موتالەعەی فۆن مینۆرسکی
ئەم موتەخەسیسە ئەڵێ: زۆر موحتەمەلە کە قەومی کورد لە شەرقەوە، (یەعنی غەربی ئێران)، بۆ غەربی کوردستانی ئێستا هاتبێ و جێگیر بووبێ، بەڵام هاتنی ئەم قەومە مانعی ئەوە نییە کە لە هاتنی ئەوا، قەومێکی تر یا چەند قەومێکی تێکەڵاو بە ناوێکی وەکوو «کاردۆ» کە لە ناوی ئەو بچێ، لە کوردستانی مەرکەزیدا ژیابێ و لە پاشدا لەگەڵ ئەوا تێکەڵاو بووبێ.
موستەشریق توروشانگین لە «مەجمووعەی ئەسۆریۆلۆژی»دا دوو لەوحەی نووسراوی دیوە کە تاریخەکەی دووهەزار ساڵ پێش میلادە و باسی وڵاتێکی «کار-دا-کا» ئەکا و ئەم وڵاتەش دراوسێی ئەهلی «سو» بووە، کە لە ئەرازیی جنووبی گۆمی وان دانیشتوون. شەرەفنامە ئەڵێ لە مەنتیقەی بتلیسدا قەڵایەکی کۆنی «سۆی» هەیە.
لە دوای ئەم تاریخە بە هەزار ساڵ، تیغلات پلیزەر لەگەڵ قەومێک کە ناوی «کورتی» بووە و لە شاخەکانی «ئازو»دا ساکن بووە، شەڕێکی کردووە و شکاوە. موستەشریق درایوەر ئەڵێ ئەم شاخانی «ئازۆ»یە شاخی «هازو» یەعنی «ساسون»ی ئێستایە.
هەرەدۆت لە خاتراتی عەسری پێنجەمی پێش میلادیدا باسی ناوێکی وا ناکا، بەڵام بە گوێرەی قسەی خۆی، سیانزەمین وڵاتی حکوومەتی «ئەخمەنی» کە لە دواییدا ڕەبتی ئەرمینییە کرا، «پوختەویج» بوو کە بە گوێرەی موستەشریق نولدەک و کیپەرس و م. هارتمان، ئەم ناوە لەگەڵ ناوی «بوختان = بوهتان»دا یەکە.
ئەکسەنەفۆن لە باسی ڕەجعەتی دە هەزارەدا، کە لە ساڵی ٤٠٠ و ٤٠١ی پێش میلاددا واقیع بووە، قسە لە قەومی «کاردۆک» ئەکا و ئەڵێ: مەملەکەتەکەیان هەتا «بوهتان» ئەچێ. لەو وەقتەوە ئیتر لە قەراغی چەپی شەتی دجلە و لە دەوری شاخی «جۆدی» تەسادوفی ئەم ناوە کراوە و لە تەرەف موحەڕڕیرە مەشهوورەکانەوە ئەو مەنتیقەیە بە «کوردویەن» ناو نراوە. (موحتەمەلە کە گۆڕانی تەلەفوزی ئەم ناوە، لە زەحمەتی ئیقتباسکردنی حەرفی «ک»ی سامییەوە حاسڵ بووبێ. درایوەر) بە زمانی «ئارامی» بەم وڵاتە «حەوزەی کاردۆ»یان پێ ئەگوت. لە ناو ئەرمەنییەکانا «کوردۆز» و لە بەینی عەرەبدا (وەکوو بلاجووری و تەبەری ئەڵێن) بە لەفزی «باکاردا» (کاردای) ناسراوە. یاقووت حەمەوی کە ڕیوایەتەکەی عەتفی ئیبنی ئەسیر ئەکا، ئەڵێ وڵاتی «باکاردا» قیسمێکی وڵاتی جەزیرەی ئیبنی عومەر بووە و دووسەد دێی هەبوو و شارانی ئەلسمانیین، جوودی، فیرۆز، شاپوور لە قەراغی چەپی شەتی دیجلە و بەرامبەری «بازابدا» بوو. (بازابدا لە قەراغی ڕاستی دیجلە بووە). لە پاشدا ئەم ناوی «باکاردا»یە کە بۆ وڵاتەکە بوو، لە کیتاباتی ئیسلامدا ون بووە و لە جێگە ئەو، ناوی «جەزیرەی ئیبنی عومەر»، «بوهتان» و ... الخ پەیدا بووە.
