وادەکەی حەمە و دایکی

لە کتێبی:
پەلکەزێڕینەش نامۆ مەکەن
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 2 خولەک  741 بینین
1
لاواندنەوەی دایکی حەمە
دوای شەهیدبوونی باوکەکەت
تۆ هاودەمی تەنیاییم بووی
تۆ تەسەلای دنیاییم بووی
تۆ حەمەکەی منی کۆستکەوتەی داییم بووی
ڕۆڵە لەم خاکە شیرینە - کاول بووە
بۆ دڵم، ئاوەدانی بووی
بۆ گیانم، مێرگ و کانی بووی.
لەبەر خۆفی خوا نەبووایە
کتێب و دەفتەرەکانتم،
لە بەرگی سەوز هەڵدەکێشا
قەڵەمەکەتم دەکردە،
داردەستەکەی دەستی مووسا
لەپڕ
کاتێک بە خۆم زانی
هاوڕێکەت هات بەپەنهانی
وتی: ئەوە کتێب و دەفتەری
حەمە چاوڕەشەکەی تۆیە
نامەیەکی بۆ نووسیوی لە بەرگی ئەم کتێبەیان
ئەمڕۆ هاتن، بەزۆر بردیان
ئەوەی شیا و نەشیا، کردیان
ئای حەمە گیان
چۆن بەساغی دەستگیر کرای؟!
ئای حەمە گیان
2
نامەی بەرگی کتێبەکەی حەمە بۆ دایکی
لۆمەم مەکە دایە گیان
چاوم لێیە دڕندەکان، لە بەردەرگان
قوتابخانەکە گیراوە
لەوە دەچێ
منیان بوێ
خەمت نەبێ
ئەو حەبەی بۆ، خۆکوشتنم داناوە
وا-لە دەستما و زۆر لەسەرخۆم
من هەر لەسەر وادەکەی خۆم
بەساغی دەستگیر ناکرێم
هەر کە زانیم منیان دەوێ
خێرا دەیخۆم
با هاوڕێکانم هەڵنەیەن، بەردەوام بن
لۆمەم مەکە دایەگیان
دەتسپێرم بە خەباتی بەردەوامی
کرێکاران.