گۆرانیی شەقامێکی ترسناک

لە کتێبی:
پەلکەزێڕینەش نامۆ مەکەن
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 2 خولەک  623 بینین
دەمەو ئێوارە
خۆتان دەکەن بە شارا
سەر دەکەن بە هەموو ماڵە هەژارەکانا
زەردەخەنە دەچێنن
چاوی نازداران دەڕێژن
لایلایە بۆ ساوا برسییەکان دەکەن
لەگەڵ کرێکاران.. سبەینان دەچنە کار
گۆرانی خۆشیان بۆ دەڵێن
یاساوڵان،
گوێیان لە دەنگتان دەبێ
دەتانگرن
دەتانکەن بە پەتا
دەمەوئێوارە خۆ دەکەنەوە بە شارا
سەردەکەنەوە بە هەموو ماڵە هەژارەکانا
***
گوێم لە گۆرانییە خۆشەکەتە
هەردوو باڵم بۆ کردوویتەوە
ئەی ئاشنا
بپەڕێرەوە باوەشم
ئەم شەقامی ترس و مەرگە ببڕە
بێ ئۆقرەم
بۆت داگیرساوم
ئەم تاریکی شەوەزەنگە ببڕە
لەمێژەوە نازدارێکی ئاشنا
ئەم شەقامەی نەبڕیوە
لەمێژەوە ئەم شەقامە
هەنگاوی پێغەمبەرێکی نەدیوە.
***
لەودیو شیشی ئاسنینی وێستگەی ئەم شەقامەوە
گوێم لە گۆرانییە خۆشەکەتە
تیشکی هیوا
پەپوولەی سەر گۆناتە
کۆت بشکێنە و بچریکێنە
لەمێژەوە چەقۆی یەئس
جەرگی هەڵمەتی چنیوە
ئەم شەقامە گۆرانی لێ بزر بووە
مەدارەکەی هەر فرمێسک و خوێنە
بچریکێنە
لەمێژەوە ئەم شەقامە
قاسپەی کەوێکی دەنگخۆشی
بە خۆیەوە نەبیستووە و نەدیوە
***
تۆ گۆرانی خۆت بڵێ و خەمی شیعرەکانم مەخۆ
خۆیان پێ دەگرن و دەپەڕنەوە لای چاوانت
ترسناکیی شەقام و نەڕەی تیژی جەللادان
دەبنە دەست و دەچنە بینیان
بەڵام هەر دەپەڕنەوە
ئۆتۆمبیلی نایابی «پۆلیسی پیاوباشان» دەیانشێلن
بەڵام هەر دەپەڕنەوە و دەگەنە فەنەری چاوانت
هەر لەوانەی لە حەقیقەت دەگەن
دەنگیان تێکەڵ دەنگت دەبێ و سروود دەڵێن
دەبێ بیڵێن
لەمێژەوە ئەم هەرێمە سروودێکی بەرگری نەبیستووە
ئەم هەرێمە ئەستێرەکانی نووستووە
لەمێژەوە پێغەمبەرێک:
گۆرانیی بۆ کۆترەکانی ئەم هەرێمە نەوتووە
ئەم شەقامی ترس و مەرگە ببڕن
دوای هەموو هەڵواسینێک
خۆبکەنەوە بە شارا
سەربکەنەوە بە هەموو ماڵە هەژارەکانا.