پەنجا و سێیەم:

لە کتێبی:
عیشقی بێ نەخشان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 2 خولەک  363 بینین
سەرنجێک: لە گۆڤاری «ڕۆشنبیری نوێ»دا، شیعری شاعیرێکی ئینگلیزییان نووسیبوو. پاشان خۆیان بەپەخشان-ئیتر نازانم پەخشانەکە عەرەبی بوو یان کوردی - گۆڕیبوویان. پاشان داوایان کردبوو شاعیرانی کورد بیکەن بەشیعری کوردی. گوایە لە هەڵبژاردندا کامیان بەهێزبوو بڵاو دەکرێتەوەو پاداشتی هەیە. بەهەرحاڵ من کردم بە کوردی وەک دەبینن. وا تێ بگەم هەر ئەم وەرگێڕراوەی من و وەرگێڕراوێکی تریان بڵاو کردەوە، بەڵام ئەوە چاک دەزانم هەرچی پاداشت هەبوو، نەبوو.
داخوازی
هاوڕێکانم- من ڕێبواری گەشتێکی دووری دێرینم
ئاسمانی ژینی مرۆڤی ئەم سەردەمە، گرژ دەبینم ئایا دەشێ؟ مرۆڤێکی
پێشکەوتووخواز!
بێتە جەنگباز! بڵێی خەڵکی گوێ نەگرن لە ئاوازی دوور بینینم؟!
***
هاوڕێکانم وا هەست دەکەم.. مرۆڤایەتی سەرلەنوێ
بەرەو جەنگێکی سامناک و نالەبار و ناپاک دەبرێ
نابێ کەستان بەپێکەنینی دڕندە بخەڵەتێ
نۆرەی ئەوەیە مۆتەکەی برسی شەڕ و خوێن بفەوتێ
ئەو مۆتەکە مرۆڤخۆرە.. بەدفەساڵە.. داڕزیوە
کە ئاسوودەیی و بەختیاریی کۆرپەکانمانی دزیوە
ئەم نەخۆشی و دواکەوتن و برسێتییە.. هەتاکو کەی؟!
ئەم ڕسوایی و ترسنۆکی و دیلێتییە.. هەتاکو کەی؟!
***
با گشت یەک دەنگ پەلامار دەین.. کۆشکی زەرووەکان بڕمێنین
زەمین، نەک بۆ شەڕ و جەنگین.. بەڵکە بۆ خێر بەکار بێنین
لە ئینجانەی خڕی گێتی و دڵی خەڵکدا.. سۆز بڕوێنین
تۆوی ئاشتی و پێشکەوتن و خۆشەویستییەک، بچێنین.