چل و حەوتەم: شەیتانی سپی

لە کتێبی:
عیشقی بێ نەخشان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  646 بینین
شاعیرم، یا شاعیر نیم چش
خۆت لە شاعیر نەگەیەنی
نەخەڵەتێی داوای شیعرم لێ بکەی
دەنگی شیعرم دەرنەیەنی
شاعیر شەیتانێکە سپی
هەرچی حەزی لێ بکا..
وەکو پشکۆ دەسووتێ
تووکی سەری -با -دەیبا.
تۆ لەم عیشقە شێتانەیەم
تێ ناگەی
بۆیە دەوێری وا بەتین
ماچم بکەی.
چۆن ناترسی لە ماچێکدا
هەروەکو شیر بتخۆمەوە!
توند مەمگووشە بە خۆتەوە
ڕەنگە لەشت لە ناو لەشما بتوێتەوە
ئامان نەکەی لێم نزیک بی
ئامان دەست نەکەیتە ملم
گەر تۆش نەمری، من خۆم دەمرم
تۆ لە عیشقی شەیتانانی
شێتی سووتان، تێ ناگەی
تۆ لە ئەوینی شێتانی
جوانیی ئینسان تێ ناگەی
ئێسکسووکی چواردە بەهار
تۆ منداڵی و لە عیشقی شاعیر تێ ناگەی
تۆ منداڵی و لە چواردە پایزی عیشقم
سەر دەرناکەی.
پیر دەبم و کچۆڵەکەت
تەمەن چواردە بەهار دەبێ
وەک تۆ سیمای
هەر لە سیمای دایکت دەچێ
بەویش بڵێ: کچم ئامان
شاعیر شەیتانێکە سپی
هەرچی ساتێک توخنی کەوی
هەرچی حەزی لێ بکا
وەکو پشکۆ دەسووتێ
تووکی سەری با دەیبا!