گۆتی (Guti)

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 7 خولەک  847 بینین

وەکوو لە مادەی سێیەمی فەسڵی دووەمدا باسمان کرد، ئەم قەومەش لە کۆمەڵە گەورەی زاغرۆسە و بە گوێرەی فکر و قەناعەتی بەعزێ موستەشریقین بە ئاشکرا ئەسڵی زۆر قەدیمی کوردە و لە زاغرۆسدا مەنتیقەیەکی گەورەی بە دەستەوە بووە و حکوومەتێکی سەربەخۆشی بووە. بە گوێرەی جەدوەلی حوکمدارانی «تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب»، ئەبێ ئەووەڵ قڕاڵی ناسراوی، «ئانناتوم» بێ کە لەگەڵ «عیلامی»دا شەڕی کردووە و لە عەینی وەقتدا قڕاڵی «لاغاش» بووە (لە عەسری ٣١ی پێش میلاددا).

عەینی جەدوەل باسی «لۆگال زاگیس»ی «گۆتی» ئەکا کە لە قەڕنی ٢٩یەمینی پێش میلاددا قڕاڵی «ئەریخ» و «سۆممەر» بووە. یەکێ لە قڕاڵانی «گۆتی»یش، فاتحی «هالمان»، «ئاننوبانینی» بوو کە پێش دەوری «سارغۆن»ی ئاکاد کەوتووە. دوقتۆر سپایزەر لە کتێبە نایابەکەی خۆیدا (لاپەڕە ٩٩) ئەڵێ بە گوێرەی ئەسمائی خاسسەی سۆممەری، مومکینە ئیدیعا بکرێ کە لە زەمانی حکوومەتە هەرە قەدیمەکانیشدا لە وڵاتی «سۆممەر»دا عەناسری «گۆتی» بووە و لە دوای ئەمە کە ئەم عەشائیری «گۆتی»یە قووەت و نفووزێکی زۆریان لەو وڵاتەدا پەیا کرد ئینجا هەڵیانکوتایە سەر وڵاتی ئاکاد و قڕاڵە گەورەکەی ئاکادیان، کە مەشهوور «نارام-سین» (عەسری ٢٧ی پێش میلاد) بوو، شکاند و لە دوای موددەتێک وڵاتی ئاکادیشیان داگیر کرد و بەڵکوو نزیک دوو عەسرێک حکوومەتیان تیا کردووە. لە مەجرای حادیسات، کە لە ئاساری دۆزراوە دەرهێنراوە، وا دەرئەکەوێ کە وڵاتی سۆممەر و ئاکاد، موددەتێکی زۆر بە دەس حکوومەتی «گۆتی»یەوە بووە و حوکمدارانی هەرە بەقووەتی، «لاغاش»یش تابعیان بووە. واقیعە دەوری سەعادەتی لاغاش، لە ژێر ئیدارەی «پاتەسی، گودی» دا بووە (٢٥٠٠ پ.م)، تەوافوقی دەوری حکوومەتی گۆتی ئەکا و ڕەنگە گۆدی بە تەواوی گۆتی بێ. زۆر جێگەی ئەسەفە کە دەرحەق بە وەقایعی تاریخییەی ئەم حکوومەتە هەرە قەدیمەی کوردە، مەعلووماتێکی کافی دەس نەکەوتووە و نازانین لە زەرفی ئەو موددەتی حکوومەتەیدا (نزیک دوو عەسر) چی بووە و چەند قڕاڵی حوکمی کردووە و ناویان چی بووە، لە جەدوەلی حوکمدارانی قەدیمەدا کە ساحێبی «تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب»، مستر هۆل، لە ناو کتێبەکەیدا دایناوە، لە بەینی نارام-سین و ئیستیلای حکوومەتی ئوور بە سەر ئاکاددا (٢٧٠٠- ٢٥٠٠ پ.م) ناوی هیچ قڕاڵێک نەنووسراوە. بەڵام دوقتۆر سپایزەر لە کتێبەکەی خۆیدا ئەڵێ ئاخر حوکمداری گۆتیی ئاکاد، «تیرگان» بووە.

بە گوێرەی جەدوەلەکەی میستر هۆل، (لاپەڕە ٢١٠)، ئەبێ لە عەسری ٢٨می پێش میلاددا مەشهوور سارغۆن، یاخود «شارگانی – شارری» لەگەڵ قڕاڵی گۆتی، «شارلاک»دا شەڕی کردبێ و غالب بووبێ (تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب، لاپەڕە ١٨٦).

