شووشە خان

لە کتێبی:
پەلکەزێڕینەش نامۆ مەکەن
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 3 خولەک  746 بینین
پێشکێشە بەو ماسییانەی فێری چەمی کوێستانن و بەرەو دەریای لمیان دەبەن.
پێشکێشە بەو خاتوونەی ماسی هەموو حەزەکانمی لە چاوانیدا گلدایەوە و خۆشەویستی ئەو بۆ ژیانم بووە شووشەیەک ئیسپرتۆ: هەرچەندێکی لێ دەخۆمەوە، نە من پڕ دەبم و نە ئەو بەتاڵ دەبێ.
خۆشەویستیت:
دەریایەکە و
ئەو ماسییانەم خۆش دەوێن
کەوا لە بناریا
دەژین.
خۆشەویستیت: ڕووبارێکە و
ئەو پاسارییانەم خۆش دەوێن
کەوا لە کەناریا
دەژین.
خۆشەویستیت:
کانییەکی ئیسپرتۆیە و
منیش سنەوبەرێکی گڕ
پێم گرتووە و بەرەو ڕووت دێم
شووشەخان تۆیش
وەکو نازێ
بڕژێ بەسەر گیانی ئۆقرە لێ بڕاوما.
شووشەخان تۆیش
وەکو ژانێ
مەتکێ بەناو ناخی بەحەز ئاخنراوما.
«دەنگ:
شووشە خۆشەویستییە
خۆشەویستی ئیسپرتۆیە
ئیسپرتۆ ماسییە و
ماسی خەمە و
بەرەو دەریای لمی دەبەن»
خەم پێ دەگرێ
وەکو ساوای دڵ بێ کینە
خەم پێ دەگرێ
لەبەر تاڤگەی
پڕ لەژانی چاوەکانما
وڕک دەگرێ:
- بابە گیان بمبە لەگەڵ خۆت
- کچە شیرینەکەم مەیە
ڕوحە شیرینەکەم مەیە
خێڵی کوێستان بەرەو خوارە و
ئەم ڕێگایە
پڕ لە ژان و ئەندێشەیە
باوانەکەی بابە، مەیە.
- بابە گیان چۆن جێم دەهێڵی!
خۆ من لە گورگیش ناترسم
ئەی بۆ نامبەی؟!
بابە گیان بمکەرە کۆڵت.
- باشە گیانە شیرینەکەم دەتگرمە کۆڵ
وەکو خەمی هەموو دنیام گرتووەتە کۆڵ
دەتگرمە کۆڵ
بەڵام باوان:
توند دەست بگرە بەسەرمەوە
هەتا کاتێک کە تیغ سەری لێ کردمەوە
تۆپی سەرم
لە باوەشی نەرمتا بێ
نەک تۆڕی دۆڕاندنی خەڵک.
«دەنگ:
کۆچی کاروان: کۆچی خێرە
بەڵام هەوار سەرەوژێرە»
- بابە گیان خێڵ بەرەو خوارە
بەڵام من حەز لە بەفری سەرچیا دەکەم!
- ڕۆڵە نەموت: هەوارە و خێڵ بەرەو خوارە؟
نەموت؟ نەموت؟
- بابە خۆ تۆ بابەی خۆمی
بۆ زیز دەبی و دەمڕەنجێنی؟!
خۆ تۆ لای خۆت خۆشتویستم
دەسرازەکەمت کردەوە!
- باوانەکەم «سەرمایە»م تۆی
دڵم پڕە
دەنا گشت کات خۆشم دەوێی
کچە جوان و شیرینەکەم
تۆ ڕووبارێکی ئیسپرتۆی
زامەکانم لە چاوتا
وەک گوڵەمێخەکی تینوو مەلە دەکەن
بەڵام چی بکەم
من بە تەنیا چیم لەدەست دێ
ئەم دڵەی من کۆترێکی لانەوازە
دڵدارە بۆ گێتی تازە
- بابە گەرچی پەنجەکانم نەرم و وردن
بەڵام دڵنیام کە بەرگەی
قوڵپی خوێنی سەرت دەگرن.
«دەنگ:
دووانن.. دووانن
هاتوون.. بەدوای خەمدا وێڵن
غەریبی خۆیان دەکێڵن»
- بابە گیان تۆ گوێت لە دەنگە؟
- بەڵێ ڕۆڵەکەم
ئەم جیهانە سنەوبەری گڕی زۆرە
پەیتا پەیتا وەک من و تۆ
هەنگاو دەنێن
بەرەو کانیاوی ئیسپرتۆ.
- بابە گیان ئەی بۆ دەیانوت:
کاربۆن زیندەی لێ پێکنایە؟!
- نا.. کەسەکەم
فیزیای خۆشەویستی جیایە:
ئاو لە کاربۆن دەزێتەوە
کاربۆن زیندوو دەبێتەوە
ئەوسا دەبینی
«بێدەنگی» زەڕەیەک «سرووە»
ناسڕێ
ئەوسا دەزانی
کە «تەور» نە «ئاگر» و نە «ئاو»
نابڕێ
بەڵام هەتا ئەودەمە دێ
توند دەست بگرە بەسەرمەوە
هەتا کاتێک کە تیغ سەری لێ کردمەوە
تۆپی سەرم لە باوەشی نەرمتا بێ
نەک تۆڕی دۆڕاندنی خەڵک