موتالەعەی سێر سیدنەی سمیت
ئەو مەعلووماتەی کە تا ئێستا دەرحەق بە کوردستان دەست کەوتووە، زۆر تێکەڵ و کەمە و بۆ پەیداکردنی فکرێکی قەتعی و بە تەفسیلی کافی نییە. لە دەوری قەدیمدا کە مەعلووماتێکی کەم و زۆرمان دەرحەق نییە، مەنتیقەیەک بوو کە حدوودی شیمالی، ساحلی گۆمی وان بوو، لە غەربەوە تا وادیی خاپوور، لە شەرقەوە تا کەرکووک و لە جنووبەوە تا حدوودی بابلستان ئەچوو.
ئەم مەنتیقەیە لە تەڕەف قەومێک کە بە «شوباری» مەعرووفە، ئیشغاڵ کرابوو. ئەم مەنتیقەیە وەیا بەشێکی، جارجارێ کەوتبووە ژێر حوکمی سۆمەری کە حوکمداری شارە گەورەکانی جنووب بوون.
ئەو زمانەی کە خەڵکی ئەو مەنتیقەیە قسەیان پێ ئەکرد، لەگەڵ لۆغەتی سامی، وەیا لۆغەتی هیندو-ئەورووپایی وەیا زمانی سۆمەرییەکانا هیچ مناسەبەت و ڕابیتەیەکی نەبوو. بەعزێ عولەمای عەسریی ئەڵمان وایان زەن بردووە کە زمانی «شۆباری» لە سونفی ئەلسینەی قۆقاسییە. لە پێش ساڵی ٢٥٠٠ی پێش میلاددا، میللەتێک کە زمانەکەی سامی بوو (ئاسووری)، بەڵام ڕەنگە کە خۆی سامییەکی خالس نەبێ، هات و لە بەشی خوارووی وڵاتی شۆباریدا یەعنی لە مەنتیقەی دەوری ئاشوور یاخود قەلعەی ئەلشەرقائیی ئێستادا جێگیر بوو. لە دەوری ٢٥٢٥ی پێش میلاددا هەموو وڵاتی کوردستان بەشێک بوو لە مەملەکەتی «سارغۆن»ی قڕاڵی «ئاقاد» و «نارام-سین»ی خەلەفی لە دەوری سێیەم حکوومەتی «ئۆر»دا ، یەعنی تەقریبەن لە ٢٣٠٠ – ٢١٥٠ی پێش میلاددا چەند قۆڵێکی نێراوەتە سەر بەعزێ ئەقسامی پچووکی کوردستان کە لە شەرقی دیجلە بووە، وەکوو «سیمۆرو» کە ڕەنگە مەنتیقەی دەوری ئاڵتوونکۆپری بێ، «لۆلۆبوو» ، «حەلوان»، «سارسرۆ» و «ئۆربیللوم» یەعنی ئەربیل. زاهیر وایە کە هەرچەندە ئەهلی ئەم مەنتیقەیە میللەتێکی واحیدە بوون، بەڵام یەکێتییان (وەحدەت) لە بەینا نەبووە.
