لۆللۆ

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 10 خولەک  711 بینین

ئەم قەومە لە وڵاتی سلێمانیی ئیمڕۆدا بوون. سەرحەدیان هەرچەندە مەعلووم نییە، بەڵام لە لەوحەیەکی دۆزراوەی «زەهاو»دا کە عائید بە «ئاننو-بانینی»ی قڕاڵی «لۆللۆ» و «گۆتی»یە و لە عەسری بیست و هەشتەمی پێش میلاددا نووسراوە، ئەڵێ مەنتیقەی «هالمان» کە وڵاتی «حەلوان»ی دەوری ئیسلام و مەنتیقەی «زەهاور»ی ئێستایە، ئەویش بە دەست لۆللۆوە بووە. بە گوێرەی تەدقیقاتی دوقتۆر سپایزەر، ڕەنگە بەعزێ لە حاکمانی ئاسووریی قەڕنی ١٨ و ١٩ی پێش میلادیش لە قەومی لۆللۆ بووبێ و موحتەمەلە کە قۆڵێکیشی لە سووریەدا ژیابێ.

لە زەمانی «سارغۆن»ی قڕاڵی ئاکادا، پادشای لۆللۆ «لاسیراب» بووە (تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب، لاپەڕە ١٨٦). بە گوێرەی لەوحەیەکی نووسراوە کە لە دەربەندی «گاوور»دا دۆزراوەتەوە و عائید بە «نارام-سین»ی قڕاڵی ئاکاد، ئۆردووی ئاکاد لە مەعییەتی ئەم قڕاڵەدا هاتۆتە سەر وڵاتی «لۆللۆ» و زەوتیان کردووە. باسی تەفسیلیی ئەم شەڕە لەو لەوحەیەدا نووسراوە.

هەر لە دەوری ئەم «نارام-سین»ەدا بووە کە لەشکری گۆتی، ئۆردووی ئاکادی شکاندووە و حکوومەتی ئاکادی لە ناو بردووە و لە سایەی ئەم زەفەرەوە وڵاتی لۆللۆش ڕزگار بووە و ئیستقلالی خۆی سەندۆتەوە. لە دوای دەورەی نارام-سین، ئیتر زۆر کەم باسی لۆللۆ کراوە. لە ڕیوایەتی قڕاڵانی ئاسووریدا، لۆللۆ لەگەڵ گۆتی و کاسای و سوبارو تێکەڵ کراوە و بە جوێ باسیان نەکردووە. بەڵام لە دوای فاسیلەیەکی نزیک دووهەزار ساڵ ئەبینین کە قڕاڵانی ئاسووری، «تیغلات پلایزەر»، «ئاداد-نیراری» و «توکولتی-نینورتا» لەگەڵ قەومی لۆللۆدا گەلێ شەڕیان کردووە و «ئاشوور ناسرپاڵ»ی دووەمیش لە بەینی ٨٨٤ و ٨٨٠ پ.م.دا چوار دەفعە لەشکری کردۆتە سەر لۆللۆ؛ لە ئەووەڵ سەفەریدا وڵاتی ئەم قەومەی بە دەست حاکمێکی بابلییەوە دیوە و ناوی ئەم حاکمە «نورئاداد» بووە، بە گوێرەی ئەمە، ئەبێ ئەم وڵاتە تابعی حکوومەتی بابل بووبێ. لەگەڵ ئەمەشدا ئیستقلالی داخڵیی هەبووە. ئۆردووی ئاسووری، لە دەربەندی بازیانەوە کە لەو زەمانەدا «بابیت»یان پێ ئەگوت، داخڵی وڵاتی لۆللۆ بووە. ئەم دەربەندە بە دیوارێکی مەحکەم چنرابوو و لە پشتیەوە قەڵای «ئۆزی» هەبوو. ئۆردووی ئاسووری، لە ڕێگەی شاخەوە پشت دەربەند کەوتوون و گرتوویانە و لە پاشدا شاری «بابیت»، «دغارا»، «بارا»، «کاکری» و بیست شاری تریان زەوت کردووە. «زیمیری»یان کە مەرکەزی لۆللۆ بووە، داگیر کردووە . قڕاڵی لۆللۆ کە ناوی «ئامیخا» بوو، خۆی کێشاوەتە شاخان (چیا) و بە گوێرەی سێر ئۆلمستید لەگەڵ بەعزێ ڕوئەسا و لەشکریدا لە قەڵای «نیسیر = کینبا = پیرەمەگروون»دا خۆیان قایم کردووە، لەشکری ئاسووری کە لە ژێر قۆماندای وەلیعەهد «شەلمانەسر»دا بوو، هاتۆتە سەریان و ئەووەڵ تەجروبەی هجوومیان سەری نەگرتووە و موهاجمینی ئاسوورییان لە ناو بردووە، بەڵام وا دەرئەکەوێ لە دواییدا لەگەڵ مودافعین ڕێک کەوتوون. «ئاشوور ناسرپاڵ» بەم غەلبەیە زۆر فەخری کردووە و حەتا لە نزیک ستوونی زەفەری «تیغلات پلایسەر» و «توکولتی نینورتا»دا ئەویش ستوونێکی زەفەری داناوە.

