، مەسەلەن وەکوو «ئایندابوغاش» کە بە سەڕاحەت کەلیمەیەکی ئارییە و موقابەلەکەی بە پارسی «ئینتافەرنەس»ە. مستەر پینچێر دەرحەق بە زمانی کاسای، کتێبێکی نووسیوە بەڵام ئەوەندە باوەڕی پێ ناکرێ. لەگەڵ ئەمەشدا مناسەبەتی زمانی کاسای لەگەڵ زمانی کۆمەڵی زاغرۆسدا بێشوبهەیە. (ئەقوامی مەزۆپۆتامیا).

موستەشریق هۆزینغ ئەڵێ لەهجەی کاسای لە زمانی شیمالی عیلامی ئەکا، و لە تەڕەفێکی تریشەوە بەعزێ ئەسمای کاسای لە ناوانی «هۆری» ئەکا. خولاسە بە تەواوی ساغ نەکراوەتەوە.

دەرحەق بە مەدەنییەتی ئەم قەومە مەعلووماتێکی وا نییە. بە ڕەغمی ئەمە، وا دیارە لە پێش تەشکیلی حکوومەتی بابلیدا لە خسووس زەراعەتەوە قابلیەتێکی بەرزیان بووە، جنسی ئەسپیان بۆ ئەرەبانە ڕاکێشان و بۆ سواری ئیستعمال کردووە. ئەم بەرزەوڵاخە لە تەڕەف ئەمانەوە هێنراوەتە بابلستان. لە دوای فەتحی بابل، مەدەنییەتی بابلییەکانیان قەبووڵ کردووە، لە خەت و سەنایعیشدا ئیستفادەیان لێ کردوون.