عینوانلی

لە کتێبی:
عیشقی بێ نەخشان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  615 بینین
لە جوانیی گەردنی بەرزت
تاکێ کۆتری «عینوانلی»م ڕاگرتبوو
ڕۆژێ لە سەربان بینیبووت.. بەیادتەوە
تێر گەردنیم ماچ کردبوو
زویر بووی لێم
وتبووت: «زۆر عەیبە بۆ ئەو
ئەو کۆترەی خستووەتە جێم»
زویر مەبە
خاتوون.. عاشقێکم نەدار
بیستبووم باوکت وتبووی مارەبێنە
«هەزار دینار»
شیرینیم بوو بە ژەهری مار
دەوەڵڵاهی.. ئەوە یەک دانە هەفتەیە
«پاشەکەوت»م پارەی ئەو تاکە کۆترەیە
دەپێم بڵێ.. دەی چ قوڕێ لەسەرگرم
لە عەزرەتا.. مەگەر هەتا ڕۆژێ ئەمرم
کۆتری عینوانلی ڕاگرم.