ژوورەکە

لە کتێبی:
سەمای نێرگز
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  633 بینین
هاوسەرەکەی خەریکی دەرزی و دەزوو بوو
-چاوەکانم کزبوون- دەزووەکەم بۆ پێوە ناکرێ
-نا.. گیانەکەم، ژوورەکە تاریکە دەنا
چاوەکانت هەر جوان و
گەش و
ڕووناکن.
دەرگایان ئاوەڵا کرد و هاتنە ژوورێ
قۆڵبەستیان کرد و بردییان
خۆیان پرسیار و وەڵام بوون
فەرمانیان دا.. بخنکێنرێ
پێش هەڵواسین داوای کرد هاوسەرەکەی بێ:
- گیانە دەزووەکەت بۆ پێوە کرا؟
- بەڵێ گیانە.
- دڵنیابووی لەوەی چاوەکانت کز نین و
ژوورەکەمان تاریک بوو؟
- بەڵێ گیانە.
گەشایەوە
ڕووی کردە گاردەکەیی و وتی
-چاوپێکەوتنەکەمان تەواو
کارم نەما
فەرموو بمبەن.