سییەم: شەقامی کاوە

لە کتێبی:
عیشقی بێ نەخشان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  922 بینین
ببم بەقوربان لارولەنجەکەت
بمکە بە گوڵێک بۆ تەسریحەکەت
***
لەبەر خاتری ئەو جووتە چاوە
بووم بە نەمامێک لە جادەی کاوە
بەڵکە جار جارێ، وەکو ڕێبوارێ
زەردەخەنەیەک، لە ڕووت ببارێ
***
ماکسی بەدەن چەسپ، ورشەی شاڵی شان
نەک هەر دڵی من، شەقامی جووڵان
شەقامی کاوە، کۆستی ئەکەوێ
ڕۆژێک هەنگاوی، تۆی بەرنەکەوێ،
***
ئەو نیگا گەرمەت، گیانی سست کردم
توانای ڕۆیین و گفتوگۆی بردم
من وا.. مامەوە، بەئارامەوە
تۆ وەکو خۆتی و من توامەوە
***
تۆ بە شانێل و پووتی بەرزەوە
من بە شەیدایی و دڵە لەرزەوە!
ئەی جوانی خرپن، ناسکۆڵەی شەرمن
بەسە گوناهم مەخەرە گەردن!
***
ببم بەقوربان لارولەنجەکەت
بمکە بە گوڵێک بۆ تەسریحەکەت
هاوڕێی هونەرمەندم: عوسمان عەلی گەرچی کۆپلەی دووەمی شیعرەکەی نەخستووەتە گۆرانییەکەوە، بەڵام ئاوازەکەیم بە سەرکەوتوو زانی.