عەجوول

لە کتێبی:
سەمای نێرگز
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  553 بینین
ئای حەمە گیان چەند عەجوولی!
زۆر لەپڕدا... لێم بزر بووی
لە گوندێکدا پێکگەیشتین
دەنگت وەک دەنگی دڕینی
ڕۆژنامەیەکی نهێنی..
هاتە گوێم و وتت: ڕۆژباش
ڕوانیمە چاوەکانت.. دوو کانیی خوێن بوون
لە ئاستی خۆ هەڵدەقوڵین و
تێکەڵ سپێنەت نەدەبوون.
کە باوەشم پێدا کردی
ماچەکانت تامی بەفری کوێستانیان دا
وەک دوو سیمی قرتێنراو
پاڵکەوتین و خەومان لێکەوت
بۆ سبەی خەبەرم بووەوە
گوندەکە کۆچی کردبوو.. هەروەها تۆیش
سمۆرەیەکی لاوازی دار لێسەندراو وتی:
- ئەی شاعیرە ڕێبوارەکە
ئەم بەیانییە حەمەی هاوڕێت
تفەنگەکەی کردە شانی
تاقمی تەراش و کتێب و نیشتمانەکەی
خستە بن باڵ و
بە قەندیلدا.. هەڵگەڕا
ئای حەمەکە.. چەند عەجوولی!
بۆ دەبێ من هەتاکو هەم
هەر خەمی تۆم لەشاندا بێ؟!