ب) تەبەقەی دووەم: ماد و تەوابعی

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 7 خولەک  733 بینین

موئەرریخ هەروەی ڕۆبنسن و هەنری بریستید ئەڵێن لە دەوری تاریخی ٢٥٠٠ پ.م.دا ئەو ئەقوامە دراوسێیە و خزمەکانی، بەعزێ جار «ئاری»یان پێ ئەگوتن و عیرقی «هیند و ئەورووپی»ی لێ حاسڵ بووە، لە شەرق و شیمالی شەرقی بەحری خەزەردا ساکن بوون. بەعزێکیان بە دەرەجەیەک لەگەڵ زەراعەتدا مەشغووڵ بوون، بەڵام هێشتا لە دەوری حەجەریدا بوون و تەنیا بەشێکی پچووکی، مەعدەنی ئیستعمال ئەکرد. لەگەڵ حەیواناتی ماڵی و مەڕدا بەرزەوڵاخیشیان (ئەسب) هەبوو. فێری نووسین نەبووبوون.

بەعزێ لەم خێڵاتی ئارییە بۆ هیندوستان کۆچیان کردووە. لە کتێبی موقەددەسی ئەمانەدا کە بە زمانی سانسقریت نووسراوە و «ویداس»ی پێ ئەڵێن، دەرحەق بە ئەدواری ئەووەڵیە و ژیانی غەیری مەدەنیی ئەم ئەقوامە بەعزێ مەعلوومات هەیە . باقی عەشائیریش ڕوویان کردە وڵاتانی جنووبی غەربی وادیی ئەلرافیدین و لە ناو ئەمانەدا تائیفەی هەرە بەقووەت «ماد» و «پارسای» بوو.

١. مەد

وەکوو لە سەرەوە باسمان کرد ئەم قەومە «هیند و ئەورووپی»یە یا «ئاری»یە لە شەرقی بەحری خەزەر (کاسپیەن)ەوە (ڕەنگە لە وڵاتی باختریانەوە) و لە عەسری نۆهەم وەیا پاشتردا هاتبێتە غەربی شیمالی ئێران یەعنی وڵاتی «میدیا» و بەرەبەرە وڵاتانی دراوسێیان داگیر کردووە و بە مرووری زەمان بەعزێ ئەقوامی تریشی وەکوو مانای، سیس و کیممەری تێکەڵ بووە. هاتنی ئەم قەومە لە سجیللاتی عەسری نۆهەم و هەشتەمی پێش میلادی ئاسوورییەدا باس کراوە.

ئاسوورییەکان بەم قەومەیان گوتووە «ئامادا» و «مادا». ئەم قەومە، لە ئەواخیری عەسری هەشتەمی پێش میلاددا حکوومەتێکی سەربەخۆی دامەزراندووە و قەومی خزم و دراوسێی «پارسای»شی کە لە جنووبی غەربی ئێراندا جێگیر بووبوو، تابعی خۆی کرد و شاری «ئەقباتان»ی دروست کرد و کردی بە پایتەخت. ئەووەڵ تەماسی ئاسووری لەگەڵ ئەم قەومەدا لە دەوری شەلماناسەر (٨٣٥ پ.م)دا بووە تا لەناوچوونیان هەر لەگەڵ ئەم قەومی «مەد»ەدا لە شەڕ و هەرادا بوون (تەفسیلاتی لە جڵدی دووەمدایە).

پرۆفیسۆر سایس ئەڵێ: مادا عەشایری کورد بوون و لە شەرقی ئاسوورییەدا جێگیر بووبوون. وڵاتانیان تا جنووبی بەحری خەزەر ئەچوو. بەشی زۆریان لە خسووسی زمانەوە «هیند و ئەورووپی» و لە جیهەت عیرقەوە «ئاری» بوون (تاریخی عموومیی موئەرریخین، جڵدی ٢). بەعزێ لە موتەخەسیسین و موستەشریقین ئەڵێن: زمانی قەومی «مەد» زمانی کوردی ئیمڕۆ وەیا ئەساسی بووە (ئێرانی قەدیم، موشیروددەولە، لاپەڕە ٥٧).

عولەمای تاریخ ئەڵێن لە دوای ئینقرازی حکوومەتی میدیای، تەئسیراتی مادی و مەعنەویی قەومی پارسی بەشێکی میدیای تێکەڵی خۆی کرد و بەشێکیشی لەگەڵ کورددا زۆر ڕابیتە و دراوسێیەتی بوو، لەگەڵ قەوم و قەبیلەی کوردانی کە لا بوو. قەومی «پارت» هەر بەم تەرحە لە ناو پارسی و کورددا ون بوون و تەمسیلیان کردووە و قەرابەتی بەینی ئێرانی و کوردی ئیمڕۆش ئەبێ لەم ئەساسی «مەد» و «پارت»ەوە حاسڵ بووبێ (مەسئەلەی کوردستان بەرامبەر بە تورک، لاپەڕە ٢١). خولاسە بە نەزەر ئەم فیکرەوە و بە گوێرەی وەتەن و زمانی قەومی «مەد»ەوە، ئەبێ ئەم قەومە لە تەبەقەی دووەمدا لە ئەسڵی زۆر نزیکی کورد بێ.

