کوردی سووریە

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 1 خولەک  758 بینین

لە قەدیمەوە کورد لە سووریەدا و باخسووس لە قیسمی شیمالیدا لە حاڵی عەشیرەتییەوە یا شاریدا ژیاون. دوقتۆر فریج ئەڵێ لە وڵاتی حەلەبدا ٢٧ عەشیرەتی کورد هەیە. پێش حەربی گەورە لە نفووسی لیوای حەلەبیشدا گەلێ عەشیرەت هەیە و شاری حەلەبیش کوردێکی مناسبی تیایە. لە حارم، جەبەل‌ئەلئەوسەت، بیلان و لە دەوری ئاوی عاسی و لە جەبەل‌ئەلئەکراددا گەلێ عەشیرەتی کورد هەیە. نەفسی شاری شامیش میقدارێکی مناسبی کوردی تیایە .

قونسولوسی ڕووسی حەلەب، موسیۆ زیممرمان میقداری کوردی شیمالی سووریەی بە ١٢٥٠٠٠ تەقدیر کردووە. لە لایەکی تریشەوە ئیدیعا ئەکرێ کە تا ئاوی عاسی و بیلان لە ژێر ئینتدابی حکوومەتی فەڕانسەدا، هەر ٢٠٠٠٠ کورد هەیە.

خولاسە، بە گوێرەی تەقدیری پێش حەربی موسیۆ زیممرمان و بە ئیستیسنای کوردی ئەو قیسمی وڵاتی حەلەبە، کە لە تورکیادا مایەوە، دیسان نفووسی کوردی سووریە (شیمالییە و وەسەتی)، ڕەنگە ٧٠٠٠٠ – ٨٠٠٠٠ کەسێک ببێ.