ئەلف) تەبەقەی ئەووەڵ، مەنزوومەی زاغرۆس

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 11 خولەک  677 بینین

١. لۆللۆ وەیا لۆللۆبووم

ئەم قەومە لە مەنتیقەی «زەهاو ـ شارەزوور، سلێمانی»دا بینراون. تاریخی هاتنیان بۆ ئەم وڵاتە نەزانراوە. تێکەڵی قەومی «گۆتی» بوون و لە مەنتیقەی سلێمانیی ئیمڕۆدا ژیاون و وڵاتی «هالمان»یشیان دەس کەوتووە. ئەو ئاساری دۆزراوەی کەرکووک و بەعزێ وەسائیقی تر {fn|ئەم وەسائیقە لەوحەیەکی نووسراوی دەوری «نارام ـ سین»ی قڕاڵی «ئاکاد»ە کە لە تەڕەف مێجەر ئەدمۆندسەوە لە دەربەندی گاور، کە لە شاخی قەرەداغدایە، دۆزراوەتەوە، دەرحەق بەمە لە مەجمووعەی «ژەنۆغرافیک ژۆرنال»دا مەقالەیەکی موهیممی نووسیوە.

وەسیقەیەکی تریشی، بەردێکی نووسراوی قڕاڵی لۆللۆ «ئاننو ـ بانینی»یە کە لە «زەهاو» دۆزراوەتەوە. ئەوەڵیان عائید بە عەسری ٢٠، ڕەنگە دووەمیان عائید بە قەڕنی ٢٨ی پێش میلاد بێ.} دەرحەق بەم قەومە مەعلووماتی باشی تیایە (لە موقەددەمەی جڵدی دووەمدا زیاتر تەفسیلات ئەدرێ)، بە گوێرەی بەعزێ ئیستیدلالاتی زمانی، وا زەن ئەبرێ کە بەعزێ حاکم و حوکمدارانی عەسری نۆزدە و هەژدەی پێش میلادی ئاسوور لە قەومی لۆللۆ بووە و ڕەنگە بەعزێ لەم قەومە لە سوورییەشدا بووبن (ئەقوامی مەزۆپۆتامیا، سپایزەر).

ئۆردووی ئاسووری لە ئیعتباری عەسری سیانزەمینەوە لەگەڵ قەومی لۆللۆدا تەماسی کردووە و لە سایەی ئەمەوە لە وەسائیقی ئاسووریدا گەلێ مەعلووماتی دەرحەق ئەم قەومە و وڵاتەکەی دراوە. زمانی ئەم قەومە بە گوێرەی تەدقیقاتی موستەشریق هوزینغ ئەبێ لە زمانی کۆمەڵی عیلامی بێ و ئەم حوکمەش بە نەزەر بەعزێ ئەسمائی خاسسەی لۆللۆوە دراوە، لەگەڵ ئەمەشدا لە بەینی زمانی ئەم قەومە و «هۆری»دا بەعزێ موشابەهەتی ئەلفاز بینراوە. (سپایزەر)

بە گوێرەی وەسائیقی دەوری ئاشوور ناسرپالی دووەم، وڵاتی لۆللۆ زۆر ئاوەدان و خەڵکەکەی لە مەدەنییەت و سەنایعدا لە پێش بوون، بە دەرەجەیەکی وا کە ئەم قڕاڵی ئاسوورییە زۆر ئەهلی سەنعەتی لەم وڵاتەوە بردەوە بۆ ئاسوورییە. (ئۆلمستید)

پرۆفیسۆر سپایزەر ئەم لۆللۆوانە بە ئەجدادی «لوڕ» دائەنێ.

٢. گۆتی

ئەم قەومەش لە کۆمەڵی گەورەی زاغرۆسە و بەینێکیش وڵاتانی «سۆممەر» و «ئاکاد»یان زەوت کردووە و موددەتێکی زۆر لە ژێر حوکمیانا ماوەتەوە.

مەشهوور قڕاڵی ئاکاد، نارام ـ سین، بەرامبەر بە ئۆردووی «گۆتی» شکاوە و حکوومەتەکەی لە دەس چووە. حوکمدارانی هەرە بەهێزی، «لاغاش»یش تابعیان بووە و ئاخیر قڕاڵیان، «تیریکان» بووە.

