پەنجا و یەکەم: یادێک بۆ ئەحماوای جاران

لە کتێبی:
عیشقی بێ نەخشان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 3 خولەک  378 بینین
پێش ئەوەی زەردە سەرکەل ماچ بکا
ماڵی سەیرانکەر، گەینە «کانی با»
بە «دەف زنجار» و «تەپڵ» و «زوڕنا» وە
بەدەم گۆرانی «سۆیبە» و «مینا» وە
قەڵای ئارام و خەویان ئەورووژان.
بۆ «سیا چەمانە» ی خاکی «هەورامان»
لە «چەپ»ی ڕێگا ئەکەوتنە لاوە
بۆ لکە ڕێگای باخی «ئەحماوا»
تاسەی نازداران بەدەم «تاسە»وە
ئارەزوویانی زیندوو کردەوە.
«حافیز-هاوار»ی بەرز و نزمی ڕێ
سەیرانکەرانی ئەگەیاندە جێ..
دەرگای ئۆتۆمبێل باوێشکی ئەدا
مرواری زەرد و سووری لێ ئەڕژا
پۆل پۆل نازداری بەرگ ڕازاوە
ئەڕژانە ناو ئەو، باخ و گوێ ئاوە
قەدی «مێخەکبەند» لەسەر «هەیاسە»
عەترێکی ئەپژان، بۆ گەنج پڕ تاسە
«عاشقبەند» لەسەر قوببەی سوخمەی سەوز
ئەلەرزی، کاتێک «مەم» ئەچووە وەنەوز
هاڕەی «هەیاسە»ی قەدی کەمەرشل
ئەیلاوانەوە بۆ چاوی پڕ «کل»
«خاسەنی خوشکێ»ی کچە کوردی دێ
مۆسیقابوو بۆ «چالستۆن» لە پێ
کوڕە کوردی دێش، شەش ڕۆژی «خۆزگە»ی
«هەینی»ی ئەگەیییە، هەناسەی «ئۆخەی»
«مینی جۆب» لەبەر.. بەنەرمە لەنجەی
نەشئەی ئەخستە «ئامان لەرزانە»ی
هەموو شت گوڵی لێوی خەندە بوو
دار و بەرد و ئاو گەشکەی گرتبوو
هیچ نەئەما کزۆڵە و مردوو
تا، بەردی کانیش.. ئارایشت ئەبوو..
بەو نازدارانەی دەورەیان داوە
بەبەرگی کوردیی ئاڵو واڵاوە
حەیفە بۆ خاکێ بەردی زیندوو بێ
کە چی مرۆڤی تیادا مردوو بێ
* ئەم شیعرەم لە گۆڤاری «ڕۆشنبیری نوێ»دا دۆزییەوە، 11 / 7/ 1974 دیارە کاتی خۆیشی هەر بە کۆنی دیومەتەوە و مێژووی دانانەکەی کۆنە، چونکە لە گۆڤارەکەدا نووسرابوو «چوونەوە بەشیعرێکی کۆنەدا» ڕەنگە هی ساڵانی شەست بێ.