ئەو حەفتەیەی حەوت ڕۆژ و شەوێکە

لە کتێبی:
خەونی سەما دژەکان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 2 خولەک  977 بینین
1
تۆ لە دڵمایت
کە نەتوانم بتبینم و بۆنت بکەم
کە نەتوانم تامت بکەم و بتگرم
کە نەتوانم گوێت لێ بگرم
تۆ لە دڵمایت و زۆر دووریت
ئای کە دووری میوانی دڵ
***
من لە دڵتام
کە نەتوانی بمبینیت و بۆنم بکەی
کە نەتوانی بمگریت و تامم بکەی
کە نەتوانی گوێم لێ بگری
من لە دڵتام و زۆر دوورم
خانەخوێکەم.. ئای کە دوورم!
2
تەڕ دەبم و سەرمام دەبێ
لەبەر ئەو شەستەبارانە.. سەما مەکە
هەنسکەبڕکێم تووش دەبێ
لەبەر ئەو تۆف و زریانە.. هەڕا مەکە
بۆ وا دەکەی؟
کەی وتوومە: هەرچی دەردێ
تووشی تۆ بێ
تووشی دڵی منیش دەبێ
3
من نێرگسیم، زۆریش حەزم لە نێرگسە
کەی وتوومە تۆ لەو دەچی
وەک «مەولەوی»
وتم نێرگس لە تۆ دەچێ!
من زەردم و ئەتۆش سپی!
زویر مەبە
بڕوا بکە
بە «خۆم»م وت.. لەگەڵ «ئەو»دا
تۆش لەو دەچی!
4
ڕاستت دەوێ
ئەم ژیانە بێهوودەیە و.. هوودەی من تۆی!
درۆت دەوێ
ئەم ژیانە.. بێهوودەیە و.. هوودەی من تۆی!
هوودەیی بێ، یان، بێ هوودە بێ.. ئەم ژیانە
هەردوو هەر تۆی!
ئاشنا، یان، دڵ پڕ غوربەت.. بەم ژیانە
هەردوو هەر تۆی!
تەنیا خۆم بم، یان، تەنیا تۆ.. لەم ژیانە
هەردوو هەر تۆی
5
ئەم جیهانە دووکانێکە
سەودام بکەی.. سەودات بکەم
کڕیار و فرۆشەر، خۆتی
ئەم ژیانە.. پەرستگایە
بتپەرستم، بمپەرستی
ژیاو و ژیێنەر، خۆتی
بیانوو مەگرە کام.. کامتری زۆر خۆشدەوێ
ئەوەی دڵی من دەیەوێ، تۆش دەتەوێ
6
دوێنێ لای تۆ.. نامەیەک هات
ئەمڕۆ لای من.. بووە شیعر
ئەمڕۆ لای من.. نامەیەک چوو
سبەی لای تۆ.. دەبێتە شیعر
نامە، شیعرە!
شیعر، سیحرە!
7
«ئەمڕۆ» «سبەینێ»ی «دوێنێ»یە
هەفتە هەر «حەوت» ڕۆژی پێیە
کێ دەڵێ «شەوی هەشتەم»ی هەفتە، نییە؟
من دڵنیام خۆر ڕووی نایەت سەر دەربێنێ
تا.. شەوی «هەشتەم»ی هەفتەم بۆ نەهێنێ
8
ڕووت و تەنیای
ڕووت و تەنیام
وەرە باخەڵمەوە بنوو
کەی لە «من» جیای
کەی لە «تۆ» جیام
ئەی حەقیقەت!