کوردی ڕووسیە

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 2 خولەک  620 بینین

لە تاریخی ١٩١٠م.دا لە وڵاتی قەفقاسیا و لە لیوای ئەریوان و قارسدا نفووسی کورد ١٢٥٠٠٠ کەس بوو. حکوومەتی ڕووسیە کوردانی لیوای ئیلیزابەت پۆل، یەنعی کوردانی زەنگەزور، جوانشیر، جبرائیل و ئاراشی داخڵی ئەم حیسابە نەکردبوو. ئیمڕۆ کوردی ئەم چوار ناحیەیە قەزایەکی سەربەخۆیە. بە سەبەبی ئیختلاتی زۆریان لەگەڵ تورکانی ئازەربایجانی ڕووسی، زمانەکەیان بەعزێ کەلیمەی تورکانیی تێ کەوتووە. موستەشریق جورسین، تەنیا دەرحەق بە کوردی ئەم چوار ناحیەیە، کتێبێکی نووسیوە و لە ساڵی ١٩٢٥دا لە تەفلیسدا لە چاپ دراوە.

لە گورجستاندا و لە مەنتیقەی «ئەخسخە»شدا میقدارێکی موهیم کورد هەیە و لە نۆزدە ناحیەدان. حکوومەتی بۆلشەویک کە جمهووریەتی ئەرمەنیی «ئەریوان»ی تەشکیل کرد، بەعزێ لە کوردیشی داخڵی ئەو کرد و لە جوملەی ئەمانە کوردانی «قەرەباغ»ە کە چەند خێڵێکی عەشیرەتی «زەیلان»ە و بنەی ئەم عەشیرەتە لە وڵاتی «بایەزید»دایە.

ئێستاکە نفووسی کوردی قەفقاسیا کە لە ناو جمهووریەتی ئەریوان و ئازەربایجان و گورجستاندایە، بە تەواوی مەعلووم نییە. واقیعەن «مفصل جغرافیة العراق» بە ٥٠٠٠٠ێکی داناوە، بەڵام باوەڕ ناکەم ڕاست بێ، چونکە تەنیا ئەو بەشەی کە لەگەڵ وڵاتی قارسدا دەس تورکیا کەوت، بە گوێرەی نفووسی وڵاتی قارس، ٦٣١٠٧ە، ئینجا ٢٤- ٣٠ هەزار ئەبێ. باقی نفووسی، بە گوێرەی ئیحسائیاتی ١٩١٠ م، ئەبێ لە ١٥٠٠٠٠ کەمتر نەبێ.