پەنجا و چوارەم:

لە کتێبی:
عیشقی بێ نەخشان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 2 خولەک  401 بینین
لە سەرەتای دەستپێکردنی شیعر نووسینمەوە، جار نەجارە بەزمانی عەرەبیش. بەگوێرەی ئاستی ئەوسام شیعرم دەنووسی. لە یادمە دیوانێک شیعرم هەبوو بەناوی «خلجات» نزیکەی هەشتا لاپەڕە دەبوو. نەمزانی چی لێ هات.
بەڕێکەوت لە ژمارەیەکی گۆڤاری «ڕۆشنبیری نوێ» ژمارەی ڕۆژی ١٩٧٤/٨/١ شیعرێکی خۆمم دی لەو دیوانە عەرەبییە بەناوونیشانی «أهلا بک» لە بەشی عەرەبی گۆڤاری ناوبراودا بڵاو کرابووەوە لە ژێریدا نووسرابوو د. م «تشرین الثانی ١٩٧١» واتە شیعرەکەم لەو مێژووەدا نووسیوە. وا لێرەدا وەک تاکە نموونەیەکی ئەو دیوانە عەرەبییەم، بەکوردی وەری دەگێڕم، هەتا وەک وەسیقەیەک نموونەبێ بۆ ئاستی خەیاڵی ئەو سەردەمەم. هەر بەم نموونەیەش ئەم عیشقە بێ نەخشانەم قفڵ دەکەم.
 
أهلاً بک بەخێر هاتی
ئەی خۆشەویست
تۆ ئەو سەمفۆنیایەی کە بەیانییان
لە بەرنامەی عاشقاندا بڵاو دەکرێیتەوە
تۆ ئەو ئاوازە شیرین و هێمن و نازدارەی
کە بەیانییان بەڕاڕەوی کۆلیژەکەماندا
دێیت و دەچی
دڵم خاوەن کۆترێک بوو.. تۆ وەک ئەو وایت
هەر لەو دەچی
کە دەتبینم.. بیری گمە دڵگیرەکانی ئەوم
دەکولێتەوە.
گمەکانی لەجیهانی ئەندێشەدا، پاسپۆرتم بوون
چاوەکانی، دواوێستگەم بوون
لە ڕێگەکانی سەفەرما
چاوەکانی دواوێستگەم بوون
بەتاڤگەی پرچە خاوەکەی
هەموو ڕۆژێک سیمای خودی خۆمم دەشوشت
دڵداریم بۆی.. لاواندنەوە بوو
بەڵکە نەرمتر لەوە بوو.
جیابووینەوە و ئێستا تۆ بووی
بەدەنگدانەوەی عیشقی ئەو
گەرچی ئەوسا
ئاوازی ژێی عیشقی ئەوم کپ کردبوو
تۆ یادی ژینی دێرینەمت هەڵدایەوە
پاش ئەوەی من عیشقەکەشیم گۆڕ کردبوو.
بەڵام چ بکەم.. من حەزم لە ژانی عیشقە و
بێ ئەو ناژیم
کەواتە یاخوا بەخێر بێی
بەخێر هاتی وەک زامی نوێ لەسەر زامێکی
دێرینەی، کە من تیمارم کردبوو.
ئەی زامی نوێ بەخێر هاتی.