کوردی تورکیا

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 8 خولەک  1292 بینین

ئەقوامی غەیرە تورکی حکوومەتی عوسمانی، بە سەبەبی حەربی عموومییەوە تووشی بەدبەختی و ماڵوێرانییەکی زۆر بوون. جێگەکەیان گۆڕا. برسێتی، نەخۆشی، ئیستیلای دوشمن، تەڵەباتی یەک لە دوای یەکی حکوومەت و ئۆردوو پەرێشانی کردن، زۆریان لێ مرد و بڵاو کرانەوە. لە دوای حەربی گەورەش تووشی ئەنواعی موسیبەت و ماڵوێرانی بوون. لە ناو ئەمانەدا کورد لە هەموو قەومەکانی تر زیاتر موسیبەت و پەرێشانی دی. لە ساڵی ١٩١٧دا کە ئۆردووی دووەمی عوسمانی تووشی برسێتی و پەرێشانی بوو، بەشی زۆری کوردی ئەتڕافی دیاربەکر هەڵگیرا و نێررا بۆ تەڕەفی مووسڵ و حەلەب و ئەدەنە. گەلێ لەم بەسەزمانانە لە بەر برسێتی و سەرما مردن. ئەوانەی کە لەو وەختەدا لە مووسڵ بوون، ئەڵبەتە دیویانە و بیستوویانە کە لە کۆڵاناندا حاڵیان چۆن بووە.

بێجگە لەمەش لە ساڵی ١٩٢١دا بە سەبەبی حادیسەی «دێرسیم»ەوە تووشی سەرگەردانییەکی تر بوون و کوردانی ئەوێ تەهجیر کران و نیهایەت لە ١٩٢٥دا حادیسەی مەڕحووم «شێخ سەعید» و لە ١٩٣٠دا ئیختیلالی ئیحسان نووری پاشا ڕووی دا و کوردانی مەرکەزی پەرێشان و ماڵوێران کرد، گەلێکیان کوژرا و بەشێکی زۆریان بەم لاولادا بڵاو کرایەوە و بە شیددەت سیاسەتی تەتریکیان دەرحەق تەتبیق کرا و دەکرێ.

جا لە بەر ئەم ئەحواڵە، زۆر زەحمەتە کە ئینسان بتوانێ بڵێ لە فڵانە جێگە ئەوەندە کورد هەیە، بەڵام بۆ بەیانی مەعلووماتێک کە بە دەرەجەیەک نزیک ڕاست بێ، بە مەجبووری ئەبێ موڕاجەعەتی مەعلووماتی پێش حەربی گەورە بکەین.

موحەڕڕیری کتێبی «دوایی واریسانی خەلیفە» کە موستەشریقی مەشهوور «سێر مارک سایکس»ە، لەم کتێبە موعتەبەرەیدا دەرحەق بە عەشائیری کوردی تورکیا مەعلووماتێکی زۆر باش و بە تەفسیلی داوە . بەڵام باسی نفووسی کوردی غەیرە عەشائیری ناکا. بە گوێرەی خەریتەکەی، وا دەرئەکەوێ کە حدوودی کەسافەتی عەشائیری کوردی عوسمانی، ئەلشەکرد، ئەرزەڕۆم، ئەرزنجان، زازا، ئەکین، مەڵاتیە، بەهستی، بیرەجک، ئۆرفە، جنووبی تۆرعابدین، مەنسەبی زێی کۆیەیە. بۆ قیسمی دواییش، موحەڕڕیری «دوو ساڵ لە کوردستاندا» ئەڵێ: حدوودی کورد و عەرەب خەتێکی موستەقیمە لە بەینی مەسەبی زابی سەغیر و مەندەلیدا. حدوودی شەرقیشی، بە تەبیعەت حدوودی عوسمانی و ئێرانە.

موستەشریقێکی تر، ڕیتێر ، (لاپەڕە ١٤٤) ئەڵێ لە ئەتڕافی گۆمی وان (بوحەیرەی وان)، ئەرمەن و کورد تێکەڵاون و حدوودی جنووبی کەسافەتی کورد لە بەینولنەهرەیندا خەتی «فیشخاپوور ـ سامساد»ە. موستەشریق ترا ئەڵێ، حدوودی شیمالی کەسافەتی کورد، خەتی «دیوریک، ئەرزەڕۆم، قارس» و «ئاریوان» بووە. بەشێکی کورد کە لە ئەرازیی بەرزی ئەرزەڕۆمدان لەگەڵ تورک و موهاجرینی قەفقاسیا (چەرکەس، ئەوسەت)دا تێکەڵاون.

