بیست و پێجەم: بازرگانی جوان

لە کتێبی:
عیشقی بێ نەخشان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  564 بینین
نەمئەزانی: بازرگانی
نەمئەزانی: تۆ لەوانەی
کە خۆشەویستییەکی گەرم
بەشەو و ڕۆژێک لە یاد ئەکەن!
گیانم هێندە خرۆشابوو
نەمئەزانی بۆ کوێی بەرم!
بەڵام ئێستا
کە پێم زانی
نەک قوتابی
بەڵکە مامۆستای شەیتانی
لە بازاڕتا بەئاسانی
دڵ ئەکڕرێ
ئەفرۆشرێ
تۆ جوانێکی بازرگانی
بەدەم مشتەری تازەوە
زۆر ڕووخۆشی
کۆن ئەفرۆشی
بەنازەوە
دێی بەپیر هینی تازەوە
بازرگانیت
بازرگانی عومری جوانیت
هینی خۆتی نەوەک، هی من
نەک ئەوانەش کە وەکو من
ئەتکڕین و ئەتفرۆشتن
بازرگانیت پێوەکردن
لە تۆ وایە:
دنیا و ژیان
دڵ کڕینە و دڵ فرۆشتن
نا.. نا.. خانم
قسەی ناوێ و بێگومانم
تێت گەیشتم
چاک ئەزانم
کە: فێڵاویت
بەڵام ئەی جوان
ڕۆژێک ئەبێ
بەسەرتا بێ
تەماشای ئاوێنە بکەی
زۆر مووی سپی بەدی کەی!
ئەوسا ئەگریت
قوڕ ئەپێویت
بۆ ڕۆژانی
بازرگانی
بەڵام ئەوسا
کەسێک نابێ
لێت بکڕێ
تۆ هەر ئاوا بیربکەوە
ئێستا:
جوانیت
بەڵام ئەوسا:
خۆت ئەیزانیت!