چل و یەکەم:

هەوڵ و کۆششێکە بۆ دانانی پارچە مۆسیقایەکی فانتازیای کوردی لە بەرگی ئاهەنگی وشەی شیعریدا.
لە کتێبی:
عیشقی بێ نەخشان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  473 بینین
لێکدانەوە..
گالیسکەیەکی.... دوو ئەسپی
لەسەر شانی..... هەڵی گرتووی
شەقام: شۆرراوی بارانە و
بەرگەکانت
هاوینەن
هەور: بۆت بووە بەچەتر و
خەونەکانت
بێ وێنەن
بەرگەکانت:.... بێ وێنەن
خەونەکانت..... هاوینەن
منیش دارکاژێکی کەنار ڕێگەکەتم
منی ڕێبوار
خەمی ئەسپ و بەرگەکەتم
بەرگەکانت:
هاوینەن و دەگەڕێیەوە کۆشکەکەت
پەرش و
بڵاویت و
شەکەت
بەڵام ئایا؟!
لەوێ جێیەک شک دەبینی
وەکو دڵی من
نەرم!
لەوێ جێیەک شک دەبینی
وەک ئامێزی من
گەرم!
ئەگەر وابوو
ئەسپی گالیسکەکەت هەردوو
بەرەڵای سارایان دەکەم
چونکە هەردووک
دەستی منە،
فەرمان
دەدەم
گالیسکەکەش، بسووتێنە
چونکە ئەویش
دڵی منە.
ئێستا، زانیت!
بۆ لێخوڕە عاشقەکەی ناڕوانێتە تۆی نازدار و چاو دەبڕێتە ڕیزە دارکاژی
کەناران!
ئێستا زانیت!
گەر نەزانی چی دەردەبڕم؟
بەرگەکانت
دادەدڕم!
گەرچی هەموو تازە شیعرن
بەڵام خاتوون با نەمێنن
چونکە هەڵەی...
شاعیرێکی
شێت و وێتی وەکو منن