لە دوای ئەمە کە حکوومەتی گۆتی، لە تەڕەف «ئوتو-هیگال»ی قڕاڵی «ئور-ئوروک»ەوە لە ناو برا، عەشائیری «گۆتی» گەڕایەوە وەتەنی قەدیمی، یەعنی شاخانی زاغرۆس و ئیتر ئەو وڵاتەیان ناڕەحەت نەکردووە. تەنیا لە تەعەڕوزی عەشائیری «کاسای»دا بۆ سەر بابل، قەومی «گۆتی»یش یارمەتی دا. «گۆتی» لەگەڵ «لۆللۆ»دا تێکەڵاو بوون و بەشێک لە وڵاتی «لۆللۆ» بووە، دەلیلی ئەمەش بوونی شاخی «نەیسیر» لە وڵاتی هەر دوو قەومەکەدا و بوونی شارێکی گۆتی لە «زاموا»دایە، ئەم شارەش ئەبێ «ئولوبولاغ = ئابلاخ» بێ کە لە تەڕەف موحەرریرێکی ئاسوورییەوە لە شکڵی «تاغالاغا» و «لاغاب» وەیا «غالاغا»دا نووسراوە. لە ئیعتیباری ئەم تاریخەوە تا مەبادیی حکوومەتی ئاسووری، دەرحەق بە ئەحواڵی تاریخییەی گۆتی، وەسیقەیەک نەدۆزراوەتەوە. زاتەن لە سێ ڕوبعی دووەم هەزار ساڵی پێش میلاددا، حکوومەتی ئاسووری عیبارەت بوو لە بەعزێ حکووماتی پچووک پچووک و بێهێز، نەک ئەمەی کە بتوانن لەگەڵ قەومانی کێویدا خەریک بن، بەڵکوو خۆشیان لە ژێر نفووز و تەئسیری ئەوانا ماون و موددەتێکی زۆر لە ژێر حوکمی «میتانی»دا بوون. ئەبینین کە ئەووەڵ حوکمداری ئاسووری ـ کە ڕەنگە لە عەسری ٢٣یەمینی پێش میلاددا بووبێ ـ کوڕی «ئایاکولابا» بووە کە لە ناوێکی گۆتی ئەچێ. «ئەوشیا» و «کیکیا»ی حاکمانی قەدیمی ئاسووریش کە لە عەینی عەسردا بوون، وا دیارە کە «میتانی»ن. یەکێ لە قڕاڵەکانی ئاسووری عەسری نۆزدەهەمی پێش میلاد کە ناوی «ئاداسی» بوو، ئەبێ زاغرۆسی بێ. لە دوای ئەمەش، «لۆللۆلای»ناو قڕاڵێکیان بووە کە بە تەواوی لە قەومی «لۆللۆ»یە. خولاسە لە ئەواخیری دووەم هەزار ساڵی پێش میلاددا ئینجا ئاسووری بۆتە ساحێبی ئیستقلالێکی سیاسی و لەگەڵ دراوسێیەکانی کەوتۆتە شەڕەوە.

«ئەدادـ نیراری»ی قڕاڵی ئاسووری (١٣١٠- ١٢٨١ پ.م) لە ئەسەرێکی دۆزراوەیا ئەڵێ ئۆردووەکانی «کاسایگ»، «گۆتی»، «لۆللۆم»، و «سۆباری»م شکاند. ئەم «گۆتی»یەی کە لێرەدا باس کراوە، عەینی قەومی «گۆتی»یە کە لە سجیللاتی «سۆممەر» و «ئاکاد»دا باس کراوە. «شەلماناسەر»ی ئەووەڵ (١٢٨٠- ١٢٦١ پ.م) دائیرەی غەلبەی خۆی تا «ئوروئارتی»، یەعنی ئەرمەنیە و «خانی گالبات» تەوسیع کردووە و ئەڵێ: «قەومی گۆتی، کە لە ئاسمانی ئەم دەورەدا وەکوو ئەستێرە ئەدرەوشایەوە و نەک هەر بە زۆری، بەڵکوو بە عەزم و شیددەت و دیهشەت و تەخریباتی، مەشهوور بوو، بەرامبەر بە من عوسیانی کرد و لە دوشمنایەتیدا دەوامی کرد». ئەم ڕیوایەتە دەرحەق بە قووەت و دڕی و ئەخلاق و تەبیاتی ئەم قەومە، تەسویرێکی زۆر تەواوە و عەشائیری نەبەز و نەترسی کوردستانی ئیمڕۆ دێنێتەوە بەر چاو.

دوایی ئەم شەڕە وا بوو کە ئۆردووی ئاسووری، دوشمنەکەی بە موەقەتی شکاند بە تەرحێ کە بۆ قڕاڵانی ئاسوور بۆ تەمسیل، دەرحەقیان زوڵم و وەحشەت کرا و «شەلماناسەر» ئەڵێ: «لە حدوودی «ئۆراتری»یەوە تا ئەگاتە «کەموخی»، لە داخڵی ئەو مەملەکەتە گەورەیەدا خوێنی «کۆتی» وەکوو ئاو ڕێژرا». لەم ڕیوایەتە وا تێئەگەین کە مەنتیقەی عوسیانی قەومی گۆتی، لە ئەرمەنیەوە تا شاخی «تۆرعابدین» چووە. خولاسە، چ بە نەزەر ئەم وەسیقەیە و چ بە ڕیوایەتی «توکولتی- ئینورتا» و قڕاڵە قەدیمەکانی تر، ئەبێ هەموو مەنتیقەی زاغرۆسی ناوەڕاست، وەتەنی قەومی گۆتی بووبێ.

پرۆفیسۆر سپایزەر لە سەر قسەی خۆی ئەڕوا و ئەڵێ: قەومی گۆتی وەیا (کوتی = کورتی)، لە خسووس زمانەوە لە کۆمەڵی زاغرۆسە و لە بەر ئەمە نابێ بە چاوی سامی یا «هیند و ئەورووپی» تەماشای بکرێ. واقیعەن بەعزێ ئەقوامی «هیند و ئەورووپی»ی تێکەڵ بووە و لە ئەواسیتی دووەم هەزار ساڵی پێش میلادیشدا بەعزێ ئەقوامی ئاریە لە مەزۆپۆتامیادا بینراوە و حەتا لە ئەووەڵ هەزار ساڵی پێش میلاددا بەشی زۆری زاغرۆس بووبوو بە «هیند و ئەورووپی» وەیا «ئاری»، بەڵام بۆ بوونی «کۆتی» بە «هیند و ئەورووپی» دەلیلێکی قەتعی نییە (ئەقوامی مەزۆپۆتامیا، لاپەڕە ٩٦-١١٩).