بە گوێرەی ئیدیعای عولەمای عەرەب و ئەرمەنی، ئەرازیی کاردۆ، مەدلوولێکی زۆر موحەددەدەی هەیە، واقیعەن سەرحەد و سنووری «کوردوئەن»مان بە تەواوی لە لا مەعلووم نییە، هەر لە سێ شارەکەی کە «ساریزا» و «ستالکا» و «پیناکا» (فێنک) بووە و لە قەراغ شەتی دیجلە بوو، باس کراوە. بەڵام ڕاپۆری موستەشریق سترابۆ کە لەم خسووسەوە دراوە زۆر بەئەهەمییەتە و بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرە، تەعبیری «کوردوایە» مودەتێک ناوی شاخەکانی بەینی «دیاربەکر» و «مووش»ی ئێستا بووە.
خولاسە، «کاردۆخۆی» لە هەر لایەک بووبێ، هیچ شوبهە نییە کە ناوەکەی بە شکڵێکی تر دیسان هەر مەوجوود بووە، لەفزی دوایی (خۆی)، ڕەنگە لە جێگەی kh ئیستعمال کرابێ کە لە زەمانی ئەرمەنیدا ئەداتی جەمعە، ئینجا بە گوێرەی ئەمە، ڕەنگە مودەققینی ڕۆم ئەم ناوەیان لە کتێبێکی ئەرمەنیدا دیبێ؟).
لە لای ئەکسەنوفۆن وایە کە قەومی «کاردۆشوی»، نە تابعی «ئەرتاکسەرس – ئەردەشیرەکان»ە و نە تابعی حکوومەتی ئەرمەنی بوون، لە عەسری ئەوەڵی پێش میلاددا کە وڵاتی «کوردوئەن» لە تەڕەف «دیکران»ی دووەمەوە زەوت کرا، قڕاڵەکەیانی کە ناوی «زاربیونوس» بوو کوشت.
لە ساڵی ١١٥ی پاش میلاددا قڕاڵی «کوردوئەن» ناوی «مانیساروس» بوو. بە گوێرەی قسەی موستەشریق هابشمان، حکوومەتی ئەرمەنی، وڵاتی کوردوئەنی ئیسمەن زەبت کردبوو. لە زەمانی ئەکسەنوفۆندا ئەگەر عەشیرەتێکی ئێرانی لە شیمالی دیجلەدا ساکن بووبێ، هیچ عەجائیب نییە، بەڵام بە بوونی ئیسمێکی واوە بۆ قەومییەتی «کوردوشی» حوکم ناکرێ. ئەم ئیسمە ئەساس و قیاسێکی سامیی هەیە. (بە زمانی ئاسووری، «کاردۆ» یەعنی بەقووەت، وەیا پاڵەوان و «کارادۆ»ش بەقووەتبوونە).
لە لایەکی ترەوە هێندێ موشابەهەتی لەفزییەی لەگەڵ ناوی ئەهلی «خالدی» هەیە و ئەم «خالدی»یانە لە ژێر عینوانی «ئورارتۆ Urartu» یاخود «Urashtu»ی ئاسووریدا باشتر ناسراون و لە دەوری «ئارارات»دا ساکن بوون. ئەم قەومی خالدییە لە ئەواخیری قەڕنی نۆیەمینی پێش میلاددا لە ئەرمینییەدا بینراون و لە پاشا لە دەوری گۆمی واندا حکوومەتێکی بەقووەتیان تەشکیل کردووە و تا مەبادیی قەڕنی شەشەمی پێش میلاد دەوامی کردووە. موستەشریق لەهمان هوست بە گوێرەی کتێبی «گوتینگەن» کە لە ١٩٠٧دا دەرچووە، ئەڵێ: لە ناو ئەم خالدییانەدا بەعزێ موهاجرینی غەریبە بینراوە. مایەر، ئەساسی وەتەنی ئەم قەومەی لە «ئاراکس = ئاراس»ی مەرکەزیدا تەحەریر کردووە.