لە عەسری نۆزدە و هەژدەی پێش میلاددا لە بەینی ئەقوامی ئاسیای سوغرادا بەعزێ حەرەکات و نەهەزات ڕووی داوە و تەئسیری کردۆتە هەموو شەرق. عموومی ئەو حەرەکاتە، وا دەرئەکەوێ کە ئەقسامی موختەلیفەی ئەقوامی هیندو-ئەورووپایی گەلی عیلاقەدار کردووە. قەومی «هیتیت» کە زمانیان موحەققەق لە شوعبەی «سەنتیوم» وەیا «لاتین»ە ، سووریەیان زەوت و بابلیان تاڵان کرد. قەومێکی ئیبتدائی کە ناوی «ئوممان ـ ماندا» بوو و لە دواییدا لەگەڵ زومرەی میدیا «مەد» ، «سیپ» یەکدگیر بوو و لە قەراغی شەرقی بەحری ڕەش (بەحری سیاە) جێگیر بوو. لە عیرقی «هیندو-ئێرانی»، فرقەیەکی پچووک ڕێگەی بۆ خۆی کردەوە و تا غەربی کوردستان هات، جێگیر بوو و یەکێ لە خانەدانەکانیان بە ناوی «میتانی» حکوومەتێکی تەشکیل کرد و مەرکەزەکەی لە سەر ئاوی «خاپوور» بوو. لە ئیعتیباری ئەم دەورەوە قیسمی غەربی شۆباری لە ژێر ئیسمی «خۆری»دا لە قیسمی شەرقی جوێ بووەوە و زمانەکەشی هەر بەو ناوەوە ناو نرا. لەم بەینەدا لە مونتەهای شەرقی کوردستانیشدا بەعزێ ئینقلابات لە تەرەف قەومی «کاسی»یەوە بەرپا کرا و بەعزێ لە ئەرکانی ئەم قەومە لە پاش یەغما و تەخریبی هیتییەکان توانییان لە «بابل»دا حکوومەتێک دابمەزرێنن، ڕەنگە بەعزێ کەلیمەی زمانی ئەم قەومی «کاسی»یە لەگەڵ لیسانی ئێرانیدا ڕابیتە و موناسەبەتێکی ببێ.
لە عەسری شانزەیەمینی پێش میلاددا حوکمدارانی «میتانی» موددەتێکی کەم عادەتەن بە سەر هەموو کوردستاندا و تەقریبەن هەتا «ئەرپەخا = کەرکووک» ئیجرای حکوومەتیان کرد و حاکمییەتیان لە ئاسووریە و «سەحرای ئەربیل»یشدا جاری بوو. بەڵام شەڕ و هەرای بەردەوامی حکوومەتی، بە نەتیجە ئەم حکوومەتی میتانییەی دو کەرت کرد: ئەسڵی میتانی یاخود قیسمی دەشت و وڵاتی «خوری» یاخود مەنتیقەی داوێنی شاخەکان و تۆرعابدین.
هەر لەم سرەیەدا خانەدانی حوکمدارییەکی تر، یەعنی سولالەی «خانی گاڵبات» زهووری کرد و حکوومەتێکی سەربەخۆی دامەزراند و مودەتێک بە سەر ئاسوورییەدا حوکمڕان بوو، پایتەختی ئەم حکوومەتە «نسیبیس» بوو کە لە دواییدا بوو بە «نسەیبین».
حکوومەتی میتانی لە ئەوائیلی عەسری چواردەمینی پێش میلاددا لەگەڵ «هیتیت»ەکانا لە سەر «سووریە» کەوتە شەڕەوە و لەم فورسەتەدا نفووزی ئاسووری بەرەبەرە زیاد بوو و لە نەتیجەدا ڕەقیبەکەی مەغلووب کرد و عادەتەن بەشێکی کوردستان یەعنی مەنتیقەی جنووبی شەرقی کە لە تەڕەف ملووکی «کاسی»ی «بابل»ەوە ئیدیعا ئەکرا، هێنایە ژێر حوکمی خۆی. بەڵام لە ئەواخیری عەسری چواردەمینا قەومێکی تازە پەیدا بوو و ویستی لە قەراغی غەربیی شەتی دیجلە و نزیکی شاخی جوودی جێگیر بێ، بەم مەقسەدە قەومی ئارامی و بەعزێ عونسوری تری سەحرای شیمالی سووریە لەگەڵ ئاسوورییەکانا کەوتنە شەڕەوە و لە نەتیجەدا ئەم تەشەبوسی جێگیربوونە سەری نەگرت و سەبەبیشی قیسمەن ئەمە بوو کە ئۆردووی ئاسووری لە عەسری سیانزەمینا بەقووەت بوو و سەبەبەکەی تری لەو وەقتەدا جێگیربوونی