بیست و شەشەم: بچم یا نا؟!

لە کتێبی:
عیشقی بێ نەخشان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  576 بینین
بچم، یا، نا؟
لەگەڵ، دڵما!
کە، دڵ: شێتێکە بینایی
لەسەر دڕکی گوڵێک دانا
بەبێ بیرێک، لە کۆتایی!
بچم، یا، نا؟!
***
بچم، یا، نا؟
لەگەڵ هەستما
کە هەست و تینی ناخی من
وەکو بولبولێکی شەرمن
گیرۆدە بوو
پێوەند کرا
نەتوانای بوو بخوێنێ بۆت
نەڕازێکی، دڵی دەرخا
هەتا ڕۆژێک سەربڕدرا!
بچم، یا، نا؟!
***
بچم، یا، نا؟
لەگەڵ: ڕازا!
کە ڕازی خۆشەویستی تۆ
هەموو ساتێک ئەچرپێنێ
بەگوێی مندا
هەموو کاتێک تارمایی دێ
لە بەرچاوم سەما ئەکا
هەتا وەک شێتم لێ ئەکا
ناچار ئەبم
تەماشای کەم
دڵە شێتە
بێ پەرواکەم
ناچار ئەبم
دوای بکەوم
لە دواجارا
ئەگەر فەرمووی:
بچم، یا، نا؟
پێی ناڵێم: نا