خولاسە لە عەسری حەوتەمی پێش میلاد و لە دەوری هاتنی ئەرمەنی بۆ کوردستان، ئەم خالدییانە بڵاو بوونەوە و چوونە شاخ و کێوانی ئەتڕاف ، بەڵام ناویان لە مەنتیقەی گۆمی واندا هەر ژیاوە و شاری ئەخلات کە لە قەراغی سەرووی گۆمی وانە، ئەبێ ئەسەری ئەم خالدییانە بێ .
قەومی «کاردۆ» چ سامی بێ و چ ئەهالیی ئەسڵییەی ئەو وڵاتە بێ، ئەمە موحەققەقە کە وڵاتی «کاردوشو»ی قەدیم، ئیمڕۆ مەرکەزی ئەسڵیی کوردە. کە وا بوو، ئەبێ تەسلیم بکرێ کە «کوردوشوی» لەگەڵ لەفزی «کورد»دا ئیسمێکی موشتەرەکە و ئەم فکرەش لە ئیبتیدای عەسری بیستەمەوە کەسبی بەداهەتی کردووە.
ئەگەر تۆزێکی تریش لێکی بدەینەوە، ئەبینین کە قەومی کورد بە تەواوی لەگەڵ «خالدی»دا یەکن. موستەشریق ڕێسک لە شەرحەکەی کە دەرحەق «قۆنستانتین پورو فیروز نەتوس» نووسیویەتی، ئەڵێ: «خالدی و کوردی لەگەڵ «کوردیای»، ئەسمائی موشتەرەکەن» و فکری یەکتری واش لە موقەددەمەی کتێبەکەی لەرج {fn|Lerch . ئەم کتێبە لە ١٨٥٦دا تەبع کراوە و عینوانی ئەمەیە:
Re churches sur les Kurds et sur leurs ancetres, les Chaleens Septentrionax.} دا بەیان کراوە.
تەدقیقات و تەحەرریاتی م. هارتمەن، نولدەک و ویسباخ ئەم مەسئەلەیەی خستۆتە مەجرایەکی تازەوە. ئەم زاتانە ئەڵێن بۆ زانینی فەرقی بەینی شوعبەی «کورد» و «کاردۆ» تەدقیقاتی لیسانییە لازمە و بە واسیتەی ئاساری مەشهوورەی مودەققیقینی «میدیا» و «ئێران»ەوە لازمە لە ناو «کورتیوی» و «سیرتی»دا کورد تەشخیس بکرێ. زاتەن لە زەمانی ساسانییەکاندا بوونی عەشایری زۆری کورد لە فارسدا تەئییدی ئەم فکرە ئەکا. (کارنامۀ اردشیر بابکان) .