٢. نایری

ئەم قەومە، لە پێش موهاجەرەتی دواییدا لە کوردستاندا بوون، واقیعەن سجیللاتی قەدیمە، ناوی ئەم عەشائیرەی نەبردووە و لە دەوری حکوومەتی ئاسووریدا باسیان کراوە. زۆر ڕەنگە کە بەشێکی قەومە قەدیمەکەی «سوبارۆ» و «گۆتی» بێ و بەرەبەرە غەلبەی سەندبێ و بە سەر هەموو خێڵاتی ترا زاڵ بووبێ و تەمسیلی کردبن و ناوەکەی، جێگەی کەلیمەی «سوبارۆ» و «گوتۆ»ی گرتبێتەوە. قەومێکی دڕ و شەڕکەر و نەبەز بوون و ئاسوورییەکان زۆر شەڕیان لەگەڵیانا کردوون. دێهات و خێڵاتی ناحیەی «نەرێ»ی شەمزینان ئەبێ ئاساری ماوەی نایری بێ.

موتەخەسیسی مەشهوور، فۆن مینۆرسکیش لەم فکرەدایە، موستەشریق تورودانژەن لە ئەسەرەکەی خۆیدا ئەڵێ: نایری وەیا «هۆپشکیا» دۆڵی «بۆتان»ە و ئەم بەشی شەرقیی نایرییە، حکوومەتێکی سەربەخۆ بووە.

بە فیکری بەعزێ موستەشریقین و موئەرریخین، ئەم قەومی نایرییە، لە دوای زهووری حکوومەتی ماد، ئیمتیزاجی لەگەڵ کردوون و قەومێکی گەورە و تێکەڵیان لێ پەیا بووە. لەم خسووسەوە مێجەرسۆن ئەڵێ: «ئەگەر بنواڕینە دەوری کۆنی بەینی قەڕنی پانزە و دوانزەی پێش میلاد، لە کوردستانی مەرکەزیدا قەومی نایری ئەبینین کە ئەسلافی ماد بووە و لە دەوری ئیقبالیدا شۆرەتی گەورەیی و ئازایی، هەموو دراوسێیەکانی ترساندبوو و لە پاشدا لە ژێر ناوی کورددا دەوامی کرد. لەم دەورەدا وڵاتی نایری، لە حەوزەی ناوەڕاستی زێی گەورەوە تا سەرچاوەی ئەو چەمە دەوامی ئەکرد. خەڵکی میدیا لە دوای لەناوچوونی حکوومەتەکەیان وردەوردە هاتۆتە ئەم وڵاتە و تیایا ژیاون».

٣. کاردۆخۆی

دەرحەق بەم عەشایری کاردۆخۆی کە لە ڕەجعەتی دەهەزارەدا ئاکسەنوفۆن تووشیان بووە، دوو نەزەرییە هەیە، یەکێکیان ئەڵێ ئەم ئیسمە ناوێکی گۆڕاوی «گۆتی»ی قەدیمی تەبەقەی ئەوەڵە. شکڵ و تەلەفوزەکەی بە مرووری زەمان گۆڕاوە و بووە بە «گۆتی» و «کورتی»ی زمانی «توکولتی-نیراری»ی قڕاڵی ئاسووری. بە گوێرەی تەدقیقات و ئیستنتاجاتی موستەشریق میستەر درایوەر، چ ئەم لەفزی «کورتی»یە و چ «کاردا»ی زمانی «ئاراد-نانار»ی قڕاڵی «لاغاش» و چ ئەلفازی موتەشابیهەی تر، هەموویان دەلالەت لە قەومی کورد ئەکەن، ئەگەر ئەم نەزەرییە سەحیح بێ، ئەبێ «کاردۆخۆی» بەقایای قەومی مەشهوورەی «گۆتی» بێ.

نەزەرییەی دووەم وەکوو فکری سیدنەی سمیت وایە کە ئەم قەومی کاردۆخۆیە، موحتەمەلە لە وەقتی هاتنی «مەد» و «پارسی»دا وەیا لە دوای ئەوان و لە ئەواسیتی عەسری حەوتەمی پێش میلاددا هاتبێتە کوردستان و جێگر بووبێ و لە دواییدا بەرەبەرە عەشایری کوردستانی تەمسیل کردبێ. زاتەن بەشێکی ئەم قەومە، موحتەمەلە کە ڕووی کردبێتە ئێران و لەوێدا جێگیر بووبێ، چونکە لە زەمانی حکوومەتی ساسانیدا گەلێ عەشائیری کورد لە ئێراندا بووە. سێر سیدنەی سمیت، تەسدیقی ئەم جیهەتە ئەکا و ئەڵێ: زمانێکی جوێ و سەربەخۆیان بووە و لەگەڵ فارسیدا مناسەبەتی نەبووە و لەو کۆنترە (تەماشای دێڕەکانی دوایی ماددەی دووەم بکە).

بە گوێرەی نەزەرییەی ئەوەڵ، کاردۆخی، نەتەوەی فاتحی سۆممەر و ئاکاد، یەعنی «گۆتی»ی قەدیمە و تابعی عیرقی «مەنزوومەی زاغرۆس»ە، بە نەزەر دووەم فکرەوە، «هیند و ئەورووپی»، وەیا «ئاری»یە و لەگەڵ «مەد» و «پارسی = پارسا»دا لە عەینی کۆمەڵ و عیرقن.