ئەمشەو لە غەمی تۆ دڵەکەم زار و زەبوونە

بۆ عەلی کەمال
لە کتێبی:
دیوانی ئەحمەد موختار جاف
بەرهەمی:
ئەحمەد موختار جاف (1896-1935)
 1 خولەک  682 بینین
ئەمشەو لە غەمی تۆ دڵەکەم زار و زەبوونە
مەجڕووحە دڵم دیدە کە ئاڵوودە بە خوونە
ئەلفی قەدەکەم ئێستە لەبەر حەسرەتی باڵات
وا خەم بووە گیانا کە ئەڵێی حەڵقەیی نوونە
ئەو تاو و شەرارەی کە ئەڵێن وا لە سەقەردا
عوشرێکە لە میعشاری گڕ و سۆزی دەروونە
هەڵسە وەرە لای عاشقی سەرگەشتەیی وێڵت
سەیری کە، کە چەن شێت و چ سەرخۆش و جنوونە
بنواڕە چ غەڕڕایە «کەماڵی» هەموو شیعرم
عەیبی منی بێچارە بە خوا پارە نەبوونە