ئەگەر فەرقێک لە بەینی ئیسمی «کورد» و «کاردۆ»دا هەبێ، ئەم فەرقە ئەوەندە تەئسیری بۆ حەللی ئەم مەسئەلە گەورەیە نابێ. فیلحەقیقە چۆن و کەی «سیرتی = کوردی ئێران» هاتە غەربی زاغرۆس و لە جێگەی «کاردۆ»ی قەدیما و لە شیمالی سووریە و شاخەکانی ئەنتیگۆرۆسدا جێگیر بوو؟ ئەم مەسئەلەیە هێشتا زۆر موحتاجی تەدقیقە. ئەوەڵەن فتووحاتی میدیا و ئێران مومکین بوو ببێتە سەبەبی نەقڵی مەکانێکی زۆر بۆ ئەهالیی ئێران، میسالی ئەمەش موهاجەرەتی قیسمی لە «ئاساغاریتا»یە کە ئەسڵی مەسکەنیان «سیستان» بووە، وەلحاڵ لە زەمانی ئاسوورییەکانا ئەم عەشیرەتی «ئاساغاریتا»یە لە سەحرای ئاسووریەدا و لە دەوری «ئەربیلا = ئەربیل» بووە و ڕەئیسەکەیان «چتران تاخما» بوو کە لە تەڕەف «دارا»وە کوژراوە و ڕەسمەکەی لە سەر تاشەبەردێکی گەورە و بڵند لە کێوی بێستووندا لەگەڵ ڕەسمی «دارا» و هەشت ڕەئیسی تر ڕەسم کراوە، سیمایەکی کوردی خالیسە. (The Sceulputre of Bihiston, ١٩٠٧, London)
لە ساڵی ٢٢٠ تا ١١٧ی پێش میلاد، لە شەڕی بەینی ڕۆما و سلۆقییەکان و قڕاڵی «پیرغامون»دا عەسکەری بەکرێگیراوی «سیرتی» مەوجوود بووە (لیوای، پول بیوز، ویسباخ). لە جوغرافیای ئەرمەنیی عەسری حەوتەمدا سەفحەیەکی غەریب دەرحەق بە وڵاتی «کورچەخ» بینراوە . لە زەمانی «فوستیوس بینانتیوس»دا یەعنی لە عەسری چوارەما «کورچەخ» قەزایەک بووە نزیک سەڵماس و لە دواییدا بووە بە وڵاتێک کە لە جۆڵەمێرگەوە تا جەزیرەی ئیبنی عومەر وسعەتی بووە و ئەم قەزایانەی تیا بووە: کوردوخ، سی کوردریخ، کوردیخ، ئایتونخ، ئایگارخ، موپولوخ (ئوپولانخ)، ئەورسیروخ (ئورسیانخ)، کاراپونیخ (سارایونیخ)، چاهوک و ئەلباکی بچووک. (هارتمەن، هوپشمەن).
ئەو تەحەولات و ئینقلاباتەی کە بە تەدریجی لێرەدا واقیع بووە، دیمان لە ئەو سێ قەزایە (کوردۆخ، کوردیخ، تەموریخ) کە موستەشریق فۆستوس لە جێگەی «کوردویەن»ی قەدیم نیشانی داوە، «کوردوخ»یان بوو بە یەکە قەزای «کورچەخ» و «تەموریخ» لە ناو چوو و لەگەڵ «کوردریخ» یەکی گرت و بەم تەرحە قەزاکەی لای ژووروو و قەزاکەی ناڕەواست و خوارەوە یەکی گرت.
موستەشریق هەبشمەن بۆ دۆزینەوەی فەرقی بەینی «کوردریخ = کوردیج» و «کورتیوی» حەسری مەساعیی کردووە و لەگەڵ ئەمەشدا ئەساسەن ئەو فەرقی لیسانە کە لە تەڕەف هارتمان و نۆلدەکەوە تەسبیت کراوە، دیسان مانعی بوونی شکڵێکی مەخلووت نابێ، بیلزات نۆلدەک خۆی غرووپێکی سێیەمینی دۆزیوەتەوە و ئەڵێ: ئارامی «کارتەوای» و عەرەبی «کارتاویە» بە تەواوی قەومی کورد ئیفادە ئەکا (هوفمان).
لەمە وا دەرئەکەوێ کە لە دەوری فتووحاتی عەرەبدا ئیسمێکی موفرەدی «کورد» کە جەمعەکەی «ئەکراد»ە، بووە بە عەلەم بۆ قەومێکی مەخلووتی ئێرانی، وەیا دراوسێی ئێران. لە ناو ئەم قەومەدا بەعزێ ئەهالیی ئەسڵییەش بووە (وەکوو کاردۆ، تەموریخ = تامورایە کە لە مەنتیقەیەکدا ساکن بوون کە مەرکەزەکەی «ئالکی» یاخود «ئەلک» بووە، خویەیسای = الخویثیە) لە قەزای «خویت»ی «ساسون»دا بوو، ئۆرتاییە (= الارطان)، لە قەراغ فورات بوو، بەعزێ لەم قەومە سامی بوون. (ئەسەری، ئەنسابی عموومی عەشایری کورد)؛ بەعزێکیشیان ڕەنگە ئەرمەن بووبن، ئەڵێن ئەسڵی عەشیرەتی «مامەکان»ی کورد «مامیکونیان»ی ئەرمەن بووە.