قەومێکی تازە لە بەینی گۆمی وان و گۆمی ئورمێ بوو و لە ئیعتیباری ئەم وەقتەوە ئەو مەنتیقەیە ناو نرا «ئۆرارتو» وەیا «ئارارات»، کە لە کیتابی موقەدەسدا و ئەوەڵ دەفعە لە تەڕەفی «شەلمانەسەر»ی ئەوەڵەوە، لە ١٢٦٠ی پێش میلاددا بەحس کراوە، ئیسمی ئەهالییەکە بە تەواوی مەعلووم نییە، بەڵام زەننی عموومی وایە کە چونکە مەعبوودەکەیان ناوی «خالدیان» بووە، ئەهالییەکەیشی ئەوانەن کە ڕۆمەکان «خالدیوی»یان ناو ناون و ئەمانە لازمە زۆر بە دیققەت لە Chaldasans، یەعنی کلدانی تەفریق بکرێ و ئەو زمانە کە ئەم خالدیانە قسەیان پێ ئەکرد، لای موتەخەسیسەکان وایە کە شوعبەی قۆقاسی بوو. بە گوێرەی وەسائیقی ئەو ئاسارە قەدیمانە کە لە نەفسی وان و لە شاری قەدیمیی تۆپراق قەلعە کە نزیک وانە ، دۆزراونەتەوە، موحتەمەلە کە ئەم قەومە لەگەڵ مەدەنییەتی سەواحلی بەحری سپی (بەحری سفید)دا ئیرتبات و عەلاقەیەکی ببێ. تەئسیری ئەمە لە شیمالی کوردستاندا ئەوە بوو کە ئەهالیی ئەسڵییەی ئەوێ کە لە جنووبی گۆمی وانەوە بۆ جیهەتی جنووب و غەرب تەهجیر کران و ئەم حاڵە بوو بە سەبەبی تەشکیلی بەعزێ ئیمارات کە لە تەڕەف ئاسوورییەکانەوە بە ناوی وڵاتانی «نایری» ناسراوە و ئەم ئیمارەتانە بە سووڕەتی عموومی ڕیاسەت و حاکمیەتی ئۆرارتوویان قەبووڵ کردبوو.
مەعەمافیهی، لە عەسری یانزەمینی پێش میلاددا و لە ئینقڕازی ئیمبراتۆریی هیتیتدا هەموو ئەم وڵاتی شیمالی کوردستانە لە تەڕەف قەومی «موشکی»یەوە زەوت کرا و نزیکەی پەنجا ساڵێک بە دەستیانەوە بوو، ئەم میللەتە تازەیە، ئەرازیی جنووبیەی «قەپادوقیا» و «کلکیا»شی داگیر کرد و تێیدا ساکن بوو و ڕۆمەکان بەم میللەتەیان دەگوت «موشوی» . لە پاشدا ئەم موشکییانە ویستیان سنووری حاکمیەتی خۆیان تا شەرقی گۆمی وان بەرن، بەڵام لە تەڕەف حوکمداری ئاسوور، تیغلات پلایزەرەوە لە پێش ساڵی ١١٠٠ی قەبلەلمیلاددا مەغلووب کران.
لە عەسری دەیەمین و لە ئەوائیلی قەڕنی نۆیەمینی پێش میلاددا، قەومی «ئارامی» تەعەڕوزی کردە سەر وادیی خاپوور، و نیهایەت «خوری»ی قەدیم یەعنی «شوباری»ی غەربییان بە تەواوی داگیر کرد. بەڵام «شوباری»ی شەرقی، لە تەڕەف حکوومەتی ئاسوورییەوە لەم موددەتەدا یەعنی لە عەسری چواردەمینەوە تا عەسری نۆیەمین حیمایە کرا، لەگەڵ ئەمەشدا حکوومەتی ئاسووری بە سەر ئەم مەناتیقی غەیرە تابیعەی شەرقی کوردستاندا کە ئەهالییەکەی دائیمەن موقابەلەیان ئەکرد، هەر موراقەبەیەکی بوو. بە گوێرەی وەسائیق و قیووداتی ئاسووریی عەسری سیانزەمین وا دەرئەکەوێ کە لەم مەنتیقەیەدا بە غەیری دەرکەوتنی قەومێکی تازەی «پاپهی» تەبەدولاتێکی تر نەبووە. ئەم ئیسمە تا ئەم زەمانی دواییە «کورتی» ئەخوێنرایەوە و بەعزێک دەیانبردەوە سەر ئیسمی «کورد»، بەڵام ئەو سجیللاتی قەدیمە کە لە «قوغازکۆی» کەشف کرا، بەحسی قەومێکی تر ئەکا کە ناوی «پاپانخی» بووە و موحتەمەلە ئەم لەگەڵ «پایخی»دا ئیسمێکی موشتەرەک بێ و لە پێشدا بە غەڵەت خوێنرابێتەوە.
