سەنگەری سێ: دووەمە

لە کتێبی:
پەلکەزێڕینەش نامۆ مەکەن
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 7 خولەک  796 بینین
بۆ مرۆڤ
بۆ خاک
بۆ ئەو سروشتەی
هەموو جوانییەک تیایدا پێشێلی ستەمە
ئەمە گۆرانییەکەمە
1
ئەوی خەم نەکڕێ
دەیفرۆشێ و بنکەی هەیە
ئەوی نەیفرۆشێ
دەیکڕێ و بنکەی هەیە
هەرچی ویستی
ناونیشانەکەم بزانێ و
بنکەم کوێیە؟
من بۆشایی
نێوانی دەستی کڕیار و فرۆشەرم
من تارمایی
نێوان بنکەی هەردوو بەرم
بە هەر دوو حاڵ
چ کڕین بێ و چ فرۆشتن
گومرگ دێتە سەرشانی من
2
بێ باکانە:
تەنکی و ئەستووری کتێبیان
دابوو لە دار
وەک جگەرە
کڵپەی ئاوێستا و زەردەشتیان
خستبووە زار
ئاواتەکانی مرۆڤی ئەم خاکەیان
نابووە ناو
هەیت و هووتێکی بێشومار
هەرچی هەبوو
هەرچی نەبوو
بە مەکینە قیمەکێشە تەورداسە کەڵبەکانیان
دادەکرۆژ
لە وشەی باق و بریقدا
پەنجەرەی دڵی خەڵکیان
دەبرد بۆ ڕۆژ
خەو ئاسان بوو
خەو نوقوڵ بوو
تێر مژییان
وتار خەو بوو
چیڕۆک خەو بوو
شیعر خەو بوو
خەو بنشێت بوو
تێر تێر جوویان
بیجوون.. بیجوون
هەتا لە بواری «مارت»دا
درۆی یەکی «نیسان»
دەرچوون
3
دەنگدارەکان
هەرچی شتێک
کە فەرمووتان
شاعیرەکان
هەرچی شیعرێک
کە داتان-نا-
جڕت نازانم، نا
دەنا
4
بۆرژوواکان، دانی پیانێن
هەرچی هەستێک لە خەوەکان
پەیدا بووە
زۆڵ دەرچووە
لە باوێشکدا
وڵاخ و سوار
بزر بووە
دانی پیانێن
ناڵەی زام و
گرمەی فەرمان
یەک ئاوازی وەرگرتووە
5
ئەی کوردستان
هەرچی شیعرێکیان وت بۆ تۆ
دەمدا بە خەپلەیەکی جۆ
بۆ منداڵێکی ڕاکردووی
برسی و ڕووتی
گردەکەی ئەوبەر بەکرەجۆ
...... بە هیچ نەچوو
کام شیعرەیان
پڕ بوو لەوشەی،
بارووت و خوێن و ئاگر
دەمدا بە تەنیا یەک چادر
بۆ خێزانێکی هەڵهاتووی
ژێر تۆف و باران و تەرزەی:
گەورەی «قادیر»
........ بە هیچ نەچوو
هەرچییەکیان
هۆنییەوە:
بۆ ئەیلوول و بابەگوڕگوڕ و حوزەیران
دەمدا بە تۆزقاڵێک ویژدان
بۆ دڵی ئەو ئاغایانەی
نۆتەی کەرکووک و شەنگاریان
نایە گیرفان
......... بە هیچ نەچوو
هەرچی هەواڵێکیان زانی و
کردیانە مۆدێلی ئان-ی
بۆ ئاراگۆن و دەروێش و نازم حیکمەت و کەنەفانی
دەمدا بە تۆزێک هەرزانی
لای بازرگانە مل حیزە پۆشتەکانی سلێمانی
..... بە هیچ نەچوو
6
دەڵێن
ساڵ چوار وەزری جۆربەجۆرە
تەمەنمان ساڵەهایە و هێشتا
لە هیچیاندا.. نەژیاوین
شۆڕشگێڕەکانی «بەڕوو»
کەڵەشێرەکانی «گەروو»
پیاوە باشە «کتێبییەکان»
دەزانن بۆ ڕیسەکەتان خوری دەرچوو
چونکە «پل»تان «تەشی»ی نەبوو
7
لانەوازێک لەسەر پردەکەی بەغدا
دەگریا و دەگریا:
