یازدەیەم: بێهیوایی

لە کتێبی:
عیشقی بێ نەخشان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  745 بینین
ئەوسا قۆناغی ئامادەیی لە قوتابخانەکاندا تا پۆلی پێنچ بوو، لە هاوینی ١٩٦٦دا لە پۆلی پێنجی وێژەیی بووم، کە ئەنجامی تاقیکردنەوەی ساڵانەم وەرگرت، دەرنەچووبووم. زۆرم لا ستەم بوو، چونکە زۆر بوودەڵە دەرچووبوون بەتایبەت لەوانە کە خۆم کۆششم پێ دەکردن و ئاستی نزمیانم دەزانی. بەدەم ڕۆیشتنەوەم بەرەو ماڵ، ئەم شیعرەم لە کارتەکە نووسی.
شەوی نەگبەتی: گوڵاڵەی شانسی
لە من شاردەوە.
خوای کامەرانی: شادی دەروونمی
بۆ خۆی بردەوە
فریشتەی ئاوات: دەستی لە شان و
ملم کردەوە
شەیتانی خەفەت، لە جێیەکەی ئەو
هاتە پێشەوە
کەشتیی پێکەنین، شکاو خستمیە
دەریای گریانم
سەرکاری دۆزەخ، پشکۆی گڕاوی
خستە ژیانم
گڕەی ئازاریش، خونچەی لاوێتیی
تینووی خنکانم
ڕەشەبای شەوگار، پێکی نووستنی
چاوی ڕژانم
بێهیوایییە، دڵەی کۆستکەوتووی
تۆزێک پێ خۆش کەم
مەگەر بە بارانی.. بێ هیواییی خۆم
باخەکەم گۆشکەم.