ببن بە تیشک

لە کتێبی:
پەلکەزێڕینەش نامۆ مەکەن
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 2 خولەک  1073 بینین
-لەم دیو دیواری مەرگەوە-
ڕۆڵە
تۆ نەمامێکی گوڵ دەگری
ئاگادار بە
نەمام هەیە نووکی نێزەی لێ دەبەسترێ
بەڵام نەکەی لێی بترسی.
ڕۆڵە
چاوەکانم دەردەهێنن
گوێزان دەخەنە ناو گەرووم
مەترسە تیشک نافەوتێ
دەنگ ناخنکێ
ئەوەتا من،
بێدەنگ نەبووم.
***
-لەو دیو دیواری مەرگەوە-
ڕاستە گیانە تیشک نافەوتێ
بەڵام لێرە،
دەنگ دەخنکێ
لە ئاسیای سوور
هێشتا شەوە
شەو برژانگ دەبێتە ڕەوەیەک ئەسپی سەرکێش و
بیلبیلەکان،
دەفڕێنن
بۆ وڵاتی خەنەبەندان.
ئێستا لێرە دڵدارەکان
بوون بە تیشک تا نەفەوتێن
تەنیا بەچاو سروود دەڵێن.
***
-دیوار ڕووخا-
ببن بەتیشک بۆ ئاسیای سوور
خۆشم دەوێن و شەو دەرنگە
شەوەزەنگە
گوێزان تیایدا باڵدەگرێ و
گەردنی نەونەمامە گوڵگرتووەکان دەبڕێتەوە و
گوڵ دەس...
وس س س
کەس دەنگ نەکا
خوای ڕەش و شەیتانی سپی
پێکەوە مەقامێک دەڵێن:
-«سورمێ» لە «خورشید» دابڕن
بیدەنە ئەمیر لاوێ دەورەتی
لە ئەمیر لاوێ دەورەتی گەڕێن
باسورمێ لۆ -وی-بێ و
خورشیدی چاو بە خار کۆستی کەوتبێ و
جەرگی سۆتبێ.
+ دەنگی خورشید:
لە چیای «هێستوون» چ کاکێ؟
دەڕواتە دووی وراغەکەی خاتوو سورمێ
تا هوشیار بێ و هەڵنەدێرێ؟؟؟
- دەنگی خەج:
لەسەر چیای «سیپان»ێ چ خاتوونێ؟
کەزییەکانی خۆی دەبڕێ و
دەیخاتە سەر کەزییەی خەجێ
تا سیامەند ڕزگار ببێ؟؟؟
***
ئەی خۆشەویستی بێ سنوور
لە ئاسیای سوور
دڵدارانی کاروانەهای وەنەوشەیی
بۆ وڵاتی خەنەبەندان
دەبن بە تیشکی سپی
هێشتا شەوە و گوێزان تیایدا باڵدەگرێ و
گەردنی نەونەمامە گوڵگرتووەکان دەبڕێتەوە و...
وس س س س
تەماشا بکە:
دەنگێک، دوو دەنگ، پێنج دەنگ، دەنگێکی تر
شەش دەنگ، سێ دەنگ = سیانی تر
- سیانی تر
- سیانی تر
پەتی سێدارە تەسبیحە و
دەنک سەری جوانەمەرگە.
***
دوایین ڕاپۆرتی نهێنی لە - توب عەدلی-یەوە:
بەڕێزەکان... بەڕێزەکان
لە کردنەوەی چەکمەجەی فرێزەرەکان.
زۆر دەترسین
زۆر دەترسین
هەرکامێکیان ڕادەکێشین
گوێمان لە دەنگی سروودی
ئینتەرناسیۆنالی دەبێ