بێجگە لەم مەنتیقە گەورەیە، کورد بە شیمال و غەرب و غەربی جنووبی ئەم مەنتیقەیەدا بڵاو بوونەوە و وەزعیەتی عموومییان لە خەریتەی «قەومی کورد»دا بە دەرەجەیەک نیشان دراوە.

ئینسقلۆپەدیای ئیسلام ئەڵێ نفووسی کوردی تورکیا بە گوێرەی ئێستاتیقی «ئەلبولتین» کە لە ١٩٢٥دا لە مۆسقۆدا نەشر کراوە، ١٥٠٠٠٠٠ ئەگرێتەوە. بەڵام وەسائیقی تورک، نفووسی عەشائیری سەییاری کورد بە ٩٦٠٠٠ قەید ئەکا. بە تەبیعەت ئەم عەدەدە دەرحەق بە نفووسی کوردی ئەوێ فکرێکی باش نادا و هەموو ئەیزانین کە بەشی سەییاری زۆر کەمە و ڕۆژ بە ڕۆژ کەمتریش ئەبێ، چونکە وەزعیەتی ئیجتیماعیە و حەیاتیە مەجبووری ئیسکانیان ئەکا. لەگەڵ ئەمەشدا تەخمین ئەکرێ کە ڕەقەمی ملیۆن و نیو سەحیح نەبێ، چونکە هەر ئینسقلۆپەدیای ئیسلام، خۆی لە جڵدی چوارەمیا (لاپەڕە ٤٤٠) ئەڵێ نفووسی وڵاتانی ئەرزەڕۆم، وان، بتلیس و خەربوت لە پێش حەربا ٢٦٤٢٠٠٠ کەس بووە و لەمە ١٨٢٨٠٠٠ی ئیسلام بوو. مەعلوومە کە تەقریبەن نفووسی وڵاتی ئەرزەڕۆم نیوەی کوردە و وڵاتەکانی تریش بە کورد مەشهوورن و جوزئییەک تورکی تیا بوو. لە بەر ئەمە مومکینە کە کوردی ئەم پێنج وڵاتە ملیۆن و نیوێک کەمتر نەبێ. بە گوێرەی تەدقیقاتی سێر مارک سایکس و دقتۆر فریچ لە وڵاتانی تری تورکیاشدا میقدارێکی زۆر کورد هەیە.

لە حەوزەی قزیل ئیرماقدا و لە داخڵی وڵاتانی ئەنقەرە و قۆنیەدا عەدەدی عەشائیری کورد ١٨ و عەدەدی خانەی نزیکی ١٧٠٠٠ە. لە داخڵی وڵاتی سیواس و لە شەرقی شاری سیواس و زازادا عەشیرەتی قۆچگیری هەیە و پێنج فرقەی عەلاحەدەشی لە بەینی ئەرزنجان و زارادایە. بە فیرقەکانیەوە ١٢٠٠٠ ماڵێک دەبن. لە لیواکانی مەرعەش و مەڵاتیە و لە شیمال و شیمالی غەربی خەلیجی ئەسکەندەروون ١٤ عەشیرەت هەیە و عەدەدی خانەیان لە ١٢٠٠٠ زیاترە. لە داخڵی لیوای ئۆرفەدا عەشیرەتی بەرازی هەیە کە ١٢ فرقەیە. عەدەدی خانەی، تەقریبەن ١٧٢٠٠ە. (سێر مارک سایکس، دوایی واریسانی خولەفا، لاپەڕە ٥٨٨-٥٧٢)

مەجمووعی نفووسی ئەم ٥٨٠٠٠ ماڵە، نزیکەی ٣٠٠٠٠٠ کەسێ ئەبێ. ئەگەر نفووسی کوردی ئەیالەتی قارس و ئەردەهانیش عەلاوە بکەین، جگە لە کوردانی عێراق و سووریە، هەر لە تورکیای ئەمڕۆدا نفووسی کورد نابێ لە دوو ملیۆن کەمتر بێ. لە کتێبە زەردەکەی حکوومەتی فەڕانسەدا کە لە ساڵی ١٨٩٢ی میلادیدا چاپ کراوە، نفووسی کوردی تورکیا بە ٣٠١٢٨٩٧ تەخمین کراوە. جەنراڵ زەلانجی ی ڕووس نفووسی کوردی تورکیای پێش حەربی گەورە بە ٢٨٠٠٤٧٥ تەقدیر کردووە. بیلزات حکوومەتی عوسمانی لە ١٩١٤دا ئەم نفووسەی (بەبێ نفووسی لیوای زۆر وڵاتی مووسڵ)، بە ٢٥٢٧٨٤٠ کەس تەخمین کردووە. (کوردستان بەرامبەر بە تورک، لاپەڕە ٤٦)

