چل و دووەم: ناتەبایی

لە کتێبی:
عیشقی بێ نەخشان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 2 خولەک  766 بینین
بەڵێ خانم بۆ منی پیاو زۆرە ژن
هەروەک لێرە پیاوان زۆرن بۆ تۆی ژن
ڕاستە جوانی و بەنەزاکەتی و شەرمن!
ڕاستە کپ و بەئارامی وەکو من
ڕاستە لێرە تۆ بەتەنیا و من تەنیام
بەڵام هێشتا بەمەیلی ڕوح لێت جیام
من شاعیرم، شاعیر شێتە و بێ پەروا
زۆر جار ئەوەی خۆشی دەوێ، خەم دەیخوا
زۆر جار ئەوەی شاعیریش خۆی دەیەوێ
بێ باکانە، پشتی لەمە و دەخەوێ
خانمەکەم ئاخ بۆ ژنێکی وڵاتم
کورد زمانی بڵێ: شەیدای باڵاتم
نا، واش نەڵێ، بڵێ، سندان ژەهری مار
داخ بۆ کیژە لاسارەکەی چاوخومار
یان پێی بڵێم: هێشووە ترێی ڕەزەکەم
لە جێی باخ و خانوو و هەموو کەسەکەم
بە نوقورچێک بشاخێنێ وەک مەلان
بە توانجێک لێم بچێتە کەلی شەیتان
سەد بیانووی بێ، بەلایەنی کەمەوە
سیل و دیق کەم، هەتا ئاشتی کەمەوە
***
بەڵێ خانم دەمەوێ، کیژێکی وام بەرکەوێ
حەز دەکەم لێوێک بمژم، بەرەو ڕووم پێ کەنیبێ
حەز دەکەم کوڵمێک ماچ کەم، لەبەر ماچما لەرزیبێ
چاوێک بێتە بەر نیگام، بۆ خەمناکیم گریابێ
کیژێک بکەمە دۆستم، بە گیان، دڵمی سەودابێ
***
خۆزگە ئێستا نازدارێکی نەشمیلانەی کوردستانی
کابینەکەی دادەگیرساند، پرشەپرشی کوڵمی جوانی!
بەڵێ: خۆزیا، سیمای کیژێک لەم ژوورەدا لەگەڵمابێ
وەک لەپی دەستەکانمی خۆم لە پێش چاوم ئاشنابێ!
بەجامبازی و بەعەیاری، هەزارانی بەشوو دابێ
بەکارەبای زەردەخەنەی دەی وەک منی ئوتوو دابێ
بێباکانە لووتی قوتی، لە قوببەی بەرزی سەمابێ
چاوی جوانی ڕەشەباکەی سلێمانی ئەزێت دابێ
سەر بەرەوخوار لەسەر سەهۆڵ بەندانەکەی خلیسکابێ
لە ناو کۆڵانەکانیدا، چەمۆڵەی لە کوڕان نابێ