قەومی هیتیت، لەم دەورەدا، یەعنی لە عەسری سیانزەمینی پێش میلاددا، لە عەلەیهی ئاسووری دەستیان کرد بە پروپاغەندا و ئەنتریقە، بەڵام ئەوەندە موەفەق نەبوون. ئەمەش لازمە لە بەرچاو بێ کە ئەهالیی کوردستانی شەرقی لە ژێر حوکم و نفووزی مەدەنیەتی شوباری، کلدانی و ئاسووریدا بوون و ئەمەش لەو وەسائیقی حقووقییە و تیجارییە کە لە کەرکووکدا دۆزراوەتەوە و دەرکەوتووە و تاریخی ئەم وەسائیقە عائید بە عەسری پانزەمین و شانزەمینی پێش میلادە. واقیعەن لە بەینی ئەهالیدا بەعزێ نیفاق و ئیختلاف هەبوو، بەڵام دین و قانوون و عاداتی ئیجتیماعیە، ئەهلی ئێرەی لە ژێر ئەسمای وەتەنیدا و لە ناو مەدەنییەتی حەوزەی نەهری دیجلەدا تەوحید کردبوو.
سجیللاتی عەسری نۆهەم و هەشتەم و حەوتەمی ئاسووری وا نیشان ئەدا کە جوغرافیای سیاسیی کوردستانی شەرقی، بە سەبەبی موهاجەرەتی قەومێکی «هیندو-ئەورووپایی» لە شەرقی بەحری ڕەشەوە بۆ مەناتیقی جنووبییە، تووشی تەغییرات بوو، ناوی «میدیا» ئەووەڵ دەفعە لە تەڕەف شەلماناسەری پێنجەمەوە (٨٢٣- ٨١٠ پ.م) زیکر کراوە و لە پاش ئەمە بۆتە سەبەبی تەهدیدێکی دائیمی بۆ حکوومەتی ئاسووری. ئەم قەومە ئەوەڵەن شەرقی مەنتیقەی «میدیا»یان ئیشغاڵ کرد، بەڵام لە ئیعتیباری عەسری حەوتەمەوە پرەنسەکەیان هەموو ئەو وڵاتەی کە لە پاشدا میدیا ناو نرا، خستە ژێر نفووز (قۆنتڕۆڵ)ی خۆی.
لەم سرەیەدا «مانەی» ناو قەومێک، کە زمانیان مەجهوولە، ئەرازییەکی پچووکیان لە جنووبی شەرقی گۆمی ورمێ ئیشغاڵ کرد. ئەرازیی «پارسواس» کە لە جنووبی غەربی گۆمی ورمێیە، ڕەنگە لە تەڕەفی قەومی «پارسیوی» ، «پەرسانی» یەوە ئیشغاڵ کرابێ، کە ئەم قەومە لە زەمانی «پارت»ەکانا لە تەڕەفی شەرقی «ئکسارت» ساکن بوون. ئەم عەناسرە سیاسییە تازە، موقەددەمەی هیجرەتی ئەقوامی گەورەتر بوون، فیلحەقیقە لە ئیبتیدای عەسری حەوتەمی پێش میلاددا قەومی «سیس» دەسی کرد بە تاڵانکردنی مەملەکەتی ئاسووری و ئاسوورییەکانی «ئیسرهاددەن» موعاهەدەیەکی دۆستی لەگەڵ کردن و بەم نەوعە حوسنی موعامەلەیان تا نیهایەتی عەسری حەوتەم دەوامی کرد. بەڵام لە دەوری ساڵی ٦٢٥ی پێش میلاددا «نابوپولاسەر» کە خۆی بە موڵکی سەربەخۆی بابلستان ئیعلان کردبوو، لەگەڵ میدیا و سیسیدا بەرامبەر بە حکوومەتی ئاسوور ئیتتیفاقی کرد و لە دەوری ساڵی ٦١٦ی پێش میلاددا موحارەبە دەستی پێکرد و لە ٦١٢دا بە وێرانکردنی شاری «نەینەوا» و مەحوکردنەوەی حکوومەتی ئاسووری نیهایەتی هات.