لەم عەسری بیستەمینەدا مەوجوودییەتی عونسورێکی ئێرانیی غەیری کوردی (وەکوو گۆران و زازا) لە ناو کوردا بە تەواوی تەسبیت کراوە، لە بەعزێ جێگایانی تریشدا وەکوو سلێمانی، سابڵاخ، قوتور، ... الخ، بەعزێ سولالە و عەشیرەت کە لە خاریجەوە هاتوون و حوکمیان کردووە، مەوجوودە. (وەکوو لە قوتوردا لە ناو شکاکدا بەقایای کورەسینلی(؟) بنیراوە).
خولاسە، تەدقیقات و کەشفیاتێکی ئوسوولی زۆر موحتەمەلە کە شوێنی ئەو قەومە قەدیمە، کە ئیمڕۆ لە پەنای قەومی کوردی ئێستادا ون بووە، بە زاهیری یەکن، بدۆزنەوە.
کورد نەتەوەی کێیە (ئەنسابی)، و لە کوێوە هاتووە؟
ئاساری ئیسلام و ڕیوایات و حیکایاتی کورد، بۆ حەلکردنی مەسئەلەی ئەسڵ و فەسڵی ئەم قەومە ئەوەندە بەکەڵک نایە. مەسعوودی لە «مروج الذهب»دا ئەڵێ: کورد، نەتەوەی ئەو ئێرانییانەیە کە لە دەست «زەحاک»ی خوونخوار ڕایان کردووە. ئەم ڕیوایەتە لە شانامەدا لە تەڕەف فیردەوسییەوە بە شێعر باشتر تەسویر کراوە.
لە ساڵی ١٨١٢دا موریە لە «Second jurney» (لاپەڕە ٣٥٧)دا باسی زەماوەندی (دەماوەند) ئەکا کە هەموو ساڵێک لە ٣١ی ئۆغستۆسدا بە مناسەبەتی نەجاتبوونی ئێران لە «زەحاک = بیوراسب»ی زاڵم ئیجرا ئەکرێ و ئەم زەماوەندە «جەژنی کوردی»ی پێ ئەڵێن. {fn|موحەرریری تاریخی ئێران «سێر جان مالقۆڵم» ئەڵێ ئەم ڕیوایەتی «جەژن = چشن کورد»یە عەلەلعادە نموونەیەکی ئیستیبدادە و کورد لە ئێرانەوە فێر بووە.
موئەرریخی مەشهووری ئەڵمان، فون هاممەر، ئەڵێ: ئەم مەسئەلەی جەژنی کوردییە فەقەرەیێکی تاریخییە بۆ قەومی کورد و ئەم فەقەرەیە ئەبێ وا لێک بدرێتەوە: شەیتانپەرستی و ڕۆژپەرستی لە ئەدیانی قەدیمەی ئێران بووە. ڕۆژپەرستی لە ئێراندا و ئەهریمەنپەرستی لە کوردستاندا بڵاو بۆتەوە. فیلحەقیقە ئەم یەزیدییانەی کوردستان لە ئێرانەوە هاتوون و لەم موتالەعەیە ئەمە تێئەگەین کە لە ئێرانا قسمێکی خەڵک عیبادەتی ئەهریمەنی و قسمەکەی تریش عیبادەتی هورمزی ئیختیار کردووە و قسمی ئەوەڵ لە دواییدا مەجبووری هیجرەت بوون و هاتوونە کوردستان. (کوردلر، لاپەڕە ١١)