بۆ ئەو ئاوەی ناتوانێ مەلەی تیادا بکا
ئاوەکەش دەگریا
بۆ ئەو لانەوازەی ناتوانێ لێی بخواتەوە
پردەکەش،
گاڵتەی بە گریانی هەردووکیان دەکرد
لە خاکی خۆمدام و لە شاری خۆمدام
لە گەڕەک و ماڵی خۆمدام
لە ناو کەسوکاری خۆمدام
هێشتا
غەریب خۆم دەبینم
هێشتا
لانەوازی دەستی ناوەتە بینم
8
کتێبی
هەموو زەردەخەنەکانتم خوێندەوە و
گریام
دەفتەری
گریانەکانم بخوێننەوە و
تۆزێک پێ بکەنن
فەرموون لە خەوی زڕاوی سبەیناندا
مەلە بکەن
فەرموون لە مەرگی ناکامی هەژاراندا
مەلە بکەن
فەرموون لە زیڕەی ناکاوی ساوایاندا
مەلە بکەن
فەرموون لە سینەی خوێناوی دەستگیراندا
مەلە بکەن
من ئەلف و بێی
هەموو زامەکانتم لەبەرکرد و
خوێندەواریم بیر چووەوە
فەرموون
بە فوارەی خوێنی خۆشەویستان
وسڵ دەرکەن
فەرموون
تیپی برینی منداڵانمان
بکوژێننەوە
فەرموون
نووکی ئووچەکانتان،
بە تەڕاییی چاوی نازداران
تەڕ بکەن
فەرموون
سووتووی خانووەکانی قەڵادزە و
گۆشتی سووتاو، بۆ خوانی ئاغاکان
سەرخەن
9
ئاغاکان
لە چادرەکانی خۆیاندا
لە هەموو سەگە هەوشارەکان
دڕترن
لەودیو چادرەکانیشەوە
ڕێوییەک ڕاویان دەکا
فەرموون.. فەرموون
لە بڕاندنەوەی ئادەمیزادی ئەم خاکەدا
پەلە بکەن
گیانی خەڵکی
وەک لایتی
دەستی خوێڕی
بکوژێننەوە
10
هەموو تراس فۆرمەنەکان
هێندەی دڵی ئێمە کارەبایان تیادا نییە
لە تاریکستاندا دەژین!!!
ژانەکانم
دێنە سەر ژان
لێو دەنێن بە گیانمەوە و دەمخۆنەوە
خەمەکانم
دێنە سەر خەم
دەم دەنێن بە ناخمەوە و دەمخۆنەوە
لە ڕۆژێکدا:
هەزار جار، دەمرم و
هەزار و یەک جار، زیندوو دەبمەوە
تا ئەنجامی هاوکێشەکەم،
زیندووبوونەوە بێ
من بۆ ژیان دەترسم، نەک لە مەرگ
خۆشەویستان
ترسەکانم لە مەرگ نییە و بۆ ژیانە
وەلێ، تاکە دەستگیرانێکی
لێم نزیک و
تیامدا خەوتوو
تەنیا ژانە
11
چاوانی دەستگیرانەکەمیان کرد،
بە دوو فیشەک
وام زانی دەینێن بە..
کەچی نایان
بە هەر دوو چاوی خۆمەوە
غەریبی،
زیندە سەگێکە
دڵم دەخوا و دەری ناکەم
دڵم،
پلێ گۆشتە
جگەرم دەخوا و لۆمەی ناکەم
جگەرم،
گەنجینەی خڕۆکەی خوێنی خۆمە و
دزیم لێ دەکا
لەوسەرەوە
کە دێمەوە
پەنا بۆ سەگ دەبەمەوە
برینم دەلێسمەوە
12
چ عەنتەرێک
وتی: شاعیر دەبێ تەنیا پێبکەنێ؟
چ فەیلەسووفێکی دنیا
نەخشەی بۆ دڵی من دانا؟
چ پسپۆڕ و ڕەخنەگرێک
وتی و وتی:.... دەبێ... وابێ
بابێ
لە ئەندێشە و ژانی
ئەم شاعیرە «بەڕەڵا»یە
ساتێ
بنوێ!
کە بە هۆشیاری ناتوانێ و
بەرگە ناگرێ
بابێ
تەنیا ساتێک بنوێ
هیچم ناوێ
ئەگەر ناوی خۆی پێ نووسرا
با ڕەجمم کا!
