چل و هەشتەم: لاواندنەوە

بۆ کۆچی شەهید مەحموودی حەمەبۆر پێشکێشە.
لە کتێبی:
عیشقی بێ نەخشان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 4 خولەک  1057 بینین
چەکیان کردم
نامەردانە چەکیان کردم
بە کوشتنت
کاکە مەحموو
چەکیان کردم
نامەردانە چەکیان کردم
***
تۆ بڕنەوێکی باڵابەرز بووی
بە شانی یاخیبوونمەوە
تۆ قەڵاکەی مەریوان بووی
بەپشتی نەنەویمەوە
تۆیان کوشت و چەکیان کردم
تۆیان کوشت و قەڵاکەیان
لە پاڵ پشتا لابردم
چەکیان کردم
نامەردانە چەکیان کردم.
***
لەمەودوا کەس پێم نەڵێ:
ڕۆژباش
لە دوای مەحموو
هیچ ڕۆژێکی باش نابینم
لەمەودوا کەس پێم نەڵێ
شەوشاد
لە دوای مەحموو
هیچ شەوێکی شاد نابینم
لەمەودوا کەس پێم نەڵێ:
بەخێربێی
لە دوای مەحموو
هیچ خێرێکیش شک نابینم
***
تکام وایە
لە دوای ئەوەی
ماڵئاوایی لێ کردین
لە دوای ئەوەی
وا کتوپڕ
بەلەنجەولار
پشتی مشکێکەی تێ کردین
لە دوای ئەوەی
بەقفڵی داخ و ناسۆر
دەرگای ئارامی داخستین
وا کتوپڕ بەجێی هێشتین
هەرکەسێک هاتە ماڵەکەم
قەت پێم نەڵێ:
ماڵت ئاوا
چونکە هەرچی ماڵی هەیە و
ماڵی دەبێ
بە وێرانەی دەزانم
گەر کاکە مەحمووی تیا نەبێ.
***
بەناوی - جەوگۆڕینەوە-
شوێنە گۆڕکێم پێ مەکەن
هەرچی جێگەی زەمین هەیە
لەیەک دەچێ
هەر وێرانەو لەیەک دەچێ
کە باڵای ئەوی تیا نەبێ.
ئەم دنیایە
هەر کاولە و هەر وێرانە
مادام لەنجەی تیادا ناکا
ئەو شان و شەوکەتە جوانە
مادام شەماڵ نایلەرێنێ
ڕیشووی ئەو مشکییە جوانە
ئەم دنیایە
بەکلیلی داخ و ئازار داخراوە
هەر کاولە و هەر وێرانە
مادام تیایدا قسە ناکا
کاکە مەحموو، بەمەردانە
***
کاکە مەحموو:
فەرهادێکی بێ قوڵنگ بوو
لەبەر مشتیا
کێوی بێستوون دەنەوی
کۆشکی نیرۆن دەتەپی
کاکە مەحموو
خەنجەرێکی دەبانی جەوهەردار بوو
لە ئاشووبی هەر عەشرەتێک بکەوتایە
دەمەیی
کاکە مەحموو
لە خاڵوانا:
ئیمامی تەزبیحی خوێنی عەشرەتمان بوو
لە ناو گەرمەی لێقەومانا:
پارێزەری نەسرەوتمان بوو
لە زریان و لە بارانا:
هەتاو و سایەقەمان بوو
لە ناو ئینجانەی خەممانا:
چەپکە گوڵی باقەمان بوو:
لە هەڵمەت و خەمخواردنا:
گوڕڕەی داوێنی گەنجان بوو.
لە ڕاوێژ و لە تەگبیرا:
دەم سپی و پیری هەمووان بوو،
لە گەرمەی گوللەبارانا:
هەم سەنگەر و هەم قەڵغان بوو.
لە نەخۆشی و ئازارمانا:
هەم حەکیم و هەم دەرمان بوو.
لە هەناسەی سەرەمەرگا:
بۆ گیانمان، ئاوی ژیان بوو
***
کاکە مەحموو
چۆن دەگمەن بوو،
کەسایەتی و ژیانی
چۆن دەگمەن بوو
هەڵسوکەوت و
مەردایەتی و وێرانی،
هەروەهاش گەلێک دەگمەن بوو
کۆچی سەخت و
واز لە ژیان هێنانی.
شەوی بیست و نۆی شوباتی
هەشتا و چوار بوو
شەهیدبوون و نەمانی
دەبێ هەر چوار ساڵ جارێک، من
بپێوم قوڕی کۆچەکەی
بەرەو مردن
هەر چوار ساڵ جارێک یادی ئەو
لە شوباتدا
وەکو پشکۆ
بمخاتەوە شین و
ڕۆڕۆ
***
کاکە مەحموو
لەگەڵ تۆمە کاکە مەحموو
جەوهەرداری فریشتە خوو
هەرچی ڕووی دا
هەرچی درووست بوو
درووست بوو
هەرچی لەناوچوو
لە ناوچوو
هەرچی بوو
بوو
هەرچی ڕووخا
یان سەرلەنوێ بنیات بوو
هیچیم لەلا گرنگ نییە
مادام باڵا شەنگەکەی تۆ
شەماڵ نایشەکێنێتەوە
خۆر، سێبەرتم
بۆ ناخاتە گفتوگۆ
چاوەکانت بەرامبەر چاوەکانم نین
وەک دوو هەڵۆ
***
کوێر بم مەحموو
ئەمە کاری کردن نەبوو
گوڵاڵەی لێوەکانی تۆ
هی وەرین و بردن نەبوو
ئەستێرەی چاوەکانی تۆ
هی نووستن و خستن نەبوو
باڵای تووڵە نەمامی تۆ
هی بڕین و ناشتن نەبوو
نەبوو.. نەبوو
کاکە مەحموو
ئەمە کاری کردن نەبوو
بەم کۆچە کتوپڕییەت
دڵ بەکانیی خوێنینم
هەموو ڕۆژێک وەکو ئەمڕۆ
دڵ کۆتەی قەساب
تازە برینم
کاکە مەحموو
ئەمە کاری کردن نەبوو:
شێری شێران
بەشێوەی تۆ
وەها بکەوێ لە مەیدان