سی و هەشتەم: لە پاسێکدا

لە کتێبی:
عیشقی بێ نەخشان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  762 بینین
برۆت، حاڵی لە ئامێزی، نەزاکەتدا، کە داناوە
دڵم لەو سووتاوترە بۆت، دە تاوێک ڕوو کە بەم لاوە
ئاڵۆسکانی ئەم عەیشەی من، یەک هەناسەت چاری دەکا
وا بزانە سیشوارێکە و، پەرچەمت نەختێ ژاکاوە!
حەدم نییە، بەڵام چی بکەم! ئەوا خوێنم حەڵاڵت کرد
بیکە سپرای، بۆ ئەو داوەی، هەوای پاسەکە لێی داوە
ئەمەندەت دڵ، شکاندووم دڵ، ڕاهاتووە، لەگەڵ شکان
ئەگەر ڕۆژێک مەیلم بەیتێ، دڵم دەشکێ لە سەد لاوە!
ڕەشەباکەی سلێمانی، بەبۆی عەتری لاملت کەوت
من تەنیا بەبۆی هەناسەت، چوومە خوڵقی ڕەشەباوە
پێم ببەخشی، ئەو قەڵەمەی، چاوەکانتی پێ ڕەش دەکەی:
شیعرێکی وات بۆ دەنووسم، بڵێن مەخلووق دای نەناوە!