«شەلماناسەر»ی دووەمیش لە ٨٥٩ی پ.م.دا هاتۆتە سەر وڵاتی زاموا و تا هەورازی شاخانی «نیکدیم» و «نیکدی ئیرا»ی زەوت کردووە. هەر ئەم مەلیکە لە ٨٤٤ی پ.م.دا لەشکری کردۆتە سەر وڵاتی «نامری» و ڕەنگە بە ناو وڵاتی زاموادا ڕۆیشتبێ. قڕاڵی نامری کە ناوی «مەردۆک-مودامیک» بووە هەڵاتۆتە شاخان.

لە ٨٢٩ی پ.م.دا ئەم قڕاڵی ئاسوورییە مەنتیقەی «کارخی»شی وێران کردووە. ساڵێ لە دوای ئەم سەفەرە وڵاتی زاموا بۆ ئاسووری ساغ بۆتەوە و بۆتە ئیقلیمێکی دەوڵەتی ئاسووری. لە دوای شکانی «شەلمانەسەر»ی سێیەم (٨٨٣ـ ٧٧٣ی پ.م) بەرامبەر بە «ساردوریس»ی ئەووەڵی قڕاڵی ئورارتو، وڵاتی لۆللۆ بەینێک کەوتە دەس تەڕەفی غالب.

لە ئەواسیتی قەڕنی هەشتەمی پێش میلاددا وڵاتی زاموا کەوتە دەس «ئاپلیا»ناو حاکمێکی عاسیی ئاسووری و لە نیهایەتی ئەم قەڕنەدا وڵاتەکە لە تەڕەف حکوومەتی ئاسوورییەوە ناو نرا «لۆللۆم» . تیغلات پلایزەری چوارەم (٧٤٥ـ ٧٢٧ پ.م) بەعزێ لە ئارامییەکانی مەزۆپۆتامیای نەقڵی ئەم وڵاتە کردووە (فورەر، لاپەڕە ٤٣).

خولاسە ئەم وڵاتی «لۆللۆم»ە، لە ئەواخیری حکوومەتی ئاسووریدا موددەتێکی زۆر لە ناو شەڕ و شۆر و عوسیانی ئومەرای ئاسووریدا ما و نیهایەت لە دوای پەیابوونی حکوومەتی میدیا و لەناوچوونی حکوومەتی ئاسووری، کەوتە دەس حکوومەتی میدیا. سێیەم پادشای ئەم حکوومەتە تازەیە، دەفعەی دووەم کە چووە سەر «نەینەوا»، بە سەر ئەم وڵاتی «لۆللۆم»ەدا ڕابورد.

مەدەنیەتی:

زاهیر وایە کە ئەم قەومی لۆللۆوە، مەدەنییەتێکی مناسبی بووە و لە دوای تەماسیان لەگەڵ قەومی «ئاکاد»ا، زیاتر پێش کەوتوون و لە نووسینا ئوسوولی خەتی «ئاکاد»یان قەبووڵ کردووە. سەنعەتکارێکی باش بوون و شاهیدی ئەمەش، ڕیوایەتی قڕاڵی ئاسووری، «ئاشوور ناسرپاڵ»ە، حەتا ئەم قڕاڵە گەلێ سەنعەتکاری لەم وڵاتەوە بردۆتە شارانی ئاسووری و مەقسەدیشی بڵاوکردنەوەی سەنعەتیان و جوانکردنی شارانی ئاسووری بوو. وڵاتەکەیان زۆر بەرەو ئاوەدانی چووە. بە گوێرەی وەسائیقی ئاسووری، شارانی زۆریان بووە کە ئەمەش دەلیلی ڕفاه و مەدەنییەتیانە.

زمانی:

بە گوێرەی موستەشریق هۆزینغ، ئەبێ زمانی ئەم قەومە لە تەوابعی زمانی عیلامی، یەعنی لە شوعبەی قۆقازی بێ. لەگەڵ ئەمەش، ئەگەر تەماشای ئەسمای خاسسەی لۆللۆ بکرێ، ئەبینرێ کە لەگەڵ زمانی «هۆری»دا بەعزێ موشابەهەتی هەیە. ڕاستییەکەی ئەمەیە کە ئاساری دۆزراوە دەرحەق بە زمانی ئەم قەومە مەعلووماتێکی کافییە نادا.