لەگەڵ ئەمەشدا لازمە ئیعتراف بکرێ کە تەقدیری نفووسی کوردی تورکیای ئیمڕۆ زۆر زەحمەتە، ئەوەڵەن وەکوو قسەی لێ ئەکرێ ئیحسائاتی دوایی، موافیقی مەتلووب نەبووە؛ سانیەن، لەم ئیحسائاتەدا مەسئەلەی قەومیەت و باخسووس قەومیەتی کورد هێڵراوەتەوە و بە فکرێکی سیاسی ئیهمال کراوە. جا لە بەر ئەم ئەسبابە، دەرحەق بە میقداری کوردی تورکیا فکرێکی سەحیح پەیدا کردن زەحمەتە. لە بەر ئەو ئەسباب و عەوامیلەی کە لە ئەووەڵی ئەم بەحسەدا بەیانمان کرد، نفووسی کوردی تورکیا وەکوو پێش حەربی گەورە نییە، بە تەبیعەت کەم بۆتەوە. مەسەلەن ئینسقلۆپەدیای ئیسلام (جڵدی ٢، لاپەڕە ٢٢٦) ئەڵێ: لە پێش شەڕی گەورەدا نفووسی لیوای حەکاری، ٣٠٠٠٠٠ بووە، وەلحاڵ ئەلمانک جوتی (١٩٢٩، لاپەڕە ١٣٣٦) ئەڵێ: بە گوێرەی ئیحسائاتی ڕەسمیی ساڵی ١٩٢٧ نفووسی ئەم وڵاتە هەر ٢٥٠٠٠ نەفسە. «The statesman’s year-book» (١٩٢٦، لاپەڕە ١٣٠٩)، ئەم نفووسە بە ٥٦٨٣١ دائەنێ.

وڵاتی بتلیس کە لە پێش شەڕی گەورەدا چوار لیوا بووە (بتلیس، مووش، سعرد، کنج) و نفووسی ٣٩٨٩٠٠ کەس بوو (ئینسقلۆپەدیا، جڵدی ١، لاپەڕە ٧١٥)، بە گوێرەی ئیحسائاتی تازەی نفووس ئەم چوار لیوایە هاتۆتە سەر ٢٨٢٥٧٦، شاری بتلیس کە لە پێش حەربی گەورەدا ٣٨٠٠٠ نفووسی بوو، ئێستا میقداری سەکەنەی لە ٩٠٠٠ کەم تەجاوز ئەکا. (ئەلمناک جوتی، ١٩٢٩)

لە دوای موعاهەدەی بەرلین، قۆمیسیۆنێک کە عیبارەت لە بیکر پاشا (ئینگلیز)، ڕەئیسی شووڕای دەوڵەت سەعید پاشا (کورد) و میناس ئەفەندی (ئەرمەنی) بوو، بۆ تەعیینی عەدەدی ئەهالی نێررابوو بۆ کوردستان. بە گوێرەی ڕاپۆری ئەم قۆمیسیۆنە نفووسی وڵاتی دیاربەکر ٨٤٠٠٠٠ بوو و نفووسی ئیسلامی ٦٠٠٠٠٠ کەس بوو. ئەم وڵاتە تەقریبەن لە ١٣١٠ی ڕۆمیدا نفووسی هاتبووە سەر ٤٨٢٩٤٠ (تەئریخ و جوغرافیای لوغاتی). نفووسی پاش حەربی لیوای دیاربەکر، ماردین و مەعدەن بە گوێرەی تیعدادی ١٩١٧ هاتۆتە سەر ٣٧٧٥٠٠. (مەختەرەی شەریف پاشا کە تەقدیمی قۆنفرانسی سوڵح کرا، پاریس ١٩١٩). ئەسبابی ئەم تەنەزولە عەزیمە لە دەرەجەوەی ئەوەڵ تەهجیر و لە دەرەجەی دووەمدا قیتال و مەسائیبە و ئاساری زۆر فەجیع لە کوردستانی مەرکەزیدا ئەبینرێ. لەگەڵ ئەمەشدا ڕەنگە نفووسی باقییەی کورد لە ملیۆن و نیوێک گەلێ زیاتر بێ.