لە وەقتی مەحوبوونەوەی ئاسوورییە و لە پاشتردا بەعزێ دەفعە باسی کورد کراوە و بیلخاسسە لە تەڕەف ئاکسەنوفۆنەوە لە حیکایەتی ڕەجعەتی دەهەزارەدا کە لە ساڵی ٤٠١ی پێش میلاددا واقیع بووە، باس کراوە. لەم بەینەدا فاسیلەیەکی دووسەد ساڵی هەیە و ئەمەش موددەتێکی کەم نییە و یەکانە دەلائیلی تاریخییە کە بۆ تاریخی کوردستان تەئسیری بێ، بیلخاسسە ئەلواحی نووسراوی تاریخی ملووک «ئاکمەنی» ئێرانییە کە بە سەڕاحەت بەحسی مەسئەلەی ئەسڵی کورد ناکا.
ئینسان کە باسی ئەسڵی کورد ئەکا، نابێ ئەوەی لە فیکر بچێتەوە کە بۆ ئەو عناسری موختەلیفەیە کە لە شاخوداخی کوردستاندا لەگەڵ ئەهالیی ئەسڵییە ساکین بوون، چ کورد چ ئەرمەنی، چ ئاسووری و چ تورکمانی بێ، ئەسڵی مەسئەلەکە نوقتەی عیرق نییە، بەڵکوو جیهەتی زمانەکەیە. «کاردۆخۆی» ئاکسەنوفۆن کورد بوون و مەییالی ئیستقلالی میللی بوون، چونکە لیسانێکی جوێ و سەربەخۆیان بوو.
لەم عەسرەدا نەزەرییەی زمانی کوردی زۆر گۆڕاوە، بە گوێرەی ئەفکاری ئەو موتەخەسیسانە کە مومکینە ئینسان بڕوایان پێ بکا، زمانی «کوردی» لەهجەیەکی موشتەق وەیا موشەووەشی «فارسی» نییە، بەڵکوو لیسانێکە تەتەوڕاتێکی حەقیقی و قەدیمی هەیە و لە زمانی فارسیی قەدیمیی لەوحەکەی «دارا» قەدیمترە. ئەگەر ئەمە ڕاست بێ، بە تەبیعەت عولەمای تاریخ حەقیانە بڵێن کە زمانی کوردی، لە عەسری شەشەمینی پێش میلاددا هەبووە و زمانێکی سەربەخۆ بووە. قەومی «میدیا» و «پارسی» بۆ ئێران، ئەویش هاتۆتە کوردستان. جا لەمە وا دەرئەکەوێ کە تاریخی تەقریبی هاتنی کورد بۆ کوردستان، ئەبێ لە دوای ٦٥٠ی پ.م بێ، چونکە سجیللاتی ئاسووریی پێش ئەم تاریخە هیچ باسی نەکردوون.
ڕەنگە هاتنی قەومی ئەرمەنیی «هیندو-ئەورووپایی»ش بۆ ئەرمینییە نەتیجەیەکی حەرەکەتێکی وەکوو ئەو موهاجەرەتە بێ و لە عەینی وەقتدا واقیع بووبێ. لەگەڵ ئەمەشدا ئەبێ بزانرێ کە ئەم نەزەرییەیە بە گوێرەی زمان (لیسان)ەوەیە و ئەوانەی کە ئەڵێن زمانی کوردی، فارسییەکی تێکەڵوپێکەڵە، ئەبێ بە تەواوی بزانن کە مەجرای تەدقیقاتی تاریخییە عەکسی ئیعتیقادیانە.
نەزەرییەی ڕەبتکردنی ئەهالیی ئەسڵییەی ئۆرارتۆ لەگەڵ کوردا هەرچەندە قابیلی ئیسبات نییە، بەڵام لە ئەدواری قەدیمەدا تەمسیل و مەسکرانی ئەقوامی موختەلیفە لە تەڕەف قەومی کوردەوە نەزەرییەیەکی بەقووەتە.