شەقامەکە

لە کتێبی:
پەلکەزێڕینەش نامۆ مەکەن
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  633 بینین
بۆ ئەو منداڵەی پۆلیسەکانی گومرگ لە ناو بازاڕی سلێمانیدا کوشتیان
شەقامی ناو بازاڕەکە
جەنجاڵ بوو وەک:
سەری کوژەرێک پێش تاوان.
نۆ - ساڵێکی لاق باریکی دەنگ کز، تیایدا
کەوتبووە پاکەت فرۆشتن
ورد و لووت باریک و شەرمن
ناسیاوێکی ببینییایە،
درەختەکانی کەناری دەکردە حەشارگە و پایە
زۆری نەبرد
جەنجاڵی ناو شەقامەکە و درەختەکانیش ڕایان کرد
نەیزانی چۆن گومرگییەکان مەچەکیان گرت!
ترسی
گرتنەکە - گەستی
داچڵەکی و باڵەکانی دایە دەست - با
بەڵام دەستڕێژی پشتییەوە
لەسەر سنگی شەقام خستی.
تا گیانی زیاتر ڕۆدەچوو
شەقامەکە لە بەرچاوی پانتر دەبوو
هێندە پان و فراوان بوو
لەپێش دوایین هەناسەیدا
شۆستەکانی لێ بزر بوو
گومرگییەکان
تەرمەکەیان بەجێ هێشت و شەقامەکەش وەکو جاران
گەڕایەوە و بووە سەری کوژەرەکەی پێشی تاوان
بەڵام خەڵکی
کاتێک پاکەتیان دەکڕی و هەڵدەپچڕی
لە جێی بیست جگەرەی سپی
بیست شەریانی
دەم بە قوڵپی خوێنیان دەدی