بەنۆرە

لە کتێبی:
پەلکەزێڕینەش نامۆ مەکەن
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  711 بینین
سام: دێوێکی مەڕنەمووکە
مەرگ: درنجە، قەبە و زل و ڕەوشت سووکە
ئەوەی کە لە ناویان دەبا و لێی دەتۆقێن
کیژۆڵەیەکی خوێندکاری، شارە جوانەکەی کەرکووکە.
***
کە ڕادەکەی
کۆڵانەکان، دەرناچێ!
دەرگاکانیان، ئاواڵا نین!
دەتەوێ وەکو مەل بفڕی و
وەکو تیشکیش بنیشییەوە
داستانەکەت
بۆ هاوڕێیان بگێڕییەوە.
بەڵام لاقت شکاوە و باڵەکانیشت دەقرتێن
وەلێ هێشتا تۆ نابەزی و
شەقامەکان.. دەبەزێن
تۆ نابەزی و ئێستگە و ڕۆژنامە و گۆڤار و
هەواڵەکان.. دەبەزێن
تۆ نابەزی و وەکو تیشکێکی خوێناوی
گیانت دەفڕێ و هاوڕێکانت چاوەڕێن
کۆڵانەکان، دەربچن و
دەرگاکانیان ئاواڵا بن
***
ئەی هاوڕێی خۆنیشاندەرم
خەمت نەبێ
نیشتمانەکەت، وەجاخکوێر نییە،
ئەم چیایانەی کوردستان
پڵنگی وەک تۆیان زۆرە
گشت ئامادەن، یەک لە دوای یەک
بە نۆرە.
ببن بە تیشک بۆ کاروانی
ئەم خۆرە.