حەڤدەیەم: لە شەڕە بەردی منداڵیدا سەرت شکاندووم، لە شەڕە نازی گەورەییدا دڵم مەشکێنە.

لە کتێبی:
عیشقی بێ نەخشان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  524 بینین
لە بیرتە؟
لە بیرتە گیانە، کاتێک مناڵ بووین
بەهاران لەگەڵ چرپەی سەحەرا
بە چەپڵەڕێزان بۆ یاری ئەچووین
سەوزەی بەهارمان بە پێ ئەشێلا؟
لە بیرتە جارێک، شەوێکی هاوین
پەڵەبەردێکت کێشا بە سەرما
هەر کە خوێنم دی، کەوتمە گرین
تۆش ترسای خێرا گریای لەگەڵما؟
دیارە لە بیرتە شەوی چاوشارکێ
عەبا کۆنێکت ئەدا بەسەرتا
پێش ئەوەی بڵێم: قەڵا بوو بە سێ
ئەهاتی، خێرا، شارت گڕ ئەیا؟
حەز ئەکەم دیسان وەکوو ئەو شەوە
کە کۆمەڵێک بووین پاک و بەرەڵا
لە تەڕ و وشکا بدۆڕێینەوە
تۆ بکەن بە بووک، منیش بە زاوا