شازدەیەم: گۆرانییەک

لە کتێبی:
عیشقی بێ نەخشان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  733 بینین
دڵم شادە ئەی فریشتەی دڵی شەرمن
نەکەی لاڵ بی لە گۆرانی و بەستەوتن
باسی ئەو شۆخەم لێت دەوێ
باسێک کە دڵ پێی بسرەوێ
باسێک بێت کە وشەکانی
جوان بن وەکو چاوی جوانی
ڕۆشن و ساف و ڕەوان بن
وەکو کانیی کوردستان بن
وشەکانی با نەخشین بن
وەک پەپوولە هەڵبفڕن
وەکو دڵم گەرم و گوڕ بن
ئاڵ بن وەکو کوڵمی شەرمن
پڕ ئەفسوون بن
پڕ جادوو بن
وەکو چاوی خەواڵوو بن
ئەی فریشتەی دڵی شەرمن
نەکەی لاڵ بی، لە گۆرانی و بەستەوتن
گۆرانییەکم لێت دەوێ
دڵی شێتی پێ بسرەوێ
گۆرانییەک
نەوترابێ
نەبیسترابێ
گۆرانییەکم لێت دەوێ
دڵی منی پێ بسرەوێ