بیست و چوارەم: کارەکەر

لە کتێبی:
عیشقی بێ نەخشان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  506 بینین
ئەی نەشمیلەی فریشتە ڕەنگ
ئەی وردیلەی کپ و بێدەنگ
گیان خاوێنی هێمن و مەند
گەرچی بەرگەکانت شڕن
ئاغاژن و دەستوپێوەند
ڕایان گرتووی:
نیوە برسی، نیوە چڵکن
زوو زووش پیاتا هەڵئەشاخن
بەڵام تۆی جوان
تۆی داوێن پاک
تۆی نەدار و لانەواز و برسی بۆ نان
بەهێمنی لە سووچێکا
بەدزییەوە
بیر لە دێرین ئەکەیەوە
ڕۆژانێک بوو
دایکت، باوکت
بەڕەنجی شان
تۆیان بەناز پێ ئەگەیان
کەچی لەپڕ
ئەهریمەنە، ناکەسەکە
شەڕێکی شوومی داگیرسان
لەو گوندەی پڕبوو لە ژیان
فڕۆکەی جەنگ
خانووەکەتانی داڕووخان
خۆیان و ماڵاتی سووتان
تۆی لە چیلکە چنین نەبێ
هەموو بوونە کۆیی زووخاڵ
تا ناچار بووی کیژی مناڵ
بوویتە کارەکەری ناو ماڵ
بەڵام ئەی جوان
لە زمانمەوە
لە زمانی ئەوانەوە
کە وەکو من
دێن بەدەم سۆزی گیانەوە
یا وەکو من، هەژار ویست و جوانپەرستن
بە ئاغاژنەکەت بڵێ:
تۆ گەلێک لەو شیرینتری
تۆ گەلێک لەو نەخشینتری
بەرزتری
بەڕێزتری