پرۆفیسۆر سپایزەر ئەڵێ: بە گوێرەی موشابەهەتی ئەسماء ئەبێ لە دەوری حکووماتی هەرە قەدیمەدا عەناسری «گۆتی» داخڵی «سۆممەر» بووبێ و لە دوای پەیاکردنی نفووزێکی زۆر، وڵاتی ئەکادیشیان زەوت کردبێ. عمران و سەعادەتی «لاغاش» لە ژێر ئیدارەی «گۆتی»دا (٢٥٠٠ پ.م) کە لە ئەغڵەبی ئیحتمال تەسادوفی دەوری حکوومەتی «گۆتی»ی کردووە ئەسەرێکی تەسادوف نییە (ئەقوامی مەزۆپۆتامیا، لاپەڕە ٩٩)

حکوومەتی ئاکادی عەشائیری گۆتی، لە تەڕەف قڕاڵی ئۆرەوە و لە مەبادیی عەسری بیست و پێنجەمینی پێش میلاددا لە ناو برا و عەشائیری گۆتی لە دوای ئەم شکانە، گەڕانەوە زاغرۆس. لە ئەواسیتی قەڕنی هەژدەمینی پێش میلاددا کە عەشائیری کاسای هەڵیانکوتایە سەر بابلستان، عەشائیری گۆتیشیان لەگەڵ بوو.

لە ئیعتیباری ئەم دەورەوە تا پەیابوونی حکوومەتی ئاسووری، دەرحەق بە گۆتی باس و خەبەرێک نییە، تا عەسری سیانزەمینی پێش میلاد، ئاسووری قودرەتێکی وای نەبوو کە دراوسێکانی زاغرۆسی ناڕەحەت بکا، بەڵکوو خۆی مەعاونەت و حیمایەی لۆللۆ و گۆتی بوو.

شەلمانەسەری ئەووەڵ، قڕاڵی ئاسووری، لە سەلەفی زیاتر لەگەڵ قەومی گۆتیدا خەریک بووە و بە گوێرەی ئاساری دۆزراوەی ئەم قڕاڵە، عەشائیری گۆتی، زۆر دڕ و نەبەز بوون و وەتەنیان لە حدوودی ئۆراتری ئەرمینیەیەوە تا «کەموخی» (= تۆر عابدین) دەوامی کردووە (تەفسیلاتی تاریخییەی لە فەسڵی مەخسووسدا باس ئەکرێ). خولاسە بە گوێرەی ڕیوایەت و ئاساری قڕاڵانی ئاسووری، وا دەرکەوتووە کە مەرکەزی زاغرۆس، وەتەنی قەومی گۆتی (=کۆتی) بووە.

بێینە سەر مناسەبەتی «گۆتی» و «کورتی» : لە دوو لەوحەی دۆزراوەی زمانی «توکولتی- ئینورتا»ی قڕاڵی ئاسووریدا کە دائیر بە عەینی وەقعەیە، لە یەکێکیانا ناوی «کورتی» و لەوی تریانا ناوی «گۆتی» نووسراوە. لەمە وا دەرئەکەوێ کە ئەم دوو ناوە، هەر دوو ناوی میللەتێکە، وەیا کورتی وەیا «کورهی» ناوی بەشێکی گەورەی گۆتییە.

بەشێکی زۆری موستەشریقین کەلیمەی «کورتیوی»یان ، کە لە خسووسی تەلەفوزەوە زۆر لە «کورتی» ئەچێ، تەدقیق کردووە؛ لە کتێبی «ڕابیتەی لۆغەوی ئیسمە کورد»دا ئەڵێ: ئەم لەفزی «کورتیوی»یە، بۆ ئەسڵی خەڵکی کوردستان ئەساسێکی زۆر موهیممە. موستەشریق درایوەر فکری خۆی خۆلاسە ئەکا و ئەڵێ: «کارادا، کاردۆخی، کورتوخی، غوردی، کارداکە، سیراتی، غوردیای و غوردوئەنی، کاردۆ و کاردا، کارداویە، کارتاوایە وەیا کورداییا ... الخ هەموویان بە ڕەغمی لە یەک نەچوونیان، یەکێکن و بەم نەوعە، ئەم موستەشریقە کوردی ئیمڕۆ ئەباتەوە سەر «کاردۆخۆی» ئەکسەنوفۆن و «کاردا»ی سۆممەرییەکان، کە بە گوێرەی ڕیوایەتێکی دەوری سێیەم حکوومەتی «ئوور»، ناوی عەشیرەتێک بووە.

