هەژدەیەم: پشیلە
لە کتێبی:
عیشقی بێ نەخشان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
1 خولەک
711 بینین
تۆ پەیکەرێکی بەردی بێ گیان بووی
تۆ دوو چاوی سوور، پڕ لە گریان بووی
نەبووی لە ژینا.. وەکو مردوو بووی
تەنیا بە جووڵە - لە زیندوو ئەچووی
بە لێوی دڵم بەستەم بۆ وتی
دڵم ئەخستە سەر ڕێت، کە، کەوتی
هیچ نەبووی بێ من.. بێ شیعرەکانم
بێ سۆزی دڵ و بێ تینی گیانم
کە بە شیعری من بەرز بوویتەوە
دەوری خۆت بینی، سڵەمیتەوە
کفرت کرد وتت: نامەوێ شیعرت
نە ئیلهامی دڵ.. نە هۆش.. نە فیکرت
نەفام، بایی بوو، سپڵە، بێئەقڵ
لاشە چۆڵ و هۆڵ - لە بەزەییی دڵ
خۆت و جوانیت و هەر چی کە هەتە
هەمووی قوربانی دێرێک هەڵبەستە
کە ئەڵێ: یاخوا چقڵ باڵ نەگرێ
کە گرتی دڵی سەد گوڵ ئەدڕێ