ئەم نەزەرییەی فۆن هاممەرە بە گوێرەی بەعزێ ئاساری ترەوە وەکوو «تاریخ عمومی مرادیک، جڵدی ١ لاپەڕە ٢١٦» ئەوەندە ڕاست و مەعقوول نییە. واقیعەن لە دەوری ئاسوور و کلدانا ئێران مووەححید یەعنی «یەزدانپەرست» بووە و عیلاوەی ئەم، هورمز و ئەهریمەنیش وەکوو معاون مەعبوودی خێر و شەڕ بوون. لە دواییدا لە سەر تەڵقیناتی زەندئاوێستا بەرەبەرە ئاتەشپەرستی پەیدا بووە و تا دەوری ئیسلامییەت دەوامی کرد. دیانەتی ڕۆژپەرستی ئەساسەن لە وڵاتی ئاسوور و کلدانا بووە و بۆ ئەمە مەعبوودێکی زۆریان هەبوو. «بعل» و «بل» هەرە گەورەیان بوو کە بە مەعنا «ڕۆژ»ە. جا مومکینە کە «چشن کوردی» وەکوو دوقتۆر فریج (کوردلر) ئەڵێ شایی نەجاتبوون لە زوڵمی زوحاک بێ.}
لە لایەکی ترەوە ئەسڵی کورد ئەبرێتەوە سەر عەرەب؛ مەسەلەن «مروج الذهب» ئەڵێ: باپیرەگەورەی کورد، ڕەبیعە بن نەزر بن میعادە. لە لای بەعزێ موئەریخینی تر، مەزر بن نەزرە. ئەم دوو زاتە هەردووکیان ئەمیری وڵاتی ڕەبیعە (دیاربەکر) و دیارمەزرە (ڕەققە) بوون و ئەم عولەمای عەرەبە ئیدیعا ئەکەن کە قەومی کورد لە نەتیجەی حادیسەیەکدا لەگەڵ غەسسانییەکان لە کۆمەڵی عەرەب جوێ بوونەوە و چوونە شاخوداخ و لەگەڵ بەعزێ ئەقوامی بێگانە تێکەڵ بوون و زمانی عەرەبییان لە بیر چۆتەوە. هەرە غەریبی ئەمەیە کە لە سرەی ئەجدادی کوردا، کورد بن مارد (ماردوی، دراوسێکانی کوردە) بن سەعسەسە بن حەرەب بن هۆزانە و بە گوێرەی مەسعوودی، کورد بن ئەسفەندیار بن مەنووچەهرە (ئیبن حەوقەل، ئەڵێ کورد بن مارد بن عومەر) . ئەم هەموو ئەنسابە مومکینە حەقایقی تاریخییەی تیابێ، (وەکوو لە ئیختیلاتی عەشائیری زاغرۆس و فارس، قەومێکی سامی بووبێ بە ئێرانی).
ئەلحاسڵ لە تەحەرری و ئیجادی ئەم ئەنسابەدا قسوور نەکراوە و وەکوو لە «مروج الذهب»دا ئەیبینین حەتا سەعی بۆ ڕەبتکردنی ئیسمی کورد لەگەڵ لەفزی «کرادە»دا کراوە کە کەلیمەیەکی عەرەبییە و حەتا بە گوێرەی بەعزێ ئیدیعا، ئەبێ قەومی کورد نەتەوەی ئەسرای جاهیل و جاسادی دێو بێ، کە ئەم دێوە لە تەڕەف حەزرەتی سلێمان (علیە السلام)ەوە دەرکراوە. بەعزەن ئیسمی کوردیان لەگەڵ سیفەتی فارسیی «گورد = پاڵەوان» تەوحید کردووە و ئەم فکرەش لە بوونی «گ»ی پەهلەوییەوە حاسڵ بووە.
لە زەمانی دواییدا گەلێ جار عەشیرەت بە ناوی گەورەکەیانەوە ناو نراوە و بە گوێرەی شەرەفنامە، ئەبێ قەومی کورد کە عیبارەت بووە لە عەشیرەتی «باجناوی و بوختی»، لە «باجان» و «بوخت» پەیدا بووبن. ئیسمی «باجناوی» ڕەنگە لە «باسن ـ ئاو»ەوە هاتبێ کە یەکێ لە عەشایری دیجلەی قەدیم بووە. بە گوێرەی ئەفسانەیەکی تر، قەومی کورد لە پێشدا دوو قۆڵ بوون: میلان و زیلان. میلان لە عەرەبستانەوە و زیلان لە شەرقەوە هاتووە و ئەم قۆڵی دووەمە ئەوەندە ماقووڵ نەبووە، میلان موعتەبەر بووە.