لەم ئیزاحاتە وا تێئەگەین کە ڕابیتەی ناوی کورد لەگەڵ ناوی قەدیمی «کورتیوی»دا موحەققەقە. تەعریفاتی جوغرافیی «کاردۆخۆی» و «کوردوئەنی» و ئەمسالی موشتەرەکەی لەفزییەی، لەگەڵ موندەرەجاتی وەسائیقی قەدیمی «کورتی» ئەوەندە موتابەقە کە بەشێکی موهیممی موئەرریخین لە قەبووڵکردنی ئەم کەلیماتە بە ئەسمائی موشتەرەکە تەردیدیان نەکردووە، لەگەڵ ئەمەشدا چونکە جوێکردنەوەی کورتی لە گۆتی مومکین نییە، ئەبێ نەتەوەی گۆتی، لە ناو خەڵکی کوردستانی ئیمڕۆدا بە موحەققەقی بێ.

دوقتۆر سپایزەر دەوام لە سەر ئەم بەحسە ئەکا (ئەقوامی مەزۆپۆتامیا، لاپەڕە ١١٧) و ئەڵێ: ئەو عێلات و خێڵاتەی کە ئیمڕۆ لە ژێر ناوی عموومیی کورددا ئەژین، هیچ وەقتێ لە ئێستا زیاتر قۆقازی، نەبینراون. ئەم عەشایرە چ لە خسووسی زمانەوە و چ لە جیهەتی عادەت و تەبیعەتەوە بەعزێ فەرقیان لە بەینا هەیە، کوردێکی خەڵکی سلێمانی، لەگەڵ هاوقەومێکی بادینانیدا بە ئاسانی ناتوانێ قسە بکا، بە گوێرەی تاریخ، تەبیعییە لە بەینی کوردی ئێستادا بەعزێ ئەرمەنی، سامی و ئاری هەیە. جا کە وا بوو ناتوانین بڵێین کە کورد، نەتەوەی یەک ئەسڵە و زۆر ڕەنگە کە ئەهالی قەدیمەی کوردستان چەند قۆڵێک بووبێ و لە ئەدواری ئەوەلییەی تاریخدا لەگەڵ بەعزێ قۆڵی گەڕۆکی ئاسووری و ئەرمەنیدا لە شاخ و کێوانی خۆیانا ژیابن و لە دواییدا لە پاش غەلبە سەندنی «ئاریەتی» بە سەر ئەم وڵاتەدا، بەعزێ عەناسری ئێرانیش هاتبن و تێکەڵاویان بووبن. ئەم نەزەرییەیە، بە گوێرەی شرووتی حازرەی مەملەکەت و زمانی کوردە.

لەگەڵ ئەمەشدا، بوونی بەعزێ عەناسر لە ئەهالیی قەدیمەی زاغرۆس لە ناو کورددا قابلی ئینکار نییە و چ لەم ئیزاحاتە و چ لە تەدقیقاتی لیسانییە، وا حاڵی ئەبین کە قەومی کورد لە ئەساسدا قۆڵێکی کۆمەڵە گەورەی زاغرۆسە، هەرچەندە زۆر تووشی ئیستیلای غەیرە بوون، بەڵام لە وەقتی تەنگانەدا کشاونە چیاکان و لە دوای ڕابوردنی لافاوی ئیستیلا گەڕاونەوە جێ و ڕێی خۆیان و وڵاتەکانیان سەرلەنوێ ئاوەدان کردۆتەوە.

٣. کاسای

قۆڵێکی کۆمەڵی زاغرۆسە، ئەوەڵ جار لە مەنتیقەی کرماشاندا بینراون. تاریخی هاتنیان بۆ ئەم وڵاتە مەعلووم نییە و بەڵکوو هەموو کۆمەڵی زاغرۆس ئەهالیی ئەسڵییەن، یەعنی وەکوو سامی و حامی هیجرەتیان نەکردووە، لە پاش بەینێک وردەوردە هاتوونە زاغرۆس و ڕوویان کردۆتە شەرقی بابلستان، یەعنی لای چەپی دیجلە و بە زەراعەت و فەلاحەت مەشغووڵ بوون. «ئاکادی»یەکان «کاشوو»یان پێ ئەگوتن و لە کوتوبی موقەددەسەدا بە «کووش» ناو نراون. لە ئەواسیتی قەڕنی هەژدەمینی پێش میلاددا بابلیان زەوت کرد و حکوومەتێکی بەقووەتیان لە سۆممەر و ئاکاددا دامەزراند کە حکوومەتی «کاردونیاش»یان پێ ئەگوت. نزیک شەش عەسر دەوامی کرد و هیچ حکوومەتێک ئەمەندە بابلی موحافەزە نەکردووە.