جوغرافیای:

حدوودی وڵاتی لۆللۆ، بە تەواوی مەعلووم نییە، بەڵام بە گوێرەی خەریتەکانی تەواریخی قەدیمە و بەعزێ مەعلوومات کە لە وەسائیقی دۆزراوە دەرهێنراوە، ئەبێ لە شیمالی «زاموا» مەنتیقەی «نامری»، لە تەڕەف ڕۆژهەڵاتیەوە نەواحیی «سومی» و «هاشمار» و «هارهار» ، «هالمان = نارمان» ، لە داخڵیشدا نەواحیی «لارا» و «سیماش» و «کیماش» بووبێ . لە تەڕەفی جنووبیەوە لەگەڵ وڵاتانی «باراهسی» و «توکریش»ی عیلامدا دراوسێ بووبێ، لە تەڕەف ڕۆژئاوایەوە وڵاتی «ئاررافا = ئارابخا» یەعنی کەرکووکی ئێستا هەبووە.

شارانی بەشۆرەتی: «بابیت»، «داغارا»، «بارا»، «کاکری»، «زیمری»، «هۆدون»، «مەسۆ»، «ئارزیرۆ» و قەڵای «ئۆزی» و «کینبا» بووە. شاخانی بەناوبانگی، «نیسیر» {fn|Nisir.

بە گوێرەی ڕیوایەتی بابلییەکان سەفینەکەی حەزرەتی نووح (علیە السلام) لە دوای تۆفان لە سەر شاخی «نیسیر» نیشتۆتەوە. «ئاشوور ناسرپاڵ»ی قڕاڵی ئاسووری ئەڵێ ئەم شاخە لە شەرقی وڵاتی ئاسوور بوو، شاخێکی تەنیا (منفرد) و سەرەکەی وەکوو نووکی ڕم تیژ بوو. ئەم ڕیوایەتە ئیدیعای فۆن مینۆرسکی تەئیید ئەکا. وەکوو قورئانی موبین ئیشارەتی فەرمووە: «استوت علی الجودی ...»، موئەللیفینی ڕوحانیەی گاورەکان ئەڵێن سەفینەی حەزرەتی نووح (علیە السلام) لە سەر شاخی جوودی نیشتۆتەوە. ئەم لەفزی جۆدییە (سێر کینغ، جۆدی و شاخی نیپوور بە یەک شاخ دائەنێ) ئەبێ لە گۆتییەوە هاتبێ. ناقلی ئەم ناوە کە عەرەبە، زاتەن حەرفی «گ» بە «ج» تەلەفوز ئەکەن: ماگدەبورگ = ماجدە بورج، ئینگلیز = ئانجلیز، و لە بەینی تەلەفوزی «ت» و «د»دا قەرابەت هەیە و بەم تەرحە «گۆتی»ی تاریخی، بە شکڵی «جودی» داخڵی کتێبی عەرەبی بووە و بە گوێرەی ئەم مولاحەزەیە جەبەل جۆدی ئەبێ شاخی «گۆتی، کوتی، کورتی، کوردی» بێ. واقیعەن بە گوێرەی وەسائیقی قەدیمە، مەهبەت [شوێنی نیشتنەوە]ی سەفینەکە «نیسیر = شاخی ڕزگاری» لە وڵاتی گۆتیدا بووە. کە وا بوو، ئەبێ موحیتی «نیسیر»یش دووەم جێگەی پەیابوون و زۆربوون و بڵاوبوونەوەی بەنی‌ئادەم بێ. زۆر موحتەمەلە کە لە دوای موددەتێکی زۆر بەنی‌ئادەم لە دوای تۆفان کە زۆر بوو، بەرەبەرە بڵاوەی کردبێ و وەکوو «هاروەی ڕۆبنسن» و «هەنری بریستید» ئەڵێن بەشێکی ئەبێ ڕووی کردبێتە جنووبی غەربی سووریە، فەلەستین و ئەفریقیا و بەشێکی تریشی ڕووی کردبێتە پشت شاخی قەفقاس، کێوی قاف و بەرەبەرە لە شەرق و شیمالی بەحری خەزەرەوە تا حەوزەی سوفلای «تونە» بڵاو بووبنەوە و بەڵکوو بەعزێ قەومیشی لە جێگەی خۆیانا ماونەوە.

مستەر م. سترەک لە ئەنسقلۆپەدیای ئیسلامدا، جڵدی ١، لاپەڕە ١٠٦دا ئەڵێ موئەللیفینی نەسارا بە «جەبەل جۆدی»یان «شاخانی کوردوئەن» گوتووە، زاتەن «نیسیر»یش لە ناو وڵاتی کوردوئەندا بوو. لە دەوری ئاسووریدا وڵاتی بۆتان و ئاسووری بە «گۆتیوم» یەعنی وڵاتی قەومی «گۆتی ـ کوتی» ناسرابوو و ڕەنگە ئەم ناوە لە مەبادیی ئیسلامدا هێشتا لە فکر نەچووبێتەوە و لەفزی «جودی»ی لێ پەیا بووبێ.} وەیا «کینبا = شاخی ڕزگاری»، نیکدیم، نیکدی-ئیرا، سیماکی، ئازیروا = ئەزمڕ، کولار ، لالار، سوانی ، نیشپی و شاخی هەورامان بووە. چەمی «رادنو» و «ئەدیر» یشی مەعلوومە. (سپایزەر)