من و تۆ

لە کتێبی:
سەمای نێرگز
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  812 بینین
لە کاتێکدا بۆ یەکتری پێ دەکەنین
لەمسەر گێتی.. منداڵێک دادەنەوێ
پارچە شووشەیەک لە ڕێی ڕێبوارەکان لادەدا.
لەوسەر گێتی.. پیاوێک دادەنەوێ
بەردێک هەڵدەگرێ.. دەیگرێتە کۆترێک.
لە کاتێکدا یەکتری دەگرینە باوەش
لەملا... منداڵێک کتێبەکانی وەردەگرێ و بەرەو قوتابخانە دەچێ
لەولا.. دزێک چەکەکەی هەڵدەگرێ و بۆ بڕینی ماڵێک دەچێ
بیر لەوە بکەوە من و تۆ
لە چ سەردەمێکدا یەکتریمان خۆشدەوێ.