عەشایری کاسای، لە دوای لەناوچوونی حکوومەتەکەیان گەڕانەوە زاغرۆس (لوڕستانی ئیمڕۆ) و «سناخریب» لە مەبادیی عەسری حەوتەمی پێش میلاددا هاتۆتە سەریان و شەڕی لەگەڵ کردوون. لە دەوری حکوومەتی «ئەخمەنی»دا ئەم عەشایری «کاسای»ە، بەرامبەر بە ئامەشۆکردن لە ڕێگەی «بابل» (= ئەقباتان)، هەموو ساڵێک میقدارێکی موعەییەن پارەیان لە حکوومەتی ئێران ئەسەند. ئەسکەندەری گەورەش شەڕی لەگەڵ کردوون. سەرداری ڕۆما، «ئەنتی فونوس»یش بە ناو عەشائیری «کاسای»دا و لە دەربەندی «پولی‌تەنگلۆ» تێپەڕیوە. خولاسە، ئەم قەومە تا میلاد لە لوڕستاندا مەوجوود بوون و ئەبێ ئەجدادی لوڕی ئیمڕۆ بن. بەشی جنووبی «کاسای» ڕەنگە بەینێک لە ژێر حوکمی «عیلامی»دا بووبێ. (بۆ ئیزاحات تەماشای فەسڵی سێیەم و جڵدی دووەم بکە).

٤. سوباری

ئەم ناوە ئەوەڵ جار لە لەوحەیەکی دەوری حکوومەتی «لۆغال-ئانینی-مۆندۆ» (عەسری سێیەمی پێش میلاد)دا لە شکڵی «سوبیر» بینراوە. لە ئاساری «نارام-سین»دا بە «سوبارتیم» قەید کراوە و تەعبیرێکی جوغرافی بووە و لە سەرحەدی شیمالی غەربی «عیلام»ەوە تا شاخی «ئامانوس» دەوامی کردووە. (بۆ ئیزاحات تەماشای فەسڵی سێیەم بکە). ئەم تەعبیرە لە دواییدا بۆتە ناوی قەومێک. «خەمورابی»ش ئەم تەعبیرەی بۆ وڵاتێک ئیستعمال کردووە کە قەومێکی سەربەخۆی تیا ژیاوە. لە وەسائیقی ئاسوورییەدا بە «سوبارو» نووسراوە. خولاسە، وا دەرکەوتووە کە لە ژێر ئەم عینوانەدا قەومێک لە مەزۆپۆتامیا و سووریە و ئەناتۆڵدابووە (ئەقوامی مەزۆپۆتامیا، سپایزەر). موحتەمەلە بەشی مەزۆپۆتامیای «هوری»ش لە ژێر ناوی «سوبارۆ»دا ناسرابن.

ئەم قەومی «سوبارۆ»یە لەگەڵ ئۆردووی ئاسوورییەدا زۆر جار شەڕیان کردووە. لە ئەواخیری حکوومەتی ئاسوورییەدا ناوی «سوبارو» گوم بووە و لە جێگەی ئەو، ناوی قەومی «نایری» هاتۆتە پێشەوە و زۆر موحتەمەلە کە ئەم قەومە تازەیە قۆڵێکی گەورەی «سوبارۆ» بووبێ و بە نەتیجەی هەموو عەشائیری «سوبارۆ»ی تەمسیل کردبێ. ئاسار و ئەحفادی ئەم قەومی «نایری»یە ئێستاش لە مەنتیقەی «شەمزینان»دا هەیە.

سێر کینغ و بەعزێ موستەشریقینی تر ئەڵێن میتانی، قۆڵێکی «کاسای»یە، بەڵام پرۆفیسۆر سپایزەر ئەڵێ: میتانی شوعبەیەکی «سوباری»یە. ئەم قەومە، لە فوراتی ئەوسەتدا، [لە] «حەوزەی بەلخ» و «خاپوور» ساکن بووە و لە ئەواسیتی دووەم هەزار ساڵی پێش میلاددا حکوومەتێکی بەقووەتیان دامەزراندووە. زمانێکی مەخسووسیان بووە.