چەکمەجە

لە کتێبی:
خەونی سەما دژەکان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  681 بینین
کە تۆم لابووی، ئاسمان قوببەیەکی شینی
ئاواڵا بوو
خۆر دەرگا بوو..
کرایەوە و چوومە ناوەند جیهانێکی ئەفسانەیی:
شەقام دەڕوێ، گوڵ دەفڕێ، درەختی جوانی پەمەیی
قۆڵیان دەکرد بە قۆڵمدا، وەک ئاشنای شیعرەکانم
یەکێک دەیوت:
بە یارمەتی، ئیمزایەکتم دەوێ لەسەر لقەکانم.
یەکێک دەیوت:
لە ژێر سێبەرما دانیشە، تۆی گەواڵە شیعری
گەشی بەهارم.
ئەوی تریان، ڕەگێکی خۆی دەردەهێنا
دەیوت:
بیبە، ئەمەیە ئەدرێسی پۆستە و جێ و مەکانم
لەپڕ ماڵئاواییت کرد و کە ڕۆیشتی
فڕێیان دامەوە زەوی.
بینیم ئاسمان، دیوارێکی قەترانییە و ئەستێرەکان
دەسکی چەکمەجەی هەنسکی.
بۆ خەوی دیدار دەگەڕام
هەرکامیان ڕادەکێشا
دڵێکی تیابوو.. دەئێشا.