13
کوێرەکانی ئەم وڵاتە
ڕێیان نیشانی چاوساغ دا
ئەمانیشیان، نابینا کرد
لە کاتێکدا
دەمی تەور، شیعر دەنووسێ
لە ساتێکدا:
ژان لە تاو ژان، دەنگی دەنووسێ
کلیلی کابە دەدرێتە
دەست مەجووسێ
14
چیم لێ دەکەن
بەدوای مەرگی خۆمدا وێڵم
خەمەکانم
چەقۆیان گرت و لە چاوی خۆم
هەڵچەقین
زامەکانم
خەنجەریان گرت و لە دڵی خۆم
هەڵچەقین
«حەسەن، نەریمان، ئازاد،
لەیلا و جەواد»
پێنج گوڵەکەی شەوی ئایار
کە ئینجانە بێ بنەکەی شاری بەغدا
نیشانی دان
بوونە خۆراکی
دڵسۆزی و پاکی و نەفامێتی خۆیان
ئەی دایکانی پێنج گوڵەکەم
خەفەت مەخۆن
شاعیرە زرتەبۆزەکان
بۆتان دەکەن
بە کەرەسەی شیعرەکانیان!
15
سوڵتانی کێڵگەی ئەم خاکە
حەزی لە زمانە بچکۆلەکەی پاسارییە
خەڵکانی وڵاتەکەم، پاساری بوون
بەرەو کێڵگەی سوڵتان دەچوون
بوومە داهۆڵ تا ڕاویان نێم
بەرەو ئاسمانی فراوان
کەچی ئەنجام
لە بێستانەکەی سوڵتاندا هەر نیشتنەوە
خۆزگە پاساری دەیزانی، بە نانەوە
ڕۆژێک زمانی دەچێتە فەخفوورییەکەی
سوڵتانەوە
16
ئەسرینەکانم
نووسینەکانی بەردەستیان
کاڵ کردمەوە
خەمەکانیان، تۆخ کردمەوە
بۆنی گەردنی
هەموو جوانە خوێن گەرمەکانی،
لە ناو دڵدا خۆشەویستم
بەگرێی ئەڵقەدراوی گوریسەکاندا
هەڵواسرا
عەتری هەناسەی
هەموو ئەو مرۆڤانەی
پیرۆزییان دەپەرستم
لە داوی شەتەکدراوی سێدارەکان
بەجێ ما
17
مەداری «هاتوچۆ»کانی من و زەوی
ڕێکوپێکە
زەوی بە دەوری خۆردایە
بەدەوری منیش دا.. پێکە
زەوی بە خوێن سەرخۆش نابێ
منیش بەمەی سەرخۆش نابم
کە ئەو بیست و چواری نیسان
سەرخۆش نەبێ
من بە قوربانییەکانی دەوری ئایار
سەرخۆش نابم
نێزەکانتان
لە گلێنەی چاوانمان
بچەقێنن
نێزەبەدەستانی ئاغا
شتێک هەیە با بیزانین:
ئەو چاوانەی دەرتان هێنان
بۆ کڵوڵیتان دەگریان!
18
نازدارەکان
خۆ بگۆڕن و شایی بکەن
خەنە بەندانە دەستوپێ
لە «هەڵەبجە» خەناوی بکەن
سەرچۆپی کێشی ئەمجارەی
«دووەم» جارە
قوتابییە خوێن گەرمەکانن
لە قوتابخانەکەی «تیجارە»
19
نەشمیلەکەم
فرسەتی گریانت نەبوو
چاو لێک بنێ و تێر تێر بنوو
لۆمەم مەکە، کە لە دوای تۆ
بەکوڵ دەگریم
تەڵەزمی ئەو نارنجۆکەی
لە سنگتا دیم
ناسیمەوە
هی کارگەیەک بوو دانرا
بووکەشووشەت بۆ دروست بکا!
20
لە جیابوونەوەی ڕووباردا
ئەنجام دروستبوونی «خەتە»
خاک ئەم دەمژێ و ئەم خاک دەمژێ
بۆ «بێ وڵەتی» ئەنجامەکەی «هەتا ئێرە»
تەنیا سەرکەوتنی «پەتە»
پۆلیس: پۆلیس
دۆنکی: دۆنکی
سەرداب: سەرداب
پەت هەر پەتە
لە تاو «کەتە»
لەم خاکەدا
گڕوگاڵیش هەر سەقەتە
سەقەت سەقەتە