دوو نامەی تێکەڵاو بۆ دەستگیرانەکەم و دیمترۆف

لە کتێبی:
پەلکەزێڕینەش نامۆ مەکەن
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 2 خولەک  734 بینین
ئەی خۆشەویست:
من کوشتەی ڕەنگی چاوتم
من شەیدای جوانیی ناوتم
خۆشم دەوێی
حەزم لێتە
مەڵێ دڵدارەکەم
شێتە
ئاگادار بە:
هاتوون ڕەنگی چاوت بدزن
هاتوون دەنگی ناوت بدزن
هاتوون هەناسەت دەبژێرن
نامەکانت
وێنەکانت
دیارییەکانت
گشت دەبژێرن
دەیانەوێ.
لە دارمان دەن
ئازارمان دەن
هەڵمان واسن
هاتوون
بۆ دێراوی مێشکمان
بیدەنە بەر شفرەی بەراز
لەجێی گاسن
هاتوون
نەخشەی خۆشەویستی
بە دیواری ئاغاکاندا
هەڵبواسن
***
هاتوون
بە ناوی تۆ ویستنەوە
بە ناوی تۆ خواستنەوە
بمدەن لە دار
کە گوایە من
منی دڵدار
کەسێکم
شێت و تاوانبار
حەزم لە چاوت کردووە
حەزم لە ناوت کردووە
بێ پسووڵەم
بۆ لای قازی و پاپا نەچووم
پسووڵەم وەرنەگرتووە
دەڵێن:
تۆ بێ ئەمری سەردار
چۆن سەربەخۆ.. بووی بە دڵدار؟!
بەڵام ئەی جوان
من بە ئەمری، ئازاری شار
من بە ئەمری، ملیۆنەها
زامی ڕزیوی بێ تیمار
بووم بە دڵدار
بە بەگ بڵێن
دڵدارێکی بەرەڵا نیم
ئەو ناماقووڵی کردووە
دڵدارێکم، ناسنامەی خۆم
لە تەرمی هەموو شۆستەکان
وەرگرتووە
دڵدارێکم، پسووڵەی خۆم
لە منداڵی شەهیدەکان
وەرگرتووە
دڵدارێکم، فەرمانی خۆم
لە مرۆ.. ئێسکینەکانی ناو کارگەکان
وەرگرتووە
من بە ئەمری،
کۆستکەوتووەکانی
دێهات و شار
بووم بە دڵدار
من بە ئەمری،
لێوە شەقارە وشکەکان
دەمە کراوە برسییەکان
من بە ئەمری،
لانەوازی ئەمڕۆی ئینسان
بوومە دڵداری تۆ
ئەی جوان
***
دەست بۆ پەتی سێدارەکان
درێژ مەکەن
من بە کوشتن ناترسێنن
نامبەزێنن
من لەم ژینەم هەراسانم
بۆ گۆڕینی ئەم ژیانە
بۆ چاری ئەم گوزەرانە
پەتی سێدارە ئاسانە
مردن
هەر زۆر زۆر
هەرزانە
***
ئەی خۆشەویست
بەرگی کوردیم بۆ هێناوی
بە کوێرایی چاوی ئاغا و
بەگ و
سەردار
بە کوێرایی جنسی کەمتیار
وەرە بە ڕەختە و چەکەوە
لە تەکمەوە
لە سەنگەرێکدا
بسرەوە
وەلێ، هەرگیز بیرت نەچێ
لەوبەر سەنگەرەکانەوەن
لێرەن هاتوون
بۆ دزینی:
ڕەنگ و دەنگی
چاو و ناومان
بەڵام نا، پێمان ناوێرن
ڕەنگە هەرچییەکمان هەیە بیبژێرن
ڕەنگە بتوانن بوێرن
بەڵام هەرگیز بۆیان ناکرێ
وزەی فیشەکمان ببژێرن
دڵداریمان لێ بگۆڕن.